زانایان دەیانەوێت تۆوی مرۆڤ بۆ واڵایی بنێرن
2024-12-16 23:00:25 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
بەردەوامی گۆڕانی کەشوهەوا و کارەساتی سروشتی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کوشندە و ئەگەری ڕوودانی جەنگی ئەتۆمی بەشێکن لەو مەترسییانەی کە داهاتووی مانەوەی مرۆڤ لەسەر زەوی دەخەنە مەترسییەوە. زانایان دەڵێن گرنگە مرۆڤ هەنگاو بۆ دابینکردنی هۆکارەکانی گەشەکردنی لەدەرەوەی هەسارەی زەوی بنێت. بەڵام مەترسی تیشکدانەوە و لاوازی کێشکردن لە دەرەوەی بەرگەهەوای زەوی کاریگەرییەکان لەسەر وەچەخستنەوە و مانەوەی تەندروستی مرۆڤ هەیە. ئێستا کۆمەڵێک توێژەر لە ژاپۆن سەرقاڵی پڕۆژەیەکن بۆ ناردنی سپێرمی مشک بۆ وێستگەی واڵایی نێودەوڵەتی کە بە بەرزی زیاتر لە 400 کیلۆمەتر بە دەوری زەویدا دەخولێتەوە. مەبەستی لێکۆڵینەوەکە بریتییە لە زانینی کاریگەرییەکانی تیشکدانەوە لەسەر پرسی وەچەخستنەوەی مەمکدارەکان. توێژەرەکان دەڵێن دوای کرداری وشککردنەوە بە ڕێگەی سارد، تۆوەکان لە وێستگەی واڵایی نێودەوڵەتی لە ناو سندوقی دژە تیشکدانەوە عەمبار دەکرێن. ئامانجیان ئەوەیە لە چەند ساڵی داهاتوودا زانایان بتوانن بە ڕێگەی پیتاندنی ئامێری IVF ئەو تۆوانە لەگەڵ هێلکەدا بپیتێندرێن. دەڵێن سەرکەوتنی پرۆسەکە هیوایەکە بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی لە ئەگەری لەناوچوونی ژیان لەسەر زەویدا. تێروهیکۆ واکایاما، پڕۆفیسۆر لە سەنتەری پێشکەوتووی بایۆتەکنەلۆجیای زانکۆی یاماناشی، بە ئاژانسی سی ئێن ئێنی ڕاگەیاند، "ئامانجمان دامەزراندنی سیستەمێکە بۆ پاراستنی هەمیشەیی و سەلامەتی سەرچاوە جینییەکانی زەوی لە شوێنێکی واڵایی – جا ئەو شوێنە لەسەر مانگ بێت یان لە شوێنێکی تر – بۆ ئەوەی ژیان زیندوو بکرێتەوە لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی زەوی لەگەڵ کارەساتی وێرانکەر." ئەمە یەکەمجار نییە زانایان هەوڵ بۆ سەرکەوتنی ئەم ئامانجە دەدەن. ساڵی 1989 زانایان 32 هێلکەی پیتێندراوی مریشکیان نارد بۆ خولگەی زەوی بۆ زانینی کاریگەرییەکانی گۆڕانی هێزی کێشکردن لەسەر گەشەی ئاوڵەمە. لە ئەنجامدا دەرکەوت نزمبوونەوەی هێزی کێشکردنی زەوی کاریگەری هەیە لەسەر گەشەکردنی ئاوڵەمە و ئێسکە پەیکەردا. لە هەنگاوێکی تردا ساڵی 1992 زانایان کۆمەڵێک سەرە مێکوتەیان نارد بۆ واڵایی. دەرکەوت سەرە مێکوتەکان لە ڕۆژانی سەرەتای ژیانیاندا لە واڵایی نەیاندەتوانی هەناسە بدەن. هەنگاوەکانی زانایان لە کاتێکدان کە بڕیارە ناسا کۆتایی ساڵی 2026 جارێکی تر مرۆڤ بنێرێت بۆ سەر مانگ. زانایان دەڵێن جەستەی مرۆڤ لە واڵاییدا ڕووبەڕووی مەترسی شێرپەنجە دەبێتەوە بە هۆی زۆری تیشکدانەوەی گەردوونی. هەروەها نەمانی هێزی کێشکردن دەبێتە هۆی لاوازکردنی ئێسک و بینایی و سیستەمی بەرگری.