وتەبێژی یەکێتی: سلێمانی پاشەڵ پیسی وەکو ماهر ئەسەد حەشار نادات
2024-12-17 17:10:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ماهر ئەسەد برای بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریا بە هیچ شێوەیەک ڕووی لە شاری سلێمانی نەکردووە، سلێمانیش کەسێک حەشار نادات کە پاشەڵی وا پیس بێت. سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەر کەسێک بیەوێت بە پیادەڕەوی لە سوریاوە بێتە هەرێمی کوردستان، دەبێت بە ناو هەولێردا یاخود بەناو عێراق دا بێتە سلێمانی، خۆ سلێمانی لەسەر سنوری سوریا نییە." دەشڵێت،"فڕۆکەخانەی سلێمانی بە ڕووی فڕۆکەخانەی دیمەشق دا کراوە نییەو سلێمانی لەسەر دەریاش نییە، ئیتر چۆن دەتوانرێت لە سوریاوە کەسێک بێتە سلێمانی، بۆیە بڵاوکردنەوەی هەواڵی هاتنی ماهر ئەسەد بۆ سلێمانی دەستی سیاسی لە پشتە." ماهر ئەسەد فەرماندەی پاسەوانی کۆماری و فەرماندەی فیرقەی چواری زرێپۆشی سوپای سوریا بوو، تۆمەتبار دەکرێت بە کوشت و بڕکردنی خەڵکی سوریاو بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر بە تایبەت حەبی جۆری کاپتاگۆن. ئەمڕۆ سێشەممە، 17 ی مانگی 12 ی 2024، بەشێک لە میدیا عەرەبییەکان بڵاویانکردەوە، گوایە دوای هەڵهاتنی لە سوریاوە بەرەو عێراق، ماهر ئەسەد برای بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریا ڕووی لە شاری سلێمانی کردووەو لەوێشەوە ڕۆیشتووەتە شاخی قەندیل ی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە. سەعدی پیرە وتی،"نە کەس هاتووە بۆ سلێمانی، نە سلێمانیش کەسێکی پاشەڵ پیسی وەکو ماهر ئەسەد حەشار دەدات." ئەو وتیشی،"زۆر جار کاتێک ناوچەکانی سلێمانی بۆردومان دەکرێت پاساوی بوونی پەکەکەو تیرۆر دەهێنرێتەوە، هەموو ئەمانە درۆ و دەلەسەن." هاوشێوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستان ڕەتیدەکەنەوە ماهر ئەسەدی برای سەرۆکی پێشووی سوریا ڕووی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان لە شاخی قەندیل کردبێت. زاگرۆس هیوا، وتەبێژی پەیوەندییەکانی پەکەکە لە بارەی رۆیشتنی ماهر ئەسەد بۆ چیای قەندیل، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەو بانگەشانەی گوایە دوو کەس لە کاربەدەستانی رژێمی پێشووی سوریا لە قەندیل پەنا دراون، بە تەواوی دوورن لە ڕاستییەوە، ئەمە وەکو شەڕی دەروونی دژ بە گەلی کوردستان هەڵدەسەنگێنین." ئەو وتیشی،"ئەم بانگەشەو هەواڵە دەستکردو فەیکانە نەک لەگەڵ واقیعی سیاسی و جوگرافی عێراق و باشوری کوردستان یەک ناگرنەوە، بەڵکو ئامانج لێی دروستکردنی زەمینەیە بۆ دەستوەردان و نانەوەی ئاژاوەو پشێوی." ڕۆژی 7 ی مانگی 12 ی 2024، ژمارەیەکی زۆر سەربازی سوپای سوریا لە ڕێگەی دەروازەی سنوری قائیمەوە سوریایان بەجێهێشت و چوونە نێو خاکی عێراقەوە، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق. بڵاوبوونەوەی هەواڵی هەڵهاتنی ماهر ئەسەد بۆ سلێمانی و ڕۆیشتنی بەرەو چیای قەندیل لە کاتێکدایە، پێشتر بەشێک لە میدیاکان بڵاویانکردەوە گوایە ماهر ئەسەد لە عێراقەوە رۆیشتووەتە ئێران و لەوێشەوە بەرەو روسیا بەڕێکەوتووە. عەمید میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ڕایگەیاند،"ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە بوونی ماهر ئەسەد لەناو خاکی عێراق بێ بنەمان." وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق داواشی لە میدیاکان کرد، وردبین و وریا بن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری. دروستبوونی مشت و مڕ لەسەر شوێنی خۆ حەشاردانی ماهر ئەسەدی برای سەرۆکی پێشووی سوریا لەکاتێکدایە، بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریاو خێزانەکەی لە وڵاتی روسیان، بەڵام هێشتا شوێنی خۆ حەشاردانی ماهر ئەسەد ئاشکرا نەبووە.