پارتە کوردییەکان لە تورکیا چۆن لە پێشهاتەکانی سوریا دەڕوانن؟
2024-12-05 00:05:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
پاش ئەوی گرووپی چەکداری هەیئەت تەحریر ئەلشام هێرشەکانی بۆ سەر حەلەب دەستپێکرد، لە تورکیا دەستبەجێ کوردەکان سەرنجیان چووە سەر ئەو ڕووداوانە. پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان (DEM)، پارتی ماف و ئازادیەکان (هاک پار)، پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) و بەشێک لە پارتە کوردییەکانی دیکە لە لێدوانەکانیاندا تیشکیان خستە سەر بارودۆخی سوریا و داوایان کردووە دەستکەوتەکانی کورد لە سوریا بپارێزرێن. هاوسەرۆکەکانی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و پارتی دەم کاردانەوەیان بەرامبەر بە هێرشەکانی هەیئەت تەحریر ئەلشام و سوپای نیشتمانی سوریا نیشاندا و ئەو هێرشانەیان شەڕمەزار کرد. ئۆزتورک تورکدۆغان یاریدەدەری سەرۆکی گشتی پارتی دەم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، هیچ کەس مافی ئەوەی نییە دەستکەوتەکانی کورد لە ڕۆژئاوا لەناو ببات. گوتیشی "هەیئەت تەحریر ئەلشام ڕێکخراوێکی تێکەڵەو دیار نییه کێی لە پشتە. بەڵام ئەم بزووتنەوەیە دەیەوێت هەوڵ و پێگەی کورد لە سوریا نەهێڵێت. بەڵام با هەمووان بزانن کە کورد هەرگیز ڕێگە بەم کارانەی و سوپای نیشتمانی سوریا نادات." تورکدۆغان هەروەها باسی لە دەستکەوتەکانی کورد کرد و وتی، "کوردەکان بە کارێکی زۆریان کردووە بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافانەی خۆیان، پێویستە ئێستا بوونی گەلی کورد لە سوریا، عێراق، تورکیا و ئێران قبوڵ بکرێت، هەروەها پێویستە ناسنامە و کولتووریان بپارێزرێت، ئەمە چارەسەررە نەک نافەرمانی و قبوڵنەکردنی کورد." هەروەها مستەفا ئۆزچەلیک سەرۆکی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی سوریا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی هێرشەکانی هەیئەت تەحریر ئەلشام "لەمێژە ئامادەکاری بۆ کراوە." دەشڵێت "دیارە هەیئەت تەحریر ئەلشام دوای هەندێک ئامادەکاری گەیشتە ئەم ئاستە. ناتوانین بڵێین ئەمەریکا، تورکیا، ئێران، بەریتانیا و فەرەنسا ئاگاداری ئامادەکاری ئەم هێرشە نین. وەک دەزانین تورکیا لە ئیدلب پاڵپشتییەکی زۆری ئەم گرووپە دەکات، هەروەها لە عەفرین و سەرێکانی و گیرەسپی پاڵپشتی سوپای نیشتمانی سوریا دەکات. پێدەچێت ئەمە دەستی تورکیا لەم ناوچەیەی سوریا و ڕۆژاوا بەهێزتر بکات." لەم خاڵەدا ئۆزچەلیک سەرنجی خستە سەر قسەکانی دەوڵەت باخچەلی و دیدارەکان لەگەڵ ئۆجەلان و گوتی "هەرچەندە هەیئەت تەحریر ئەلشام دەڵێت ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ کورددا نییە، بەڵام هێشتا دۆخی کورد لە حەلەب لە مەترسیدایە". بەڵام لێرەدا گرنگ ئەوەیە کە بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی بۆ ئۆجالان ڕەنگە پەیوەندی بەم ڕووداوانەی حەلەبەوە هەبێت. ئێمە نازانین لە پشت پەردەوە چی ڕوودەدات. تورکیا دەیزانی کە ئەم گرووپە ئەم هێرشە ئەنجام دەدات و دەیویست بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بهێنێتە ژێر دەسەڵاتی خۆی. ئەم پرۆسەیە هێشتا بەردەوامە." سەرۆکی هاک پار دوزگون کاپلان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، کورد چیتر کوردی ڕابردوو نییە، کاتێک هێرش دەکرێتە سەر کوردێک، هێرشە بۆ سەر هەمو کورد. گوتیشی "ماوەی 13 ساڵە لە سوریا شەڕ بەردەوامە و پێدەچێت بەسەر سێ بەشدا دابەشبێت. هۆکاری ئەمە چی بوو، چونکە ڕژێمی سوریا هەموو مافەکانی کوردەکانی نەدا و سوریاش کەوتە ئەم دۆخەوە. بە بڕوای ئێمە ئێستا چارەسەری سوریا لە سیستەمی فیدرالیزمدایە. هەروەها ئەگەر پەیوەندی لە نێوان ئەمەریکا و سوریادا هەبێت دەتوانن کێشەی سوریا چارەسەر بکەن، بەڵام لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە پێویستە تورکیا دەستبەرداری سیاسەتی پێشووی خۆی بێت و مافی کورد بدات." شایانی باسە ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی، گرووپی چەکداری هەیئەت تەحریر ئەلشام و سوپای نیشتیمانی سوریا هێرشیان کردە سەر حەلەب و کورد، ڕایانگەیاند کە هەرگیز ڕێگە بەم کارە نادەن و لە هەموو شوێنێک هەنگاو دەنێن وەک ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانی. بە توندی ناڕەزایەتی دەرببڕن. حکومەتی تورکیا دەڵێت دەستمان لەم هێرشانەی ئەم دواییە لە سوریادا نییە و تورکیا و ئەمەریکا و ئەوروپا گرووپی هەیئەت تەحریر ئەلشام وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەبینن.