بڵینکن: ڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات "زۆر گرنگە" لە ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش
2024-12-12 22:02:50 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
ئەنتۆنی بڵینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە،12ی مانگی دوازدە لە کونفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) کە کوردەکانی ڕۆژئاوا ڕیبەرایەتی دەکەن، زۆر گرنگە لە ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی جیهادییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریا دوای ڕۆیشتنی بەشار ئەسەد. بڵینکن لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئوردن لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانێکدا سەبارەت بە کاردانەوەی ئەمەریکا بەرامبەر بە هێرشەکانی ئەردۆغان بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە وتی "لە کاتێکدا کە ئێمە داوای گواستنەوەیەک بۆ ڕێگایەکی باشتر بۆ سوریا دەکەین، دەبێت بەشێک لەم پرۆسەیە ئەوە بێت کە دڵنیابین لەوەی داعش سەرهەڵنەداتەوە و بۆ ڕێگریکردن لەم پرسەش دەبێت بزانین ڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەم ڕووەوە زۆر گرنگە." وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕۆژی چوارشەممە لە یەکەم گەشتی خۆیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە سوریا گەیشتە ئوردن بۆ پێداچوونەوە بە دوایین پێشهاتەکانی سوریا. مەتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەنتۆنی بلینکن لەم گەشتەدا جەخت لەسەر پشتیوانی ئەمەریکا دەکاتەوە بۆ گواستنەوەی هەمەلایەنەی دەسەڵات لە سوریا بۆ حکومەتێکی بەرپرسیارو جەماوەری. بە گوتەی میلەر، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ ئوردن و دواتر تورکیا، خوازیاری سوریایەکە کە نەبێتە بنکەیەکی تیرۆر یان هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی.