هەواڵی کوردستان ئێستا

بەهای لیرەی سوری بەرەو داڕمان دەڕوات

بەهای لیرەی سوری بەرەو داڕمان دەڕوات
بەهای لیرەی سوری بەرەو داڕمان دەڕوات

2024-12-07 22:30:26 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


بازاڕەكانی دیمەشق و تەواوی پارێزگاكانی دیكەی سوریا، لە دوای هێرشەكانی،هەیئەت تحریر الشام لە سوریا و كەوتنی حەلەبەوە، ڕووبەڕووی زیانێكی زۆری ئابوری بوونەتەوە، بەهۆی دابەزینی خێرا لە دراوی ناوخۆی ووڵاتەكەیان، بەرامبەربە دراوی ووڵاتانی جیهانی. چاودێرانی ئابوری ئاماژە بەوەدەكەن، كاریگەری شەڕو ئاڵۆزیەكانی هەموو ووڵاتێك لە دراوەكەیدا ڕەنگ دەداتەوە و لە دوای ساڵی 2011 وە بەهای لیرەی سوری بە ناجێگری ماوەتەوە و بەهاكەی ئێستا بە ڕێژەی 20% بەرامبەر بەدراوی دۆلاری ئەمەریكی لەدەستداوە. سەركۆ یونس چاودێری ئابوری لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "بەهۆی شەڕەكانی ناوسوریا، بەتاییەت كەوتنی حەلەب كە دووەم شاری گەورەی سوریایە، بەهای لیرەی سوری بەردەوامە لە دابەزین، ئەگەر دیمەشیق بكەوێت ئەوا كاریگەری جەنگەكە قورستر لەسەر داراوەكەی دەكەوێت." ئەو چاودێرە ئابوریە وتیشی." بەرزبوونەوەی نرخی لیرە لە دەرەوەی سوریا و بەتایبەت لە هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە دینار، جێگەی گومانە،بەهای دراو لەسەر كەرتە ئابوریەكانی وڵاتەكە دەوەستێت، لە ئەگەرێكیشدا كە حكومەتی نوێ دروست بێت، ئەوا دراوی لیرەی سوری بۆ ماوەیەكی زۆر بە بەهایەكی كەم دەمێنێتەوە." لەكاتێكدا بانكی مەركەزی سوری بە های یەك دۆلاری بەرامبەر بە كەمتر لە 12 هەزار لیرەی سوری داناوە،بەڵام لەدوای ساڵی 2011 بەردەوام بەهای لیرەی سوری ڕووی لەدابەزینە و لە ئێستاشدا یەك دۆلار زیاتر لە 30 هەزار لیرەی سوریە. لیرەی سوری، دراوی فەرمی کۆماری عەرەبی سوریایە، لە ساڵی 1948 بە فەرمی ئەم دراوە بووە دراوی مامەڵەکردن لە سوریا و لە ناو سوریا چاپ دەكرێت. كەوتنی حەلەب كە بە پایتەختی بازرگانی و ئابوری سوریا دەدەنرێت، ئایندەی دراوی سوری بەرەو دۆخێكی ناهەموارتر بردو لە بەشێك لە شارەكانی سوریا تەواوی بەهاكەی لەدەستداوە. د. بیلال ڕەئوف پسپۆری ئابوری لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "لیرەی سوری لەناوخۆی سوریا چاپ دەكرێت، بانكی ناوەندی سوریا، پێش ساڵی 2011ش بەهۆی فشارەكانی سەریەوەو یەدەگێكی باشی نەبووە، ئەوەشی هەیبوو بۆ پشتیوانیكردن لە دراوەكەی و هێزە سەربازیەكانی خەرجیكردووە، ئێستا پێشڕەویەكان بۆ دیمەشق بەردەوامن، لیرەی سوری بەردەوامە لەدابەزین." ئەو چاودێرە ئابوریە وتیشی،"ئەمڕۆ لەسەدا سەد بەهای لیرەی سوری لە قامشلۆ بەرامبەر بە دۆلار كەوت،لە حەلەب لەسەدا سەدو پەنجا و لەدیمەشقی تا ئاستی لەسەدا سەد لیرەی سوری بەرامبەر دۆلار بەهاكەی لەدەستداوە، لە قاشلۆ هەر دۆلارێك گەشتە 30 هەزار لیرەی سوری كە تا چەند ڕۆژێك بەر لەئێستا 14 هەزار تا 15 هەزار بوو." لەڕۆژی 27ی مانگی 11 ی 2024 وە شەڕ و ناكۆكی ناوچەكانی باكووری سووریای گرتووەتەوە و پێشڕەویەكانی هێزە چەكدارەكانی هەیئت تحریر الشام بەردەوامە و دەزگای هەواڵی سوریاش دەڵێن، ئەسەد لە سوریایە و بەرگری دەكەن،ئەمەش لەكاتێكدا ئایندەی دراوی لیرە و سوریاش نازانرێت بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت.