هەواڵی کوردستان ئێستا

بلینکن دەڵێت پێشڕەوییەکانی هەیئەت تەحریرئەلشام دەریدەخات کە لایەنگرانی ئەسەد سەرقاڵی بابەتی دیکەن

بلینکن دەڵێت پێشڕەوییەکانی هەیئەت تەحریرئەلشام دەریدەخات کە لایەنگرانی ئەسەد سەرقاڵی بابەتی دیکەن
بلینکن دەڵێت پێشڕەوییەکانی هەیئەت تەحریرئەلشام دەریدەخات کە لایەنگرانی ئەسەد سەرقاڵی بابەتی دیکەن

2024-12-05 00:05:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


ئەنتۆنی بڵینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند پێشکەوتنە خێراکان گرووپی چەکداری هەیئەت تەحریر ئەلشام (HTS) لە سوریا ئاشکرای دەکات کە لایەنگرانی بەشار ئەسەد سەرقاڵی پرسی دیکەن و نایانپەرژێتە سەر سوریا. بڵینکن گوتی هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەسەد کە بە شێوەیەکی سەرەکی ڕووسیا و ئێران و میلیشیاکانی حزبوڵای سەر بە ئێرانن، هەموویان بە "شێوازی جیاواز" سەرقاڵی پرسی دیکەن. ئاماژەی بەوەشکرد ڕووسیا بەشدارە لە شەڕکردنی بەردەوامی دژی ئۆکرانیا و هاوکات حزبوڵا لە لوبنان لەگەڵ ئیسرائیلدا لە شەڕێکدا کە بەم دواییە گەیشتووەتە ئاگربەست، سەرقاڵە و ئاماژەی بەوەشکرد پێدەچێت هەیئەت تەحریرئەلشام سوودی لەم دۆخە وەرگرتبێت. لە ساڵی 2018دا ئەمەریکا بە فەرمی گروپی تەحریری شامی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند. هەروەها یەکێتیی ئەورووپا، بەریتانیا و ژمارەیەک وڵاتی دیکەش ئەم گرووپەیان خستۆتە نێو لیستی تیرۆریستی خۆیانەوە. ڕووسیا یەکێکە لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی بەشار ئەسەد و لە شەڕی ناوخۆی سوریاشدا، دەستێوەردانی سەربازییەکەی لە ساڵی 2015دا، وایکرد شەڕی سوریا بە سەرکەوتنی ئەسەد تەواو بێت. هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای دەستپێکردنی شەڕ لە غەززە و پاشان لە لوبنان لە تێکهەڵچوونە سەربازییە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئیسرائیل تێوەگلاوە. بڵینکن داوای کەمکردنەوەی ململانێکانی سوریا و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی کرد. گوتیشی ڕەتکردنەوەی ئەسەد لە هاوکاریکردن لەگەڵ پرۆسەی سیاسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆ لە سوریا "دەرگای بەڕووی هێرشەکانی تەحریری شامدا کردووەتەوە". چەکدارانی نەیاری ئەسەد لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا پێشڕەوی گەورەیان لە سوریا ئەنجامداوە، لەوانە گرتنی حەلەب و شەڕکردن لەگەڵ هێزەکانی حکومەت و هاوپەیمانەکانیان لە نزیک حەما. ڕووسیا وەک هاوپەیمانی سەرەکی بەشار ئەسەد لە بەرامبەر ئەم پێشڕەوییانە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئامانجی چەکداران چڕتر کردووەتەوە، بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چەکداران بەردەوامن لە پێشڕەویکردن. سەرچاوە/dpa