سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا داوای ماوەیەکی کاتی 18 مانگی دەکات پێش هەڵبژاردنەکان
2024-12-08 18:30:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
هادی ئەل بەهرەی سەرکردەی پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە دەرەوە دەڵێت سوریا دەبێت ماوەیەکی کاتی 18 مانگی هەبێت بۆ دامەزراندنی " ژینگەیەکی پارێزراو و بێلایەن و ئارام " بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد. لە ساتێکی بوومەلەرزەییدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژی یەکشەممە گروپە یاخیبووە چەکدارییەکانی سوریا کۆنتڕۆڵی دیمەشقییان کرد و سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەدییان ناچار کرد لە وڵاتەکە هەڵبێت، ئەمەش دوای زیاتر لە 13 ساڵ لە جەنگەکەی ناو سوریا کە دواجار کۆتایی بە دەسەڵاتە دەیان ساڵەکەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا لە سوریادا. ئەل بەهرە لە پەراوێزی کۆنفرانسێکدا لە دەوحە قسەی بۆ ڕۆیتەرز کرد و ئەم لێدوانەیدا. ئەل بەهرە سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی سوریایە و دەڵێت سوریا لە ماوەی شەش مانگدا دەبێت دەستوورێک دابنێت، کە تێیدا یەکەم هەڵبژاردن گشتپرسی دەبێت. وتی " دەستوور دەڵێت، ئایا سیستمێکی پەرلەمانیمان دەبێت، سیستمێکی سەرۆکایەتیمان دەبێت، یاخود سیستمێکی تێکەڵ؟ بەپێی ئەمەش هەڵبژاردن دەکەین و خەڵکەکەش سەرکردەکەیان هەڵدەبژێرن." وتیشی ئۆپۆزسیۆن داوای لە کارمەندانی دەوڵەت کردووە بەردەوام بن لە کارەکانییان هەتاوەکو کاتی گۆڕانی دەسەڵات، دڵنیاشی کردنەوە کە ئازار نادرێن. ڕووخانی ئەسەد بەو خێراییە دوابەدوای گۆڕانێک هات لە هاوسەنگی هێزدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای ئەوەی زۆرێک لە سەرکردەکانی حزبوڵای لوبنان کە پشتیوانییان لە هێزەکەی ئەسەد دەکرد، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لەلایەن ئیسڕائیلەوە کوژران. ڕووسیای هاوپەیمانەکەی دیکەی ئەسەد، ئێستا سەنگی خستووەتە سەر جەنگەکەی خۆی لە ئۆکرانیا. ئەل بەهرە وتی " وەکو دۆمینە وابوو. ڕوون بوو کە ئەسەد بڕیاریدابوو بڕوات. هەستم بە ئاسوودەیی کرد، بەڵام تۆزێکیش دڵم ناخۆش بوو. دەبێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت لەسەر هەموو ئەو تاوانانەی کە ئەنجامی داون." سەرچاوە/ ڕۆیتەرز