هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەرکەکانی تەکفیری و جیهادییەکان لە سوریادا

ئەرکەکانی تەکفیری و جیهادییەکان لە سوریادا
ئەرکەکانی تەکفیری و جیهادییەکان لە سوریادا

2024-12-05 21:45:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


دەستبەسەردا گرتنی شاری حەڵەب و حەما لەلایەن هێزە چەکدارە تەکفیریی و جیهادییەکان کە تورکیا پشتیوانییان لێدەکات، ئەگەری شکستێکی تری کۆماری ئیسلامی ئێرانی هێناوەتە ئاراوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بە تایبەتیش لە سوریادا. ئێران لە سوریادا دکتور ئەحمەد ئەلحەمدانی، لێکۆڵەر و شیکەرەوەی سیاسی دەڵێت "ئەوەی لە سوریادا ڕوودەدات بەشێکە لەو کەتوارە یان واقیعە تاڵەی لە ناوچەکەدا هەیە، هەروەها ناکرێت دەستبەسەرداگرتنی چەند ناوچەیەک لە سوریادا بەدەستی تێرۆریستان بە سەرکەوتن ناودێر بکرێت؛ ئەوەی ڕوودەدات هاوشێوەی داگیرکردنەکانی داعشە لە عێراق و لە سوریاشدا و بەرەنجامیش شکست هێنرا بە داعش." کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت، ئەگەر بێتوو حکومەتی سوریا داوای لێبکات ئەوا ئامادەیە هێزی چەکداری خۆی بنێرێت. دکتۆر ئەلحەمدانی دەڵێت "بەدڵنیاییەوە دەستێوەردانێکی بەهێزی ئێران دەبینین لەو ڕووداوانەی سوریادا و بەتایبەتیش بۆ پاراستنی مەزاری خاتونە زەینەب، کە گرنگییەکی ئاینزاییانە و کۆمەڵایەتیشی هەیە لە ئێران و لە سوریادا و بە گشتیش لە کۆمەڵگەی شیعەکاندا." عەلی ئەلحەبیب، ڕۆژنامەوان و شیکەرەوەی سیاسی هیچ گومانێکی نییە لەوەی ڕووداواکانی سوریا کردەیەکی بە ئامانج گرتنی سیاسیانەن و دەڵێت "دوابەدوای شکستەکانی ئێران لە پشتیوانکردنی بەرەی موقاوەمە و نەگەیشتن بەو ئامانجەی بتوانێت مانگی یەک شەوەی شیعە پێکبهێنێت، بە دڵنیاییەوە ڕووداوەکانی سوریا گورزێکی تری بەهێزە لە هەموو هەوڵ و جموجۆڵەکانی تاران لە سوریادا."   وڵاتانی عەرەب و سوریا لەم دوو سێ ساڵەی ڕابردوودا، دیمەشق لە هەوڵێکی چڕ و پڕدا بوو بۆ چوونەوە ناو کۆمکاری عەرەب و گەڕانەوە بۆ جیهانی عەرەبی. زۆرێک لە شیکەرەوان کۆک بوون لەسەر ئەوەی وڵاتانی عەرەب دەیانەوێت هەر هیچ نەبێت هەژموونی ئێران لە وڵاتی سوریادا کەم بکەنەوە. دکتۆر ئەلحەمدانی دەڵێت لە ئاوەها ڕەوشێکدا "کوان وڵاتانی عەرەب؟ هەر هەموویان نوستون و هەر یەکەیان گۆرانی بە باڵای لەیلای خۆیدا دەڵێت و هیچ یەکێکیشیان گۆرانی بە باڵای لەیلاکانی سوریا و عێراق و فەلەستین و یەمەندا ناڵێن." بەڕێز ئەلحەبیب وەک دەڵێت لەوبڕوایەدایە " ئەگەرچی هەوڵەکان زۆر بوون بەڵام هێشتاش ئاڵۆزیی بەرچاو هەن لە پەیوەندییەکانی دیمەشق و پایتەختە عەرەبییەکاندا و کێشەی گەورەش درێژەیان هەن، هەربۆیە چاوەڕوانی هەبوونی هەڵوێستێکی تۆکمەی عەرەبیانە ناکرێت." "ئەم شەڕ و ڕووداوانەی ناو سوریا ترسناکن" وەک عەلی ئەلحەبیب دەڵێت "لەو ڕەهەندە هەرێمایەتیەوەی ئەم ڕووداوانە هەیانە، دەشێت عێراقیش تێوەبگلێت و پانتایی جوگرافیایی ئەم شەڕە زۆر بەرفراوانتریش بێت لەوەی کە هەیە."   بەڕێوبەرایەتی خۆسەر و هێرشی هاوپەیمانەکانی تورکیا زۆرێک لەوانەی خۆیان بە ئۆپزسیۆنی سوریا ناودێر دەکەن، بنکەیان لە تورکیادایە و هەربۆیەشە شیکەرەوە دەڵێن کاری ئەو ڕێکخراوانەی کە پاشخانێکی ئیخوانیانەیان هەن، زیاتر بە ئاڕاستەی جێبەجێکردنی کارنامەی تورکیادایە لە سوریادا. دکتۆر ئەلحمەدانی، هاوڕایە و دەڵێت "سێ لەسەر چواری ڕێکخراوە تەکفیرییەکان لە تورکیادان و هەر لەوێش مەشق و ڕاهێنانیان پێدەکرێت، بەڵام ئەوەی سەرکەوتنی کۆتایی بەدەستبهێنن و بتوانن هەرچییەکیان دەوێت بیکەن، ئەوا لەوبڕوایەدا نیم." بەڕێز ئەلحەبیب دەڵێت "کورد لە ئێستای سوریادا کەوتۆتە ڕەوشێکی پڕ لە ئاڵنگارییەوە وێڕای ئەوەی ئەمەریکا پشتیوانە بۆ بەڕێوبەرایەتی خۆسەر، بەڵام کورد لەژێر فشارێکی گەورە و قورسدایە بەهۆی بوونی ململانێی هەرێمایەتی لەو ناوچانەدا، لێرەشدا لایەنی کاریگەر بێگومان تورکیایە کە بەردەوام لە ململانێدایە لەگەڵ کورددا و هەوڵی ڕاماڵینی کوردیش دەدات لەو ناوچەیەدا بە بیانوی دژایەتی کردنی تێرۆریزم و دانانی کورد لە سوریادا بە مەترسی بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی تورکیا. ئەم ڕوانینەی تورکیا، هەرێمی کوردستان و باکوری عێراقیشی گرتۆتەوە.   دکتۆر حەیدەر سەلمان، پسپۆڕی سیاسی دەڵێت "ململانێی تورکیا لەگەڵ کورددا لە هیچ کەسێک شاراوە نییە و ئەوەی ئێستا لە سوریادا ڕوودەدات، کوردی خستۆتە نێوان دوو کەوانەی ئاگراوییەوە و فشارە گەورەکەش لەلایەن تورکیاوەیە. ئەگەرچی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر بووەتە دیفاکتۆ، بەڵام ئەوەتا جارێکی تریش بەهۆی لایەنەکانی سەر بە تورکیا، فشاری قورس دەکەوێتەوە سەر کورد، ئەوەتا لە ڤیدیۆکاندا دیمەنی قێزەون و شەرمەزاری دەبینین، هەر بۆیە بە دوری نازانم کورد لەم قۆناغەی داهاتوودا بکەوێتە ناو ڕەوشێکی ئێجگار قورسەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو دەستە و تاقمە تێرۆرکارانەی بەپێی بڕیاری 1170 خراونەتە ناو لیستی جیهانیی تێرۆریستانەوە؛ ئەمە بێ لەوەی مەبەست و ئامانجی تورکیا لە بەکارهێنانی ئەو دەستە و تاقمانە کۆتاییهێنانە بە بوونی کورد لە ناوچەکاندا." دکتۆر سەلمان دەڵێت نەک هەر هەیئەتی تەحریری شام بەڵکو "لەشکری نیشتمانی سوریا کە لە تورکیا دامەزراوە، ئەرکەکەیشی بە تەواوەتی بۆ شەڕی کورد دانراوە." لێکەوتەکانی ڕەوشی سوریا هێزەکانی هەیئەتی تەحریری شام و هێزە چەکدارییەکانی تریش لە پێشڕەویدان و شەڕەکان بەردەوامیشن و وەک سەرچاوەکانی هەواڵ دەڵێن لەشکری سوریا بەردەوامە لە پاشەکشەکردندا. دکتۆر حەیدەر سەلمان، دەڵێت "لە ئاوەها ڕەوشێکدا پێشبینی کردن گەلێک قورسە و ئێستا هەیئەتی تەحریری شام و لەشکری نیشتمانی سوریاش لە پێشڕەویدان و ڕۆژ بە ڕۆژیش ڕەوشی سوریا ئاڵۆزتر و ئاڵۆزتریش دەبێت و بەداخیشەوە دەڵێم، پێناچێت شتەکان بە ئاڕاستەکی باشدا بڕۆن."