هەواڵی کوردستان ئێستا

بەهۆی ' ناڕوونی دۆخەکەوە ' ئەڵمانیا بڕیارەکان سەبارەت بە پەنابەرانی سوریایی ڕادەگرێت

بەهۆی ' ناڕوونی دۆخەکەوە ' ئەڵمانیا بڕیارەکان سەبارەت بە پەنابەرانی سوریایی ڕادەگرێت
بەهۆی ' ناڕوونی دۆخەکەوە ' ئەڵمانیا بڕیارەکان سەبارەت بە پەنابەرانی سوریایی ڕادەگرێت

2024-12-09 18:30:25 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاند ڕۆژی دووشەممە ئەڵمانیا بڕیارەکانی لەسەر داواکانی سوریاییەکان بۆ مافی پەنابەرێتی ڕاگرتووە لە نێوەندی " دۆخە نادیارەکەی " ناو سوریادا، ئەوەش دوای لە کارلابردنی سەرۆکی ئەو وڵاتە بەشار ئەسەد لەلایەن یاخیبووەکانەوە. ئەڵمانیا نزیکەی یەک ملیۆن پەنابەری سوریایی لە خۆگرت، زۆرترینیان لە ساڵی 2015 دا گەیشتنە ئەڵمانیا کە ئەو کاتە ئانگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری وڵاتەکە بوو. وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا نانسی فرەیسەر وتی " کۆتایی هاتنی چەوساندنەوە دڕندانەکەی ئەسەدی دیکتاتۆر ئاسوودەییەکی گەورەیە بۆ زۆرێک لە خەڵکەکە کە بە دەست ئەشکەنجەدان و کوشتن و تیرۆرەوە ناڵاندوویانە." وتیشی " زۆرێک لەو پەنابەرانەی کە پاراستنییان لە ئەڵمانیا دۆزییەوە ئێستا ئومێدییان هەیە بە گەڕانەوە بۆ سوریای نیشتیمانییان و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەیان." بەڵام هۆشداریدا و وتی " دۆخەکەی ناو سوریا لە ئێستادا نادیارە." وتیشی " بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە نادیارە "، ئۆفیسی فیدڕاڵ بۆ کۆچ و پەنابەران بڕیارەکانی بۆ پڕۆسەکانی پەنابەرێتی ڕاگرتووە " تاوەکو دۆخەکە ڕوونتر دەبێتەوە." وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت 974,136 سوریایی لە ئەڵمانیا دادەنیشن. لە کۆی ئەو ژمارەیە 5,090 کەسییان داواکانییان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی پەسەند کراوە، 321,444 کەسییان پێگەی پەنابەرێتییان وەرگرتووە و 329,242 کەسی دیکەیان پاراستنییان وەرگرتووە، کە مانەوەیەکی کاتییە پێش ڕەوانەکردنەوە. دەیان هەزاران دۆسییەی دیکە هێشتا بڕیارییان لەسەر نەدراوە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا سیباستیان فیشەر ئاماژەی بە گۆڕانی ڕووداوەکان و شەڕەکەی ناو سوریادا. وتی " ئەو ڕاستییەی کە ڕژێمەکەی ئەسەد کۆتایی پێهێندرا بە داخەوە گرەنتی نیە لەسەر پێشهاتێکی ئاشتییانە." وتیشی " لە هەر حاڵەتێکدا، ئەگەر ئەم دۆخە نوێیە ببێتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی نوێی کۆچبەران یان بە پێچەوانەوە ئەگەر دۆخەکە جێگیر بێت، ئەوا ئاوارەکان و پەنابەرەکان دەرفەتێکییان دەبێت بۆ گەڕانەوە بۆ نیشتیمانی خۆیان." سەرچاوە/ فرانس پرێس