فەڕەنسا دیپلۆماتکارەکانی دەنێرێت بۆ سوریا
2024-12-15 20:05:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند فەڕەنسا ڕۆژی سێشەممە تیمێک لە دیبلۆماتکارەکانی دەنێرێت بۆ سوریا بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی دۆخی سیاسیی و ئاسایشی ئەو وڵاتە. زۆربەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پێشوازییان لە ڕووخانی بەشار ئەسەد کرد، بەڵام ئێستا تاوتوێی ئەوە دەکەن کە ئایا دەتوانن کار لەگەڵ ئەو یاخیبووانەدا بکەن کە ئەسەدییان لابرد یان نا، بە گروپی تەحریر شامیشەوە کە گروپێکی ئیسلامییە و لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە وەکو گروپێکی تیرۆریستی ناسێندراوە. وەزارەتەکە وتی " تیمێک لە دیبلۆماتکارانی فەڕەنسایی ڕۆژی سێشەممە گەشت دەکەن بۆ سوریا بۆ پیشاندانی خواستی فەڕەنسا بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی سوریا." لە دوای پچڕاندنی پەیوەندییەکانەوە لەگەڵ ئەسەددا لە ساڵی 2012 ەوە، فەڕەنسا هەوڵی نەداوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سوریادا ئاسایی بکاتەوە و بە شێوەیەکی بەرچاو پشتگیری لە ئۆپۆزسیۆنە دەربەدەر و هێزە کوردییەکان کردووە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا. بەرپرسانی فەڕەنسا لەگەڵ ئەو گروپانەدا کۆبوونەتەوە و پاریس دەڵێت گواستنەوەیەکی سیاسیی دەسەڵات لە سوریا دەبێت متمانەپێکراو و گشتگیر بێت، دەبێت بگونجێت لەگەڵ ئەو چوارچێوەیەدا کە نەتەوە یەکگرتووەکان دایناوە. هەندێک لە دیبلۆماتکاران دەڵێن پەیوەندییەکانی فەڕەنسا لەگەڵ بەرپرسانی نوێی سوریادا دەکرێت سوود وەربگرێت لەو ڕاستییەی کە فەڕەنسا هەرگیز هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نەداوە لەگەڵ ئەسەددا. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز