هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕووداوەکانی سوریا
2024-12-08 20:10:25 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان داوا لە هەموو لایەک دەکات زمانی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیيانە بگرنە بەر "به شێوهيهک دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو پێکهاتەکانی سوریا، لەوانە گەلی کورد، دەستەبەر بکات، ههروهها بەشداريی کارايان لە داڕشتنی داهاتووی وڵاتدا، مسۆگەر بکات." پاش ڕووداوەکانی سوریا و ڕوخانی ڕژێمەکەی ئەسەد سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند "هەرێمی کوردستان له چوارچێوهى عێراقدا پابەنديی خۆی بە پاراستنی پەیوەنديی هاوسەنگ و کارکردن بۆ بەهێزکردنی هاوکاريی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیريی سوریا دووپات دەکاتەوە. ههموو ململانێیەک كه دۆخى ناوچهكه ئاڵۆز بكات ڕهت دهكهينهوه، ههروهها جەخت له پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرى و بەرژەوەنديی هەموو گەلان و پێكهاتهكانی ناوچهكه دهكهينهوه." هەرێمی کوردستان داواش لە كۆمهڵگهى نێودهوڵهتى و وڵاتانى ناوچهكه دەکات "ڕۆڵى خۆيان بۆ چارهسهرى ئاشتييانه بگێڕن،" دەشڵێت "پشتگیريمان بۆ خواستەکانی گەلی سوریا بۆ ئاشتی و ئازادی، دووپات دهكهينهوه." پێشتریش حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "گۆڕانکاریی خێرا و کەوتنی ڕژێمی دەسەڵاتداری سوریا، سەردەمێکی نوێی هێناوەتە کایەوە." لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕۆژی یەکشەممە حکومەتی هەرێم گوتی " ڕێز لە بڕیار و ئیرادەی خەڵکی سوریا دەگرین و هیوادارین سوریای داهاتوو ، ئازاد و ئارام و دیموکراتیک و سەقامگیر بێت و مافی هەموو گەل و پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت." لە پاش دەستپێکردنی شۆڕشی سوریا، ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی سوریا ڕوویان کردە عێراق و بەشێکی زۆری ئەوان لە هەرێمی کوردستانن. بە پێی نە تەوە یەکگرتووەکان لە ئێستا نزیکەی 270 هەزار پەنابەری سوریا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندان. دوابەدوای پێشکەوتنی خێرا و ئاسانی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی حکومەتی بەشار ئەسەد لە هەفتەی ڕابردوو و دەستبەسەرداگرتنی شارەکانی حەلەب، حومس و دەرعا، ڕۆژی یەکشەممە بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی بەرنگارییەکی قورسی هێزەکانی حکومەت ببنەوە، توانیان بگەنە دیمەشقی پایتەختی سوریا. بە چوونی ئۆپۆزسیۆن بۆ ناو دیمەشق و هەڵاتنی بەشار ئەسەد لە سوریا، دەسەڵاتی پەنجا و سێ ساڵەی بنەماڵەی "عەلەوی" ئەسعەد لەو وڵاتەشدا کۆتایی هات.