هەواڵی کوردستان ئێستا

سەرچاوەکان دەڵێن ڕووسیا دەکشێتەوە بەڵام لە سوریا نا

سەرچاوەکان دەڵێن ڕووسیا دەکشێتەوە بەڵام لە سوریا نا
سەرچاوەکان دەڵێن ڕووسیا دەکشێتەوە بەڵام لە سوریا نا

2024-12-14 20:15:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


چوار بەرپرسی سوریایی بە ڕۆیتەرزییان وت ڕووسیا هێزەکانی لە هێڵەکانی پێشەوە لە باکووری سوریا و لە خاڵە چاودێرییەکانی چیای عەلەوی دەکشێنێتەوە بەڵام دوو بنکە سەرەکییەکەی لە وڵاتەکەدا بەجێ ناهێڵێت. حافیز ئەسەد و دواتر بەشار ئەسەدی کوڕی پەیوەندییەکی نزیکییان لەگەڵ سوریادا دروست کردبوو، ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد داهاتووی دوو بنکە سەرەکییەکەی ڕووسیای لە سوریا – بنکەی ئاسمانی حمیمیم لە لازقییە و بنکەی دەریایی تەڕتوس - خستە جێی گومانەوە. گرتەیەکی ڤیدیۆیی مانگە دەستکردەکان لە ڕۆژی هەینیدا پیشانی دەدەن کە دوو فڕۆکەی ئەنتۆنۆڤ AN-124 لە بنکەی ئاسمانی حمیمیم بوون. لانیکەم یەک فڕۆکەی بارهەڵگر ڕۆژی شەممە بەرەو لیبیا فڕیوە، ئەمەش بەپێی بەرپرسێکی ئاسایشی سوریایی کە لە دەرەوەی بنکەکەدا جێگیر کراوە. سەرچاوە سەربازیی و ئاسایشییەکانی سوریا کە لە پەیوەندیدان لەگەڵ مۆسکۆدا بە ڕۆیتەرزییان وت کە مۆسکۆ هێزەکانی و هەندێک لە کەلوپەلە قورسەکانی و بەرپرسە باڵاکانی سوریا لە هێڵەکانی پێشەوە دەکشێنێتەوە. بەڵام سەرچاوەکان وتییان ڕووسیا لە دوو بنکە سەرەکییەکەی ناکشێتەوە و نیازیشی نیە ئەو کارە بکات. ئەفسەرێکی باڵای سوپای سوریا کە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ سوپای ڕووسیادا وتی هەندێک لە کەلوپەلەکان ڕەوانەی مۆسک کراونەتەوە، لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی باڵای سوپاکەی ئەسەددا، بەڵام ئامانجەکە لەم قۆناغەدا خۆڕێکخستنەوەیە بەپێی پێشهاتەکانی ڕاستی دۆخەکە. بەرپرسێکی باڵای یاخیبووەکان کە نزیکە لە بەڕێوبەرایەتییە کاتییەکەی سوریاوە بە ڕۆیتەرزی وت کە پرسی بوونی سەربازیی ڕووسیا لە سوریا و ڕێککەوتنەکانی ڕابردووی نێوان حکومەتەکەی ئەسەد و مۆسکۆ گفتوگۆیان لەسەر ناکرێت. وتی " ئەوە بابەتی گفتوگۆکانی داهاتووە و گەلی سوریا دوایین قسەیان لەو بارەیەوە دەبێت." وتیشی مۆسکۆ کەناڵی پەیوەندی دروست کردووە. وتیشی " هێزەکانیشمان لە نزیک بنکەکانی ڕووسیاوەن لە لازقییە." کرێملن وتی ڕووسیا لەگەڵ فەرمانڕەوا نوێیەکانی سوریادا لە گفتوگۆدایە سەبارەت بە بنکەکان. سەرچاوەیەکی ڕووسیایی وتی گفتوگۆکان لەگەڵ فەرمانڕەوا نوێیەکانی ڕووسیادا بەردەوامن و ڕووسیا لە بنکەکانی ناکشێتەوە. ڕووسیا لە جەنگی ساردەوە پشتیوانی لە سوریا کردووە، لە شەڕی ناوخۆی سوریاشدا پشتیوانی لە مانەوەی حکومەتەکەی ئەسەد کرد. بنکەکان لە سوریادا بەشێکی سەرەکی بوونە سەربازییە جیهانییەکەی ڕووسیان: بنکەی دەریایی تەرتوس تەنها ناوەندی ڕووسیایە لە دەریای ناوەنددا بۆ چاککردنەوەی کەشتییەکانی و دابینکردنی پێویستییەکان بۆ هێزەکانی. بنکەی ئاسمانی حمیمیمیش سەکۆیەکی سەرەکی گەورەیە بۆ چالاکییە سەربازیی و بەکرێگیراوییەکانی ڕووسیا لە ئەفریکا. بنکەی تەرتوس بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1971. دوای ئەوەی ڕووسیا دەستیکرد بە یارمەتیدانی ئەسەد لە شەڕی ناوخۆی سوریادا، سوریا جارێکی دیکە بنکەکەی بە خۆڕایی دایەوە بە ڕووسیا بۆ ماوەی 49 ساڵی دیکە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز