هەواڵی کوردستان ئێستا

ئێران سزای 10 ساڵ زیندانیکردن بەسەر ڕۆژنامەنووسێکی ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک ئێرانیدا دەسەپێنێت

ئێران سزای 10 ساڵ زیندانیکردن بەسەر ڕۆژنامەنووسێکی ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک ئێرانیدا دەسەپێنێت
ئێران سزای 10 ساڵ زیندانیکردن بەسەر ڕۆژنامەنووسێکی ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک ئێرانیدا دەسەپێنێت

2024-12-14 22:15:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


پارێزەرەکانی ڕۆژنامەنووسەکە ڕۆژی شەممە وتییان دادگایەکی ئێران سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی سەپاندووە بەسەر ڕەزا ڤەلیدزادەدا دوای ئەوەی تۆمەتباری کرد بە تۆمەتی هاریکاریکردن لەگەڵ حکومەتێکی نەیاردا. ڕەزا ڤەلیدزادە ڕۆژنامەنووسێکی پێشووی بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا بووە و لەگەڵ ڕادیۆ فەرداشدا کاری کردووە کە سەر بە ڕادیۆی ئازادی ئەوروپایە، کە هەردوو دەزگاکە سەر بە دەزگای میدیای جیهانی ئەمەریکان. پارێزەرەکەی ڤەلیدزادە، محەمەد حوسەین ئاقاسی بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت کە دادگای پاسدارانی تاران ڤەلیدزادەی بە تۆمەتی " هاریکاریکردن لەگەڵ حکومەتی نەیاری ئەمەریکادا " تاوانبار کردووە. لە مانگی هەشتدا ڤەلیدزادە دوو پەیامی بڵاوکردەوە و تێیدا پێشنیاری ئەوەی دەکرد کە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران سەرەڕای ئەوەی کە تاران ڕادیۆ فەردای وەکو دەزگایەکی میدیایی نەیاری ئێران سەیرکردووە. لە پەیامەکەدا هاتووە دەڵێت " لە 6 ی مانگی سێی ساڵی 2024 دا گەیشتمە تاران. پێش ئەوە گفتوگۆکانم لەگەڵ بەشی هەواڵگری سوپای پاسداراندا تەواو نەکردبوو. دواجار دوای 13 ساڵ بەبێ هیچ گرەنتییەکی ئاسایش گەڕامەوە بۆ وڵاتەکەم." ئاقاسی وتی دوای گەڕانەوەی لە ماوەی شەش مانگی یەکەمدا ئازاد بووە، دواتر دەستگیرکراوە. پێشتر لە مانگی یانزەدا، کیانوش سەنجاری کە ڕۆژنامەنووسێکی پێشووی بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا بوو، لەسەر بینایەکەوە لە تارانی پایتەختی ئێران خۆی بەردایە خوارەوە و گیانی لە دەستدا، ئەوەش وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک دژی ڕابەری باڵای ئێران و سەرکوتکارییە بەردەوامەکانی ئێران دژی دەنگی ناڕازی لە وڵاتەکەدا. بەرپرسانی ئێران وتییان سەنجاری تەمەن 42 ساڵ پێشتر داوای ئازادکردنی چوار زیندانیکراوی کردبوو و هەڕەشەی خۆکوشتنی کردبوو ئەگەر ئازاد نەکرێن. لە ساڵی 2007 دا پێشکەشکاری ڕادیۆ فەردا پەرناز عەزیمە بۆ ماوەیەکی کورت گەڕایەوە بۆ ئێران تاوەکو سەردانی دایکی بکات. پاسپۆرتەکەی لە فڕۆکەخانەدا دەستی بەسەردا گیرا. بەرپرسان قەدەغەیان کرد لەسەری٢ وڵاتەکە جێبهێڵێت و چەندین جار لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بانگکرا بۆ لێپرسینەوە. دواجار بە کەفالەت ئازاد کرا و ڕێگەی پێدرا وڵاتەکە جێبهێڵێت. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا