ئەندامێکی لیژنەی دارایی: دەبێت سەرۆکوەزیرانی هەرێم بۆ کێشەی موچە سەردانی بەغدا بکات
2024-12-05 19:35:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دەبێت وەفدێکی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچە، چونکە ناکرێت کێشەی موچە بەهەڵواسراوی بمێنێتەوە. جەمال ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەرێم دەبێت وەفدێک بەسەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی ڕەوانەی بەغدا بکات، چونکە کێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بیرکردنەوەی جدی و هەنگاوی خێرای دەوێت." لەکاتێکدا حکومەتی عێراق موچەی مانگەکانی 10 و 11 ی دابەشکردووەو ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی 12 دەکات، بەڵام تائێستا موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان موچەی مانگی 10 یان وەرنەگرتووە. بەپێی ماددەی 11 ی بودجەی سێ ساڵەی عێراق، پشکە بودجەی هەرێمی کوردستان دیاری دەکرێت لە کۆی خەرجییە فیعلییەکانی عێراق کە ڕێژەی 12,67% دیاریکراوە.بیانووی بەرپرسانی عێراق بۆ نەناردنی پشکی هەرێم ئەوەیە گوایە پشکی هەرێم بۆ مانگەکانی 10 و 11 و 12ی ئەمساڵ 760 ملیاری ماوەتەوە. لەکاتێکدا بەرپرسانی هەرێم بیانووەکەی عێراق ڕەتدەکەنەوەو دەڵێن پشکی هەرێم سەرووی 11 تریلیۆن دینارە، بەڵام عێراق لە ئەمساڵدا کەمتر لە 9 تریلیۆن دیناری ناردووەو عێراق بە لەمپەر دروستکردن تۆمەتبار دەکەن. جەمال ئەحمەد دەڵێت،"عێراق 761 ملیار دیناری بۆ موچەی مانگی 10 ناردووە بەڵام هەرێم پارەکەی ڕانەکێشاوە، پێدەچێت هۆکاری ڕانەکێشانی پارەکە ئەوەبێت عێراق 761 ملیاری مانگی 11 ی نەناردبێت." دەشڵێت،"بابەتی موچە پێویستی بەهەنگاوی خێراو سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمە بۆ بەغدا، چونکە خەڵک ماندووەو ناکرێت دۆخەکە هەروا بمێنێتەوە." دوێنێ چوارشەممە، 4 ی مانگی 12 ی 2024، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردو ڕایگەیاند،" پشکی هەرێم کە لە یاسای بودجەدا تەرخانکراوە مانگانە بڕەکەی 950 ملیار دینارە، حساباتی خشتەکانی بودجە لە 950 ملیار کەمترەو ئەمەش وایکردووە کورتهێنان دروست ببێت.بۆ سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ جگە لە 761 ملیار دینار هیچی ترمان لەبەردەست نییە." هەروەها وتیشی،"دەوترێت با گواستنەوە بکرێت بەڵام هیچ دەروازەو شوێنێک نییە گواستنەوەی تێدا بکرێت، بەهەموارکردنەوەی یاسای بودجەو گەڕانەوەی داهاتی نەوتی و نانەوتی دەکرێت چارەسەری کێشەکان بکەین." ناردنی بڕی 761 ملیار دینار لەلایەن عێراقەوە بۆ موچەی هەر مانگێکی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێم بۆ دابەشکردنی موچە مانگانە پێویستی بە سەرووی 960 ملیار دینار هەیە. دەوترێت بەرپرسانی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورتهێنانی پشکە بودجەکەی و دابەشکردنی موچە، پێشنیاری ئەوەیان کردووە لەبودجەی وەبەرهێنانەوە موناقەلە بۆ بودجەی بەگەرخستن بکرێت، بەڵام عێراق بەمە ڕازی نەبووە. دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو. شوان محەمەد رۆستەم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"قسەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دروست نەبوو، دەتوانێت کێشەی موچەی هەرێم چارەسەر بکات لە ڕێگەی قەرزەوە بێت یاخود موناقەلە، خۆ گەر ئەوان بۆ هەر سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ 761 ملیار پێکەوە بنێرن، هەرێم دەتوانێت کورتهێنانەکە چارەسەر بکات و موچە دابەش بکات." ئەو وتیشی،"دەبێت حکومەتی هەرێم بڕیار بدات و کورتهێنانەکە پڕ بکاتەوە، چونکە سودانی قسەی کۆتایی کرد بەوەی پارەی تر نانێرێت و موناقەلەش ناکات، بۆیە دەبێت هەرێم بڕیاری خۆی بدات." جەختیشیکردەوە،"عێراق نیەتی باش نییە، هەمیشە دەیەوێت هەرێم ئازار بدات، دەیەوێت چارەنوسی سیاسی و ئابووری هەرێمی لابێت و هەرکات بیەوێت هەرێم سزا بدات." کێشەی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تێکەڵەیەک لە کێشەی سیاسی و یاسایی و تەکنیکی دادەنرێت، بۆیە پسپۆڕانی بواری یاسایی و ئابووری پێیانوایە کێشەکان پێویستیان بە چارەسەرکردنی ڕیشەیی هەیە بۆ ئەوەی مانگانە دووبارە نەبنەوە.