تورکیا دەڵێت بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی سوریا دەبێت گشتگیر بێت
2024-12-08 17:25:25 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان ڕۆژی یەکشەممە وتی بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی سوریا دەبێت گشتگیر بێت چونکە گەلی سوریا بڕیار لەسەر داهاتووی وڵاتەکە دەدەن، ئەوەش دوای دوورخستنەوەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد لەلایەن یاخیبووەکانەوە. ڕۆژی یەکشەممە گروپە یاخیبووە چەکدارییەکانی سوریا دوورخستنەوەی بەشار ئەسەدییان ڕاگەیاند، ئەوەش دوای کۆنتڕۆڵکردنی دیمەشقی پایتەخت و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتە دەیان ساڵەییەکەی بنەماڵەی ئەسەد دوای زیاتر لە 13 ساڵ لە شەڕی ناوخۆی سوریا. فیدان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە دەوحە وتی گەلی سوریا لە پێگەیەکدا نین بتوانن خۆیان وڵاتەکە ئاوەدان بکەنەوە و کارەکتەرە نێودەوڵەتییەکان و زلهێزەکانی ناوچەکە دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا بپارێزن. وتیشی " ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان " نابێت سوود لەم دۆخە وەربگرن. وتی " تاوەکو ئەم بەیانییە، سوریا گەیشتە قۆناغێک کە تێیدا گەلی سوریا داهاتووی وڵاتەکەی خۆیان دیاری دەکەن. ئەمڕۆ هیوایەک هەیە." وتیشی " بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی سوریا دەبێت بە شێوەیەکی ڕێک دابمەزرێت، ڕێسای گشتگیری دەبێت هەرگیز نەکەوێتە مەترسییەوە، نابێت ئارەزوو هەبێت بۆ تۆڵەکردنەوە، ئێستا کاتی یەکگرتن و دووبارە بونیادنانەوەی وڵاتەکەیە." کاتێک پرسیاری لێکرا لەسەر ئەوەی ئەسەد لە کوێیە، فیدان وتی باوەڕی وایە لە دەرەوەی سوریا بێت. وتی تورکیا هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئەسەددا نەبوو سەرەڕای داواکەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان. فیدان وتیشی ئەنکەرە ویستوویەتی لەگەڵ ئەسەددا قسە بکات بەڵام سەرجەم هەوڵەکان شکستییان هێناوە. تورکیا وتوویەتی کە پشتگیری لە ئۆپەراسیۆنەکانی گروپە یاخیبووە چەکدارییەکانی نەکردووە لە باکووری سوریا، وتووشیەتی کە ڕەتکردنەوەی ئەسەد بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی جددی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی بووە هۆی کەوتنی. فیدان وتیشی چەکە کیمیاییەکان و ماددە پەیوەندیدارەکان دەبێت کۆنتڕۆڵ بکرێن، وتیشی تورکیا میوانداری نزیکەی 3 ملیۆن کۆچبەری سوریایی کردووە و دەستیکردووە بە کارەکان بۆ گەڕاندنەوەیان. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز