سیناتۆر ڤان هۆڵن: نابێت ڕێگە بدرێتگروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەبێ ترس هێرش بکەنە سەر هەسەدە
2024-12-13 16:35:26 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
پاش پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، سیناتۆر کرس ڤان هۆڵن ڕایگەیاند پشتیوانی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانە کوردەکان دەبێت بەردەوام بێت. ڤان هۆڵن، نوێنەری ویلایەتی مەریلاند لە سیناتی ئەمەریکا، لە ڕاگەیاندنێکیدا لە تۆڕی ئێکس دەڵێت " لەگەڵ پەرەسەندنی خێرای دۆخەکە لە سوریا، پشتیوانییە چەسپاوەکانی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانە کوردەکان و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) دەبێت پتەوبێت." ڤان هۆڵن لە ڕاگەیاندنەکەی ئێوارەی پێنجشەممەدا گوتیشی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی ئێوارەی پێنجشەممە پشتیوانییەکەی دووپاتکردووەتەوە و دەشڵێت " جەختم کردە سەر گرنگی هاوبەشێتی لەگەڵ هەسەدە. کە وەکو نوکی ڕم بوون لە شەڕی ئێمەدا دژ بە داعش." هۆڵن دەشڵێت باشترین بەرژەوەندی ئەمەریکا لەوەدایە کە ئەم هاوپەیمانییە بەهێزە بهێڵێتەوە و هێزەکانی ئەمەریکاش لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بهێڵێتەوە. هۆڵن جەختیش لەوە دەکاتەوە ئەمەریکا نابێت "ڕێگە بدات گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەبێ ترس هێرش بکەنە سەر هەسەدە و پێویستە هەوڵی ئاگربەستێکی بەردەوام بدات بۆ پشتیوانی کردن لە هاوپەیمانەکانمان و ئاسایشی ناوچەکە." هەر لە ڕۆژی پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکنیش لە کونفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە)ی بە گرنگ نرخاند. ئەمەریکا لە ئێستادا 900 سەربازی لە سوریا هەیە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی جیهانی دژ بە داعش، کە بەشێکی سەرەکی ئەو هاوپەیمانییە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە ڕێبەرایەتی کورد بوو.