هەواڵی کوردستان ئێستا

بۆچی ئیسرائیل دوای ڕووخانی ئەسەد بەرزترین چیای سوریای گرت

بۆچی ئیسرائیل دوای ڕووخانی ئەسەد بەرزترین چیای سوریای گرت
بۆچی ئیسرائیل دوای ڕووخانی ئەسەد بەرزترین چیای سوریای گرت

2024-12-15 22:20:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


لەگەڵ پەرەسەندنی خێرای ڕووداوەکانی سوریا و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، هێزەکانی ئیسرائیل بەبێ کات بەفیڕۆدان چوونە سەر چیای شێخ لە باشوری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە و ڕایانگەیاند ناکشێنەوە. بەرپرسانی ئیسرائیل و شارەزایانی ستراتیژی ئاسایش دەڵێن چیای شێخ ئەوپەڕی گرنگە بۆ باڵادەستی سەربازی لە ناوچەکەدا. چیای شێخ دەکەوێتە ئەو ناوچەیەی کە ئیسرائیل و سوریا و لوبنان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بە بەرزی نزیکەی 2 هەزار و 814 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریادا دەبێتە بڵندترین خاڵ لەسەر ئاستی سوریا و ئیسرائیل. لەسەر ئاستی لوبنانیش، چیاکە لە پلەی دووەم دێت دوای شاخی قوڕنەی ڕەش کە بە بەرزایی 3 هەزار و 88 مەتر دەکەوێتە باکوری لوبنان. لە کاتی هەڵگرسانی شەڕی ساڵی 1967 لە نێوان ئیسرائیل و سوریا و گرتنی بەرزاییەکانی گۆلان لە لایەن ئیسرائیلەوە، چیای شێخ بووە ناوچەیەکی گرنگی پێکدادان و بەرەنگاری هێزەکانی هەردوو وڵات. دواتر لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی "جیاکردنەوەی هێزەکان" لە ساڵێ 1974 چیاکە بوو بە بەشێک لە ناوچەی داماڵراو لە هێزی سەربازی و لەلایەن هێزەکانی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوە دەبرا. ڕۆژی 8ی دوازدەی 2024، لە کاتێکدا یاخیبووەکانی سوریا بە سەرکردایەتی ئەبو محەمەد جۆلانی چوونە نێو دیمەشقەوە، سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنی 50 ساڵەی جیاکردنەوەی هێزەکانی لەگەڵ سوریا ڕاگەیاند. نەتانیاهو لە بەرزاییەکانی گۆلانەوە ڕایگەیاند، "ئەم ڕێککەوتنە بۆ 50 ساڵ خۆی گرت و شەوی ڕابردوو هەرەسی هێنا. سوپای سوریا ناوچەکانی چۆڵکرد و ئێمە فەرمانمان کرد بە سوپای ئیسرائیل ئەو ناوچانە بگرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ هێزێکی دوژمنکار نەتوانێت لە سنورەکانی ئیسرائیل خۆی جێگیر بکات. ئەمە ڕێکخستنێکی بەرگری کاتییە هەتا ئەو کاتەی ڕێکخستنێکی گونجاو دێتە ئاراوە." بە گوێرەی سەرچاوەکانی سوریا، هێزەکانی ئیسرائیل بە قوڵایی 10 کیلۆمەتر چوونەتە ناو خاکی سوریا. ڕێکخراوی چالاکوانی دەنگی پایتەخت ڕایگەیاندووە لە ناوچەی چیای شێخ هێزەکانی ئیسرائیل هەتا بیقەسام پێشڕەوییان کردووە کە تەنها 25 کیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختەوە دوورە. تەنها ڕۆژێک دوای پێشڕەوییەکەی ئیسرائیل، حکومەتی سوریا لەژێر دەستەڵاتی ئەبو محەمەد جۆلانی لە نامەیەکدا سکاڵای گەیاندە ئەنجومەنی ئاسایشی یوئێن.   ڕۆژی پێنجشەممە، 12ی دوازدەی 2024، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس سکرتێری یوئێن لە پەیامێکدا ڕایگەیاند بە قوڵی نیگەرانە بەرامبەر "پێشێلکارییە بەرفراوانەکانی ئەم دواییە بۆ سەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا." گوتێرێس داوای کرد ڕێز لە ڕێککەوتنی ساڵی 1974 بۆ جیاکردنەوەی هێزەکان بگیرێت و ڕایگەیاند، "ئیدانەی هەر کردەیەک دەکەین کە هاوتانەبێت لەگەڵ ڕێککەوتنەکە." بەڵام ئیسرائیل پێداگرە لە مانەوەی هێزەکانی لە چیای شێخ و دەڵێت هەنگاوەکەی بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیەتی. ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ڕۆژی هەینی داوی لە سەربازانی وڵاتەکەی کرد لە سەر چیاکە خۆیان بۆ وەرزی زستان و بەفربارین ئامادەبکەن. ئیسرائیل کاتز ڕایگەیاند، "بەهۆی پێشهاتەکان لە سوریا، ئەوپەڕی گرنگی هەیە دەستەڵاتمان بەسەر بەرزایی چیای شێخدا هەبێت." سەبارەت بە گرنگی چیاکە، ئیفرەیم ئینبار بەڕێوەبەری پەیمانگای ئۆرشەلیم بۆ ستراتیژی و ئاسایش، بە ئاژانسی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی ڕاگەیاندووە، " ئەمە بەرزترین شوێنی ناوچەکەیە کە بەسەر لوبنان و سوریا و ئیسرائیلدا دەڕوانێت. لە ڕووی ستراتیژییەوە ئێجگار گرنگە. هیچ جێگرەوەیەک بۆ شاخ نییە." ئیفرەیم ئینبار دەشڵێت، "چیاکە یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای چاودێری ئەلیکترۆنی بەناو قووڵایی خاکی سوریادا؛ توانای ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بە ئیسرائیل دەدات لە ئەگەری هێرشدا." هەروەها فرۆکەوانێکی پێشووی سوپای ئیسرائیل دەڵێت دەڵێت چیاکە یارمەتی هێزە تایبەتی و سیخوڕیەکانی ئیسرائیل دەدات سەرکەوتوانەتر چالاکی لە سوریادا ئەنجامبدەن و ڕووبەڕووی چالاکییەکانی ئێران ببنەوە. فرۆکەوانەکەی پێشووی سوپای ئیسرائیل، نەفتەلی هەزۆنی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "لە ڕابردوودا ڕادارەکانی ئیسرائیل ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبوونەوە چونکە نەیاندەتوانی لەودیو چیای شێخ و بەشێک لە لوبنان ببینن. درۆنە نزمەکانی ئێران ئەم لاوازییەیان دەقۆستەوە و جاروبار دزەیان دەکردە ناو ئیسرائیلەوە."