هەواڵی کوردستان ئێستا

سەدان کەس لە دیمەشق خۆپیشاندان دەکەن بۆ دیموکراسی و مافی ژنان

سەدان کەس لە دیمەشق خۆپیشاندان دەکەن بۆ دیموکراسی و مافی ژنان
سەدان کەس لە دیمەشق خۆپیشاندان دەکەن بۆ دیموکراسی و مافی ژنان

2024-12-19 19:30:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


پەیامنێرانی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس بڵاوییان کردەوە ڕۆژی پێنجشەممە سەدان سوریایی لە ناوەڕاستی دیمەشق خۆپیشاندانییان ئەنجام داوە و داوای دیموکراسی و مافی ژنانییان کردووە، ئەمەش زیاتر لە هەفتەیەک دوای ئەوەی گروپە یاخیبووەکان بە سەرکردایەتی گروپێکی ئیسلامی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدییان دوورخستەوە. خۆپیشاندەرە پیاو و ژنەکان لە گۆڕەپانی ئومەیەدی ناوەڕاستی دیمەشق هاوارییان دەکرد " ئێمە دیموکراسیمان دەوێت، نەک وڵاتێکی ئایینی "، " سوریای ئازاد " و " گەلی سوریا یەکە." هاوکات هەندێک لە خۆپیشاندەران دروشمییان بەرزکردبووەوە و نوسرابوو " هیچ وڵاتێک ئازاد نابێت ئەگەر ژن ئازاد نەبێت." مانگی ڕابردوو گروپە یاخیبووەکان بە سەرکردایەتی گروپی ئیسلامی تەحریر شام هێرشێکی کتوپڕییان لە باکووری ڕۆژئاوای سوریاوە دەستپێکرد و ناوچەکانییان کۆنتڕۆڵ کرد و دواتر لە 8 ی مانگی دوانزەدا کۆنتڕۆڵی دیمەشقییان کرد و ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدییان ڕووخاند. تەحریر شام پێشتر لقێکی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە بووە و لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە بە گروپێکی " تیرۆریست " ناسێندراوە. گروپەکە هەوڵیداوە لێدوانەکانی مامناوەند بکات و بەڵێنیداوە ئایینە جیاوازەکان و کەمینە نەژادەکانی وڵاتەکە بپارێزێت. سەرکردایەتییەکی کاتی بۆ وڵاتەکە داناوە هەتاوەکو 1 ی مانگی سێی ساڵی داهاتوو. خۆپیشاندەر ماجیدە مودەریسی تەمەن 50 ساڵ وتی " ژنان و پیاوانیش، ڕۆڵێکییان هەیە لە بونیادنانی سوریای نوێدا." وتی " ژنان ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە لە ژیانی سیاسەتدا، چاودێری هەر هەڵوێستێک دەکەین دژی ژنان و قبووڵی ناکەین. ئەو کاتەی کە بێدەنگ دەبووین تەواو بووە." بنەماڵەکەی ئەسەد دەنگە ناڕازییەکانی سەرکوت دەکرد، بۆ ماوەی زیاتر لە 50 ساڵ بە توندی فەرمانڕەوایی سوریایان دەکرد. سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ڕۆژی پێنجشەممە وتی " گڕێکی هیوا " هەیە لە سوریادا دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، بەڵام هۆشداریشیدا لەسەر ئەو ئاستەنگییە گەورەیەی کە لە پێشەوەیە. وتی " ئاگرێکی زۆر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خواردووە، بەڵام ئەمڕۆ گڕێکی هیوا هەیە لە سوریادا، نابێت ئەو گڕە بکوژێندرێتەوە." سەرچاوە/ فرانس پرێس