هەواڵی کوردستان ئێستا

بەرپرسێکی باڵای شیعە: دەبێت چەک تەنها لای دەوڵەت و دامەزراوە ئەمنییەکان بێت

بەرپرسێکی باڵای شیعە: دەبێت چەک تەنها لای دەوڵەت و دامەزراوە ئەمنییەکان بێت
بەرپرسێکی باڵای شیعە: دەبێت چەک تەنها لای دەوڵەت و دامەزراوە ئەمنییەکان بێت

2024-12-18 23:40:25 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


لەکاتێکدا میدیاکان ئاماژە بە خواستی نێودەوڵەتی و فشارخستنە سەر حکومەتی عێراق دەکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا شیعە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران، بەڵام خۆ ڕادەستکردنی بەشێک لەو میلیشیایانە بە ئەستەم دادەنرێت، هەرچەندە لە ئێستادا بێ دەنگییان بەرامبەر دۆخەکە هەڵبژاردووە.  دوای ڕووخانی  ڕژێمی ئەسەد و هاتنە سەر دەسەڵاتی هەیئەت تەحریر ئەلشام لە سوریا، میدیاکان ئاماژە بەوەدەکەن فشار خراوەتە سەر حکومەتی عێراق بۆ چەککردنی میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران، کە تۆمەتبارن بە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و هێزەکانی هاوپەیمانان. دکتۆر محەمەد حسام، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە عێراق ئیش و کاری دامەزراوەکان بە یاسا ڕێکخراوە و حەشدی شەعبیش یەکێکە لە دامەزراوە ئەمنییەکان، هیچ ئاراستەیەک نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشد، بەڵکو خواست هەیە بۆ رێکخستنەوەی پەیکەری ئەم دامەزراوەیە." ئەو وتیشی،"پێداگیرین لەسەر ئەوەی چەک تەنها لای دەوڵەت و دامەزراوە ئەمنییەکان بێت، باوەڕمان وایە ئاراستەیەک هەیە بۆ چاکسازی لە نێو دامەزراوە ئەمنییەکان و پشتگیری ئاراستەی حکومەت دەکەین." بەپێی بەیاننامەی میلیشیا شیعەکانی عێراق، لە مانگی 11 ی ساڵی 2023 ەوە تا ئێستا نزیکەی 315 هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامداوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی ئیسرائیل کەمتر لە 100 هێرشیان پشتڕاستکردووەتەوە. ڕۆژی 13 ی مانگی 12 ی 2024، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە بەغدا پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کرد، دواتر میدیاکان بڵاویانکردەوە گوایە هۆشداری دراوەتە حکومەتی عێراق تا گروپە میلیشیا شیعەکان کۆنترۆڵ بکات بۆ ئەوەی دەستوەردان لە دۆخی سوریا نەکەن. بەپێی میدیا عەرەبییەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشاری خستووەتە سەر حکومەتی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و کارکردنی ئەو هێزانە لە ژێر چەتری هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی وڵات دا. ئیبراهیم سمێدعی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت،"پێویستە لەسەر گروپە چەکدارەکان خۆڕسکانە دەستپێشخەری بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆیان و تێکەڵبوون بە دۆخی سیاسی." هەروەها وتیشی،"گەر گروپە چەکدارەکان خۆیان هەڵنەوەشێننەوە، بە شێوازێکی تر بەسەرماندا دەسەپێنرێت و لە ڕێی هێزەوە ئەو کارە دەکەن و دەیانکەنە ئامانج." حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014 لەسەر بنەمای فەتوایەکی عەلی سستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دروستبوو، ئامانج لە دروستکردنی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش بوو، کە ئەوکات پێشڕەوی دەکردو چەند پارێزگایەکی عێراقی کۆنترۆڵ کردبوو. هەرچەندە حەشدی شەعبی لەسەر بنەمای فەتوایەک و بۆ شەڕی داعش دامەزرێنرا، بەڵام دواتر لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوەو بە هەوڵی لایەنە شیعەکان یاسایەکی تایبەتی بۆ دەرکرا، بەپێی یاساکە کرایە هێزێکی فەرمی و بەشێک لە سیستەمی بەرگری عێراق. زانا رۆستایی، یاساناس و ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسا هەیە کە ئەو هێزەی پێ دامەزراوە، دەبێت لەپەرلەمانی عێراق یاسا دەربکرێت بۆ ڕێکخستنەوەی هێزە سەربازییەکانی عێراق و تێیدا ئاماژە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایە بکرێت کە حەشدی پێ دامەزراوە." ئەو وتیشی،"گەر ئەو یاسایە هەڵبوەشێنرێتەوە کە حەشدی شەعبی پێ دامەزرێنراوە، ئەوکات حەشد وەکو دامەزراوەیەکی فەرمی سەربازی بوونی نامێنێت." ژمارەی هێزەکانی حەشدی شەعبی بە نزیکەی 150 هەزار چەکدار مەزەندە دەکرێت، لە دەیان گروپی جیاواز پێکدێن، بەشێک لەم گروپانە بە جێبەجێکاری ئەجێندای ئێران و کارکردن بۆ ئامانجی تایەفەگەری تۆمەتبار دەکرێن. خواستی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بۆ لە قاڵبدانی میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران کە بەشێکن لە حەشدی شەعبی لەکاتێکدایە، ئەم هێزانە بە هێرشکردنە سەر هاوپەیمانان و تێوەگلان لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بە بێ حسابکردن بۆ حکومەتی عێراق گوناهبار دەکرێن. حەمدی گلی، شارەزای بواری ئاسایشی نیشتمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"حەشدی شەعبی لە قۆناغێکدا دروستبوو بوونی پێویستبوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، بۆیە دەبێت مەرجەعیەتی شیعەو پەرلەمانی عێراقیش قسەی خۆیان هەبێت. گرنگە لەمەودوا حەشد کە ڕۆحێکی تایەفەگەرییان تێدایە بکرێن بە بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق." دەشڵێت،"قۆناغەکە هەستیارەو گەر لە حەشدی شەعبی بدرێت کۆتایی بەم هێزە دەهێنرێت، کۆتایی هاتنی حەشد بە واتای کۆتایی هاتنی ستراتیژەیەتێکی گەورە لە ناوچەکە دێت، ئەمەش زەرەرێکی گەورەیە بۆ دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق." لەکاتێکدا چاوەکان لەسەر داهاتووی حەشدی شەعبی و فشارە دەرەکییەکانن بۆ یەکلایی کردنەوەی داهاتووی ئەم هێزە، بەڵام ترسێک لای بەرپرسانی کوردیش دروستبووە بەوەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بکرێتە مەرج و گرفت بۆ داهاتووی پێشمەرگەش دروست بکرێت. ترسی بەرپرسانی کورد لە گرێدانی چارەنوسی حەشدی شەعبی بە هێزی پێشمەرگەوە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، چەند جارێک بەرپرسانی باڵای شیعە لە نێویاندا ڕێبەری ڕەوتی سەدر پێشمەرگەیان بە میلیشیا ناوبردووە. حەمدی گلی دەڵێت،"رەنگە لە حاڵەتی فشار خستنە سەر حەشدی شەعبی، بوترێت پێشمەرگەش وەکو حەشدی شەعبییەو داوای هەڵوەشاندنەوەی بکرێت، بەڵام حساباتی پێشمەرگەو حەشد جیاوازن و پێشمەرگە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە." فشارەکانی سەر حکومەتی عێراق بۆ لاوازکردنی ڕۆڵی میلیشیا شیعەکان لەکاتێکدایە، بەشێک لە حزبە سیاسییە شیعەکانی عێراق خاوەنی هێزی چەکدارن و مانەوەیان بە بەهێزی گرێ دەدەنەوە بەو هێزە چەکدارانەی کە هەیانە.