هەواڵی کوردستان ئێستا

مەزڵوم عەبدی پێشوازی لە بەیاننامەی کۆتایی لوتکەی عەقەبەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی سەبارەت بە سوریا دەکات

 مەزڵوم عەبدی پێشوازی لە بەیاننامەی کۆتایی لوتکەی عەقەبەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی سەبارەت بە سوریا دەکات
مەزڵوم عەبدی پێشوازی لە بەیاننامەی کۆتایی لوتکەی عەقەبەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی سەبارەت بە سوریا دەکات

2024-12-15 16:02:50 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، لە پەیامێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەڵێت" ئێمە پێشوازی لە بەیاننامەی کۆتایی لوتکەی عەقەبەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی دەکەین سەبارەت بە سوریا و ستایشی ڕۆڵی کاریگەری عەرەب دەکەین لە کۆتاییهێنان بە شەڕ لە سوریا." فەرماندەکەی هەسەدە گوتیشی "ئێمە جەخت لەسەر پێویستی ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکەینەوە، بەپێی ئەوەی لە بەیاننامەی کۆتاییدا ئاماژەی پێکراوە، لە سەر هەموو خاکی سوریا، وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ ڕێگەخۆشکردن بەرەو گفتوگۆیەکی بنیاتنەر، کە ببیتە هۆی بنیاتنانی سوریایەکی نوێ."   ژمارەیەک لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتە عەرەبیەكان دوای كۆبوونەوەیان لە ئوردن ڕایانگەیاند، پشتیوانی لە پرۆسەیەکی گواستنەوەی سیاسی ئاشتیانە دەكەن لە سوریا کە هەموو هێزەکان تێیدا بەشداربن، هەروەها "سەركۆنەی هێرشەكانی ئیسرائیلیان بۆ سەر خاكی سوریا كرد و بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەژماریان کرد، داوایان کرد هێزەکانی ئیسرائیل لەو وڵاتە بکشێنەوە." ئوردن و عەرەبستانی سعودیە و عێراق و میسر و لوبنان و سکرتێری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی قەتەر و ئیمارات و بەحرەین و تورکیا بەشدارییان لە کۆبوونەوەکاندا کرد. هەروەها ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەمەریکا و نوێنەری باڵای یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئاسایش و نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.