شێخ جەعفەر بۆ KDP باسی ئەو دوو كوردە جووتیارەی شەهید كراون دەکات
خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، لە گوندی مێخاس داعش ماوەی هەفتەیەكە دەستیان بە سوتاندنی گەنمی جووتیاران كردووە و، شەوی ڕابردووش لەو گوندە دوو جووتیاریان رفاندووە و دواتر تەرمەكانیان دۆزراونەتەوە و ئاگریشیان لە گەنمەكەیان بەرداوە، كە تا ئێستاش نزیكەی 200 دۆنمیان سوتاندووە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "كۆمەڵێك چەكداری داعش لە سنووری خانەقین شەوی ڕابردوو لە گوندی مێخاس چوونەتە سەر جووتیارانی كورد كە سەرقاڵی دروێنەی گەنمەكانیان بوونە و دووانیان رفاندووە و دواتریش تەرمەكانیان دۆزراونەتەوە، هەروەها ئامێری دروێنەی گەنمیشیان لەگەڵ خۆیان بردووە و ئاگریشیان لە گەنمەكە بەرداوە، كە نزیكەی شەش دۆنم زەوی دەبێت".
بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین گوتیشی: "لە سنووری قەرەتەپە و سەعدیە و جەلەولا و چەندین شوێنی دیكە وەكو جەبارە و بەعقوبە و لە هەر شوێنێك گەنم پێگەیشتبێت، دەیسوتێنن، كە تائیستا نزیكەی 200 دۆنمیان سوتاندووە".
دەشڵێ: "ئەو دوو كوردە جووتیارەی شەهید كراون، یەكێكیان ناوی بورهان حاتەمە و ئەوەی دیكەش ناوی نەبەز ناسرە، كە هەردووكیان كوردی كاكەیین و دوای رفاندنیان شەهیدیان كردوون و دواتریش تەرمەكانیان فڕێ داون".
شێخ مستەفا باسی لەوەش كرد، هێزە ئەمنییەكانی سنووری خانەقین بێدەسەڵات و بێدەنگن و توانای پاراستنی خۆیان نییە، جا چۆن خەڵك دەپارێزن.
بڵند ئیبراهیم