چەکدارانی نەیاری ئەسەد نزیک دەبنەوە لە بەدناوترین زیندانی سوریا
2024-12-08 00:30:24 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە سوریاوە بڵاوبوونەتەوە، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی بەشار ئەسەد نزیک بوونەتەوە لە بەدناوترین زیندانی سەربازی لە سوریا کە زیندانی سەیدنایە کە دەوترێت هەزاران نەیارانی بەشار ئەسەدی تێدا ئەشکەنجە دراوە و لە سێدارە دراون و پێدەچێت هەزارانی دیکەش لە ئێستادا لەوێ زیندانی بن. ئەم زیندانە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە باکووری دیمەشقەوە دوورە. بەپێی ڕاپۆرتی گروپەکانی مافی مرۆڤ، مەزەندە دەکرێت زیاتر لە 100 هەزار هاووڵاتی سوریا لە ماوەی شەڕی ناوخۆی 13 ساڵەی ئەم وڵاتەدا بێسەروشوێن بوون و بەشێکی زۆریان زیندانی کراون. ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2017دا دەستەواژەی "کوشتارگەی مرۆڤ"ی بەکارهێناوە بۆ وەسفکردنی زیندانی سەیدنایە و لە ڕاپۆرتێکدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە ماوەی پێنج ساڵی یەکەمی شەڕی ناوخۆدا لە نێوان پێنج بۆ 13هەزار کەس بە بێدەنگییەکی تەواو لەم زیندانەدا لە سێدارە دراون. ئەم ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەم لەسێدارەدانانە بە مۆڵەتی بەرپرسانی باڵای حکومەتەکەی بەشار ئەسەد ئەنجام دراون و ئەم جۆرە کردەوانە هاوتایە لەگەڵ تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی. هاوکات ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز رۆژی شەممە بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوە بڵاویکردەوە، زیندانی ناوەندی شاری حومس لەلایەن یاخیبووانی نەیاری بەشار ئەسەدەوە گیراوە و سەدان زیندانی هەڵهاتوون. لە دە ڕۆژی ڕابردوودا و دوای هێرشی یاخیبووانی چەکداری سوریا کۆمەڵێک لە شارە گرنگەکانی باکوور و باشووری سوریا لەلایەن ئەو چەکدارانەوە گیراون و دیلەکانی ئەو ناوچانەش لە زیندان ئازاد کراون. هاوکات سەرچاوەیەکی یاخیبوو ڕایگەیاند کە نەیارانی چەکداری بەشار ئەسەد لە دەروازەی ڕۆژهەڵاتی حومسەوە تا قوڵایی شارەکە زیاتر پێشڕەوییان کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی هێڵەکانی بەرگری سوپایان شکاندووە. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دانیشتووانی شاری حومسیشەوە بڵاویکردووەتەوە کە هێزەکانی سوپای سوریا شارەکە بەجێدەهێڵن.