وەزیری نوێی خوێندنی سوریا دەڵێت مافی کچان بۆ خوێندن سنووردار ناکرێت
2024-12-19 21:20:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
سوریا سەرجەم ئاماژەکان بۆ پارتی بەعسی پێشوو لە سیستمی خوێندندا لادەبات، بەڵام پەیڕەوی قوتابخانەکان ناگۆڕێت و مافی کچان بۆ خوێندن و فێربوون سنووردار ناکات. نازیر محەمەد ئەلقادری لە چاوپێککەوتنێکدا لە ئۆفیسەکەی خۆی لە دیمەشق وتی " خوێندن هێڵی سوورە بۆ گەلی سوریا، لە ئاو و خۆراک گرنگترە." وتی " مافی خوێندن سنووردار نیە بۆ ڕەگەزێکی دیاریکراو، ڕەنگە کچی زیاتر هەبن لە قوتابخانەکاندا وەک لە کوڕان." بنەماڵەی ئەسەدی پارتی بەعس خوێندنی بە ئامڕازێکی گرنگ سەیر کردووە بۆ دروستکردنی وەفایەکی درێژخایەن لە نێو گەنجاندا بۆ ڕژێمە چەوسێنەرەکەیان. بەڵام دوای کۆنتڕۆڵکردنی دیمەشق و ڕووخاندنی ئەو ڕژێمەوە لەلایەن گروپی ئیسلامی تەحریر شامەوە، هەندێک لە سوریاییەکان لەوە دەترسن کە گروپەکە حکومڕانییەکی ئیسلامی بەسەر وڵاتەکەدا بسەپێنێت. بەڵام پلانەکانی قادری ڕەنگدانەوەی پەیامە مامناوەندەکانی سەرکردایەتی گروپەکەیە بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکە. سوریا لە مێژە وەکو یەکێک لە وڵاتانی پێشەنگی عەرەبی داندراوە لە ڕووی سیستمی خوێندنەوە، ئەو ناوبانگەشی بە شێوەیەکی بەرچاو لە ماوەی 13 ساڵ شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەدا ڕزگاریبووە. قادری وتی ئایین بە ئایینی ئیسلام و کریستیانیشەوە، وەکو جاران وەکو بابەتێک لە قوتابخانەدا دەخوێندرێن. قوتابخانەکانی سەرەتایی بە تێکەڵی دەمێننەوە لە نێوان کوڕان و کچاندا، قوتابخانەی ناوەندی بە شێوەیەکی بەرچاو جیا دەکرێنەوە. وتی " دوای قوتابخانەی سەرەتایی، هەمیشە قوتابخانەی کچان و قوتابخانەی کوڕان هەبوون. ئەوە ناگۆڕین." قادری کە لە مێژە دژی پەیوەندییەکانی پێشووی گروپەکەی بووە بە ئەلقاعیدەوە، وتوویەتی کە گروپە کەمینەکانی سوریا بە کورد و کریستیان و دروز و عەلەوییەکانیشەوە هەموویان بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت لە کاتێکدا کە حکومەتە نوێیەکە سەنگ دەخاتە سەر ئاوەدانکردنەوە. سوریا هێشتا لە ژێر سزای توندی ڕۆژئاوادایە. لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سوریادا چەندەها شار بە تەواوەتی کاول بوون، قادری وتی 18,000 قوتابخانە لە وڵاتەکەدا لە ناوچوون یان زیانییان بەرکەوتووە. زۆربەی وەزیرانی بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی سوریا گەنجن و لە تەمەنی سی و چلەکانییاندان، قادری تەمەن 54 ساڵ گەورەترینییانە لە حکومەتەکەدا. قادری لە دیمەشق لە دایک بووە و هەر لەوێش گەورە بووە، لە ساڵی 2008 دا لەلایەن حکومەتەکەی ئەسەدەوە زیندانی کراوە و ئەوەش وایکردووە نەتوانێت خوێندنی بەکالۆریۆس تەواو بکات. دە ساڵ دوای ئەوە ئازاد دەکرێت و هەڵدێت بۆ ئیدلیبی باکووری سوریا، کە ئەو کاتە لە ژێر کۆنتڕۆڵی تەحریر شامدا بوو، لە ساڵی 2022 دا دەبێتە وەزیری خوێندنی حکومەتی ڕزگاریخواز. سەرچاوە/ فرانس پرێس