ئیسڕائیل لە نزیکەوە چاودێری سوریا دەکات دوای ڕووخانی ' مێژوویی ' ئەسەد
2024-12-08 18:30:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
ئیسڕائیل چاودێری ڕووخانی خێرای حکومەتەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەدی کردووە بە تێکەڵەیەک لە هیوا و نیگەرانییەوە، لە کاتیکدا کە بەرپرسان باس لە دەرەنجامی ئەو ڕووداوە دەکەن کە بە یەکێک لە گرنگترین گۆڕانکاری ستراتیژی دادەنرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ستایشی دوورخستنەوەی ئەسەدی کرد و وتی " ڕۆژێکی مێژووییە " کە دوابەدوای لێدانەکانی ئیسڕائیل هات دژی ئێران و حزبوڵا لە لوبنان کە پشتیوانییان لە ئەسەد دەکرد و بوونە هۆی زنجیرەیەک کاردانەوە لە ناوچەکەدا. نەتانیاهو لەسەر سنووری نێوان ئیسڕائیل و سوریا وتی " ئەمە بێگومان دەرفەتێکی نوێ و زۆر گرنگ بۆ دەوڵەتی ئیسڕائیل دروست دەکات. بەڵام لە هەمان کاتیشدا بەبێ مەترسی نیە." نەتانیاهو وتی ئیسڕائیل کار لەسەر سیاسەتی " دراوسێیەتی باش " دەکات و " دەستی ئاشتی درێژ دەکات " بۆ دروزەکان و کوردەکان و کریستیانەکان و موسوڵمانەکان. وتی " لە نزیکەوە چاودێری پەرەسەندنەکان دەکەین. چی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین بۆ پاراستنی سنوورەکەمان و پاراستنی ئاسایشمان." سەرچاوە/ ڕۆیتەرز