ڕێکخراوێکی سوریایی دەڵێت لانیکەم 100,000 تەرم لە گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە سوریا دۆزراونەتەوە
2024-12-17 19:30:25 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
سەرۆکی ڕێکخراوێکی ڕاوێژکاری سوریایی کە بنکەکەی لە ئەمەریکایە دەڵێت گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە دەرەوەی دیمەشق تەرمی لانیکەم 100,000 کەسی تێدا بووە کە لەلایەن حکومەتەکەی پێشووی بەشار ئەسەدی لابراوەوە کوژراون. مواز موستەفا لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە بە ڕۆیتەرزی وت شوێنەکە لە ئەلقوتەیفە کە 40 کم لە باکووری دیمەشقەوە دوورە، یەکێک بووە لەو پێنج گۆڕە بە کۆمەڵەی کە لە ماوەی چەندین ساڵدا دۆزیویاننەتەوە. موستەفای سەرۆکی هێزی ئەرکی بەپەلەی سوریایی وتی " ڕەنگە لە سەد هەزار زیاتر " هەبێت لەو شوێنەدا نێژراون. موستەفا وتی دڵنیایە لەوەی کە گۆڕی بە کۆمەڵی زیاتر هەیە لەو پێنج گۆڕەی کە دۆزراونەتەوە، وتیشی لەگەڵ قوربانییە سوریاییەکاندا هاووڵاتیانی بەڕیتانیایی و ئەمەریکایی و بیانییەکانی دیکەشییان تێدا بووە. ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بانگەشەکانی موستەفا پشتڕاست بکاتەوە. لە ساڵی 2011 ەوە کاتێک سەرکوتکارییەکانی ڕژێمەکەی ئەسەد دژی خۆپیشاندانەکان دەستیپێکرد و دواتر بوو بە شەڕی ناوخۆ، باوەڕوایە سەدان هەزاران سوریایی کوژرابێتن. ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و سوریاییەکان و وڵاتانی دیکە ئەسەد و حافز ئەسەدی باوکی تۆمەتبار دەکەن بە تۆمەتی کوشتنی خەڵکێکی زۆر لە دەرەوەی یاسادا، بە کوشتنی بە کۆمەڵیشەوە لە نێو وڵاتەکەدا. موستەفا وتی لقی هێزی ئاسمانی سوریا " بەرپرس بووە لە گواستنەوەی تەرمەکان لە نەخۆشخانە سەربازییەکانەوە کە لەوێ تاوەکو مردن ئەشکەنجەدراون بۆ لقە جیاوازەکانی هەواڵگری، دواتر ڕەوانەی گۆڕی بە کۆمەڵ کراون." سەرچاوە/ ڕۆیتەرز