هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر سوریا سەردانی تورکیا دەکات

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر سوریا سەردانی تورکیا دەکات
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر سوریا سەردانی تورکیا دەکات

2024-12-11 22:50:24 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایدەگەیەنیت بڕیارە ڕۆژی هەینی ئەنتۆنی بڵینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی ئەنکەرە بکات و لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆببێتەوە. چاوەڕێ دەکرێت ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی ئەمەریکا و تورکیا بارودۆخی سوریا دوای کەوتنی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد تاوتوێ بکەن. هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بڵینکن، ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی قەتەر، میسر، ئوردن و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ئێستای سوریا و پێویستی بەرقەرارکردنی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گفتوگۆی هەبووە. بلینکن، لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر، عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات و ئەیمەن سەفدی وەزیری دەرەوەی ئوردن جارێکی دیکە جەختی لە پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کردەوە بۆ حکومەتێک کە لە ژێر سەرکردایەتی سوریاییەکاندا بێت کە هەموو گروپە سوریاییەکان لەخۆبگرێت. بڵینکن جەختی لە گرنگی پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل و پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی کردەوە و هەروەها جەختی لە ڕێگرتن لەوەی کە سووریا ببێتە بنکەی تیرۆر یان هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ کردەوە و گوتی پێویستە چەکی کیمیاویی سووریا لەناوببرێت. لەم وتووێژانەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لە گرنگی گواستنەوەی ئاشتیانە و هەمەلایەنەی دەسەڵات لە سوریا و هەروەها پاراستنی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی ئەو وڵاتە کردەوە. هەروەها ئەنتۆنی بڵینکن و هاوتاکانی لە چەند وڵاتێکی عەرەبی ناوچەکە تاوتوێی هەوڵەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و پێویستی بەردەوامی پشتیوانی لە سوپای لوبنانیان کرد.