لە هەرێم بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندن خۆڕسکانەیە یان دەستی سیاسی لە پشتە؟
2024-12-16 19:35:25 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
مامۆستایانی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین ماوەی زیاتر لە پانزە ڕۆژە بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندنیان کردووە و کۆمەڵێک مەرج و داواکاریان هەیە، ناشیشارنەوە لە ڕۆژانی داهاتوو 100 مامۆستا لەشەقام دەمێننەوە و مان لەخواردن و خواردنەوە دەگرن، ئەندامێکی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی کۆیەش دەڵێت،" ناچینە نێو هیچ فشارێک بۆ بەرژەوەندی سیاسی حزبی و خۆڕسکانە بایکۆتمان کردووە و لە ماڵەکانمان دەمێنینەوە." فەرمان مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی کۆیە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشوو بە شێوەیەکی خۆڕسکانە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندمان کردووە و ناگەڕێنەوە تا ئەو کاتەی موچە وەردەگرین، هەمووشی کە بایکۆتی کردووە لەماڵەکانی خۆیان دەمێننەوە و نایەینە نێو شەقام." لە سنوری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک زیاتر لە 10 ساڵە مامۆستایانی دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن و بایکۆت ناکەن و تاکە قەزا کە لەڕووی ئیداریەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە و لە ڕووی سیاسیەوە سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، مامۆستایان و فەرمانبەران تێدا ساڵانە بۆ موچە بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندن و فەرمانگەکانی حکومەت دەکەن. دەنگی ئەمەریکا لەسەر بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن و داواکاریەکانی مامۆستایان، پەیوەندی بە وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە پەیوەندیەکە بێ وەڵامبوو. فەرمان مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی کۆیە، ڕاشیگەیاند،" هۆکاری نەهاتمان بۆ شەقام ئەوەیە نامانەوێت هیچ دەستێک تێکەڵ بە خواستی مامۆستایان بێت، سەبارەت بەوەی بۆچی مامۆستایانی کۆیە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و هەولێر نەیکردووە، لەکاتێکدا کۆیە لەڕووی ئیداریەوە سەر بە هەولێرە و لەڕووی سیاسیەوە سەر بە زۆنی سەوزە و یەکێتی بەڕێوە دەبات، یەکێتی خۆی ڕێگە خۆشکەرە بۆ ئەوەی بایکۆت لەسنوری کۆیەدا بکرێت." ئەو مامۆستا ناڕازییە وتیشی،" ئەم جارە یەکێتی و نەوەی نوێ زۆر جەختیان لەوە کردووەتەوە بۆچی مامۆستایان وەکو ساڵانی پێشوو بایکۆت ناکەن و گەرموو گوڕ نین لە هاتنیان بۆ نێو شەقام، بۆیە ئەو هاندانە پێشهاتێکی سیاسی لەپشتە بۆ وەرگرتنی پۆستی زیاتر لە حکومەت، بۆیە موچە درا بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن." سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی یەکێتی بۆ هاندانی مامۆستایان بۆ بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن و چوونیان بۆ سەر شەقام وەک فشارێک بۆ ئەوەی پۆستی زیاتر لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم وەربگرن، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وەڵامی پەیوەندیەکەی نەدایەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 16ی مانگی دوانزەی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی موچەی مانگی 10ی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند لە ماوەی شەش ڕۆژدا موچەخۆران موچەکانیان وەردەگرن و هەرکات پارەی پێویست لە بەغداوە گەشتە هەرێم ئەوە لیستی موچەی مانگی 11ش بڵاودەکەنەوە. بڵاوکردنەوەی ئەم لیستە دوای ئەوە دێت موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە 18ی مانگی دەی 2024، موچەی مانگی نۆیان پێدراوە. دڵشاد میرانی ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند،" ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشوو بایکۆت زۆر خۆڕسکانەیە، چونکە موچەخۆر ژیانی لە ئەوپەڕی خراپیدایە، بۆیە تا موچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12 نەدرێت و موچە تەوتین نەکرێت و لەنێوان بەرداشی حکومەتی ناوەندی و هەرێم نەیەتە دەرەوە ئەوە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەردەوام دەبێت." وتیشی،" ئەمساڵ جیاواز لە 10 ساڵی ڕابردوو چالاکیەکانی بایکۆت جیاوازتر دەبێت و هەرکات چووینە شەقام 100 مامۆستا لە شوێنێکی شەقام دەمێننەوە و مان لە خواردن و خواردنەوە دەگرن، تا بەڵێنی تەواوەتی وەردەگرین لەسەر داواکاریەکانمان." حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە گفتوگۆی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی موچەی مانگەکانی 11ی و 12 ی ئەمساڵ، بەڵام هێشتا نەگەشتوونەتە دەرئەنجامی کۆتایی، فەرمانبەران و مامۆستایانییش لە سنورەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین و کۆیەش سورن لەسەر ئەوەی ئەمجارە ناگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکانیان تا موچە" تەوتین" نەکرێت و موچەی مانگەکانی ئەمساڵیان بەتەواوی پێنەدرێت.