وتەبێژی وەزارەتی دارایی: سبەی شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی گرفتی سێ مووچەکە دەچنە بەغداد
2024-12-14 15:10:24 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
وتەبێژی وەزارەتی دارایی ڕایدەگەیەنێت، سبەی ڕۆژی یەکشەممە شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی دەچێتە بەغداد و لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆدەبنەوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ و هەمواری بەدجەی ساڵی 2025. دەشڵێت،" هەوڵەکان بۆ ئەوەیە مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ بتوانرێت دابەشبکرێت." هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" سبەی شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتی جەنابی وەزیری دارایی دەچێتە بەغداد و لەگەڵ بەڕیز وەزیری دارایی عێراق کۆدەبێتەوە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی بابەتی مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ، خۆشبەختانە بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەر بووە، ماوەتەوە تەمویل بکرێت." وتیشی،" هەتا پێنج شەممەش بڕیاری خەرجکردنی پارەکە دەرنەچووبوو تا بخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام بە هیواین کە سبەی شاندەکە دەچێتە بەغداد، تەمویلی مانگی 11 و 12ش بکرێت، و بتوانین کێشەی سێ مووچەی ئەمساڵ چارەسەر بکەین." وتەبێژی وەزارەتەکە جەختیشی کردەوە لەوەی،" هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە بتوانین مووچەی هەر سێ مانگەکەی ئەمساڵ دابەش بکەین." حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچەی موچەخۆران، مانگانە پێویستی بە سەرووی 990 ملیار دینارە، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق 761 ملیار دیناری بۆ موچەی مانگی 10 ڕەوانە کردووە، بۆیە هەرێم بە بیانووی کورتهێنان تا ئێستا موچەی مانگی 10 ی دابەش نەکردووە و نزیکەی 73 ڕۆژە مووچەخۆرا مووچەیان وەرنەگرتووە. وەک وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت، وەزارەتی دارایی عێراق ڕەزامەندی داوە لەسەر ناردنی 430 ملیار دیناری تر بۆ هەرێم بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان، بەڵام تا پێنج شەممەش ئەو بڕە پارەیە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان نەکراوەو نەخراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای هەفتە بڕە پارەکە بگاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم. دابەش نەکردنی مووچە کاریگەری لەسەر مووچەخۆران دروستکردووە و بەو هۆیەشەوە بەشێکی زۆر لە دامەزراوەکانی سنوری سەوز بایکۆتی دەوامیان کردووە و قوتابخانەکانیش داخراون. هونەر جەمال دەڵێت،" وێرای هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ، تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتمان وا بڕیارە لەگەڵ تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی عێراق کۆببنەوە بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ هەمواری یاسای بودجە و گۆڕانکاری لە تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێم بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی لە ساڵی 2024 هەبوون لە ساڵی 2025 بە تەواوەتی چارەسەر ببن و دووبارە نەبنەوە."