English | عربي

راستی ڕووداوی داستانی كۆڕێ له‌زاری فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كرێت


راستی ڕووداوی داستانی كۆڕێ له‌زاری فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كرێت

2019/04/14 | 16:55

(هەواڵ كوردستان)-  

فه‌رمانده‌یه‌كی هێزی پێشمه‌رگه‌ باس له‌ داستانی كۆڕێ ده‌كات و پێی وایه‌ رۆڵی سه‌رۆك بارزانی له‌و رووداوه‌ مێژووییه‌ گه‌وره‌یه‌ و نادیده‌ ناگیرێت، چونكه‌ زۆربه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كان به‌به‌رنامه‌ و تاكتیكی سه‌رۆك بارزانی بووه‌.

له‌باره‌ی داستانی كۆڕێ، لیوا هه‌ڵگورد خدر فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 46 هێزی ئێستای پێشمەرگە و یاریده‌ده‌ری فه‌رمانده‌ی میحوه‌ر له‌ داستانی كۆڕێ بۆ (باسنیوز) گوتی: "داستانی كۆڕێ له‌رۆژی 7ی 4ی 1991 ده‌ستیپێكرد، كه‌ حكوومه‌تی عێراق له‌ هه‌ولێره‌وه‌ به‌ره‌ و پیرمام و له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و كۆڕێ به‌ڕێكه‌وت، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی ئێمه‌ د.

سه‌عید و عالی تۆپكی كه‌ سه‌ركردایه‌تی پێشمه‌رگه‌یان له‌وێ ده‌كرد، به‌رگرییه‌كی قاره‌مانانه‌یان كرد پێیان چه‌قاند و وه‌ڵامی هێرشی حكوومه‌تی به‌عسیان دایه‌وه‌".

گوتیشی: "له‌و شه‌ڕەشدا 7 ئالیاتی گه‌وره‌ی به‌عس وه‌ك ده‌بابه‌ و موده‌ره‌عه‌ به‌ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ تێكشكێنران و سوتێنران كه‌لوپه‌لێكی زۆری سه‌ربازیش به‌جێما وه‌ك لۆری و میك زه‌مینی فیشه‌ك و تۆپی هاوه‌ن و یاتاخ و تۆپی هاوه‌ن و كه‌وتنه‌ ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ و چه‌كه‌ قورسه‌كان سوتێنران، دوای ئه‌وه‌ی تێكشێنران حكوومه‌تی عێراق پاشه‌كشه‌ی كرد به‌ره‌و ئه‌و به‌ری كۆڕێ ئه‌وه‌ی له‌ پرده‌كه‌ به‌ره‌و پیرمام ده‌ڕوات دواتر هێزێكی زۆریان هێنا تۆپخانه‌و هێزیان له‌ لۆفه‌كانی پیرمام زیاد كرد، ئێمه‌ش له‌رۆژی 9ی مانگ دره‌نگانی شه‌و هێرشمان كردنه‌ سه‌رو شه‌رێكی گه‌وره‌ روویدا حكوومه‌ت له‌وێ كشانه‌وه‌ و به‌شێكیشیان به‌رگریان كرد، به‌ڵام دواتر رۆژی 11ی 4 حكوومه‌تی عێراق دووباره‌ هێرشیان ده‌ست پێكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و كات چیاكانی كورد و ده‌ربه‌ندی کۆڕێ دابه‌شكرابوو بۆ دوو میحوه‌ر میحوه‌ری شێره‌سوار براده‌رانی یه‌كێتی دانرابوون، میحوه‌ری رۆژئاواش تا چیای پیرمام پارتی و سۆشیالیست و شیوعی له‌وێ بوون، حكوومه‌ت له‌و رۆژه‌ ناوچه‌كانی سه‌ره‌وه‌ی گرت، به‌هۆی ئالیاتی ده‌بابه‌وه‌ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ كه‌ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ ده‌ربه‌ندی کۆڕێ له‌وێ شه‌ڕێكی زۆر كرا به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان".

ڕوونیشی کردەوە، "د.

سه‌عید، قادر عوسمان، ئیراهیم حه‌مكۆ، نه‌جات قه‌تێ و مسته‌فا گۆرۆنی له‌وێ بوون ئه‌و هێزه‌ گه‌وره‌ی به‌عس به‌هێزێكی زۆر كه‌م شكێنرا دوای ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ربه‌ند شكێنران ئیتر ده‌ستیان به‌تۆپباران كرد كه‌ چه‌ندین پێشمه‌رگه‌مان شه‌هیدبوون، له‌ده‌ربه‌ندی کۆڕێ به‌ هێزێكی كه‌م به‌عس تێكشكێنرا، له‌و شەڕە به‌ره‌حمه‌ت بێت حه‌سه‌ن نه‌جار، خالید ئاژگه‌یی و مامۆستا حه‌مید ئافه‌ندی ئاماده‌بوون، کە به‌شێوه‌یه‌كی كتوپر لەو شەڕەدا ده‌بابه‌كانی به‌عس به‌شێكیان ده‌ستیان به‌سه‌رگیرا و هه‌ندێكیان برایه‌ ناوچه‌ی كاوانیان له‌وێ ئاگرمان تێبه‌ردان خه‌ڵكێكی زۆریش له‌ سه‌ربازی عێراق كوژرا و به‌شێكیان به‌دیل گیران دواتر راده‌ستمان كردنه‌وه‌ و هه‌روه‌ها ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی سه‌ربازی و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی كه‌وته‌ ده‌ست ئێمه‌، كێ هه‌یه‌ بڵێت ئه‌م چه‌كانه‌ كه‌وتوه‌ته‌ ده‌ستمان؟ بایه‌ك كه‌س بڵێت چوار چه‌ك و کلاشینکۆفم به‌ده‌ست كه‌وتووه‌؟ ئه‌وه‌ ئێمه‌ین ده‌توانین ئامار بده‌ین كه‌ چه‌ند كوژراومان هه‌بووه‌ و ده‌سكه‌وتمان چی بووه‌".

ئه‌و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌ ئه‌وه‌شی خستە ڕوو، "به‌عس دەیویست له‌ دیاله‌ و سۆران گفتووگۆمان له‌گه‌ڵ بكات نه‌ك له‌ پیرمام و ئه‌و ناوچانه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ وه‌ك كورد هیچ خاكێكمان به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌مێنێت، بۆیه‌ په‌له‌په‌له‌بوون بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ داگیربكه‌ن هۆكاری تێكشكاندنیان هه‌ر ئه‌و په‌له‌كردنه‌یان بوو، كه‌ نه‌یانتوانی به‌رگری بكه‌ن و هێزێكی شپرزه‌بوون، بۆیه‌ ئه‌و كات سه‌رۆك بارزانی هه‌میشه‌ له‌سه‌ر خه‌ت بوو، به‌ئێمه‌ی گوت ئه‌گه‌ر ده‌بابه‌ به‌سه‌ر لاشه‌تان بروات نابێت جارێكی دیكه‌ ئاواره‌ی ئێران ببینه‌وه‌، بكوژرێین به‌شه‌ره‌فتره‌ تا دوژمن سه‌ركه‌وێت بۆیه‌ ئه‌و به‌رده‌وام رێنمایی ده‌دا له‌ئاستی دابینكردنی چه‌ك و پێداوستی هه‌ر سه‌رۆك بارزانی بوو، دواتر به‌عس ئاگربه‌ستی راگه‌یاند و ئێمه‌ش له‌سه‌ر پردی کۆڕێ نه‌خشه‌ و پلانمان دانا سنووری نێوانمان جیاكرده‌وه‌، ئیتر به‌عس ناچار بوو كه‌ ئاگربه‌ستی راگه‌یاند کە دواین شه‌ڕبوو له‌گه‌ڵ به‌عس كردمان پێش ئازادكردنی عێراق له‌ 2003، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ كورد قاره‌مان و خۆراگره‌ و به‌رگری له‌ مافه‌كانی خۆی ده‌كات".

لیوا هه‌ڵگورد خدر ده‌شڵێت: "سه‌رۆك بارزانی هاته‌ لامان و رێنمایی پێویستی پێداین له‌كاتی شه‌ڕ له‌ سۆرانیش وتارێكی پێشكه‌ش كرد له‌وێ گوتی: "ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌نگه‌ره‌كان و نابێت ئێره‌ چۆڵ بكرێت"، له‌دابینكردنی پێداویستییه‌كانیش سه‌رۆك بارزانی رۆڵی یه‌كه‌م بوو هیمه‌تی ئه‌ویش بوو له‌و داستانه‌ پێشمه‌رگه‌ سه‌ركه‌وت، هه‌ر له‌و شه‌ره‌ 120 پارچه‌ چه‌كی به‌عس كه‌وته‌ ده‌ستمان هه‌ندێك برینكاری زابتمان گه‌یشته‌ ده‌ست راده‌ستی حكوومه‌تمان كرده‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وانیش عه‌فواتیان كردبوو له‌و شه‌ره‌ تۆپی 120 و ده‌بابه‌ و جبه‌خانه‌ی فیشه‌كمان ده‌ستكه‌وت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ 11 پێشمه‌رگه‌مان شه‌هیدبوو ناوه‌كانیشمان له‌لاهه‌یه‌".

راشیگه‌یاند: "هه‌رئه‌و رۆژه‌ به‌هه‌زاران و سه‌دان و ده‌یان كه‌س به‌چه‌كه‌وه‌ هاتن به‌پیریمانه‌وه‌ و پیرۆزباییان لێكردین ئاهه‌نگیان بۆ گێراین و د.

شڤان په‌روه‌ر هات و چه‌ندین گۆرانی خۆشی بۆ پێشمه‌رگه‌ گوت كه‌ كه‌شێكی زۆر به‌تینی دروستكرد بۆ خه‌ڵك و خه‌ڵك ئاهه‌نگی گێرا، بۆیه‌ په‌یامی ئێمه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م ده‌سكه‌وتانه‌ی به‌ده‌ست هاتوون ده‌رئه‌نجامی خوێنی شه‌هیدانه‌ و ئه‌م ده‌سكه‌وتانه‌ به‌خوێنی شه‌هیدان هاتووه‌، ئه‌مه‌ مافه‌ ده‌بێت بسێنرێت و ئه‌وه‌شیان له‌به‌رچاوبێت كه‌ پێشمه‌رگه‌ شه‌ونخونی شه‌ڕده‌كات له‌ شۆڕی گوڵان و ئه‌یلوولی مه‌زن و تا ئێستاش شه‌ری ئێمه‌ بۆ مافه‌كانمان بووه‌، ده‌رئه‌نجامی ئه‌و ماندوو بوونه‌ ده‌سكه‌وته‌كانی ئه‌مرۆی خه‌ڵكی كوردستانه‌ بۆیه‌ ده‌بێت رێز له‌و قوربانی دانه‌ بگیرێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش وڵاتی خۆمان دروست بكه‌ن".

ئه‌و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌ پێشی وایه‌ كه‌ شه‌ری پێشمه‌رگه‌ و حكوومه‌تی به‌عس له‌ داستانی كۆڕێ جیاواز بوو، چونكه‌ هاوتایی چه‌ك نه‌بوو، پێشمه‌رگه‌ به‌چه‌كی سوك و به‌عسیش به‌چه‌كی قورس و چه‌ندین تۆپخانه‌یان هه‌بوو كه‌ زیاتر له‌ 10 تۆپخانه‌بوو ئێمه‌ ته‌نیا ئارپێچی و بیكه‌یسی و دۆشكه‌مان له‌به‌رده‌ست بوو كه‌ ئه‌وان فرۆكه‌شیان له‌به‌رده‌ست بوو، بەڵام ئێمه‌ چونكه‌ ئیراده‌ی گه‌لمان له‌گه‌ڵ بوو سه‌ركه‌وتین".








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending