هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەڵمانیا: بەهۆی هێرشێکی کوشندە بۆ سەر بازاڕێکی کریسمس دەیان کەس دەبنە قوربانی

ئەڵمانیا: بەهۆی هێرشێکی کوشندە بۆ سەر بازاڕێکی کریسمس دەیان کەس دەبنە قوربانی
ئەڵمانیا: بەهۆی هێرشێکی کوشندە بۆ سەر بازاڕێکی کریسمس دەیان کەس دەبنە قوربانی

2024-12-21 15:55:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


ڕۆژی شەممە ئەڵمانیا توشی شۆکی هێرشێکی نوێی کوشندە بوو بۆ سەر بازاڕێکی قەرەباڵغی کریسمس کە بڕیار بوو ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز سەردانی ئەو بازاڕە بکات. پۆلیس پزیشکێکی دەروونی سعودی تەمەن 50 ساڵی لە شوێنی ڕووداوەکەدا دەستگیرکرد، ئەوەش دوای ئەوەی دوو کەس کوژران و 68 کەسی دیکە برینداربوون کاتێک ئوتومبێلێک خۆی کرد بە ناو قەرەباڵغییەکدا لە ماگدیبۆرگ. پۆلیس دەڵێت دەستبەجێ ناتوانرێت بڵێیت ئایا هێرشەکە لە بیروباوەڕی ئاینی یان سیاسی توندڕەوەوە سەرچاوەی گرتووە یان پەیوەندی بە کێشەی دەروونییەوە هەبووە. گومانلێکراوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بیروڕای دژە ئیسلامی دەربڕیوە. پیاوە سعودیەکە کە میدیاکانی ئەڵمانیا بە تاڵیب ناوی دەبەن، پزیشکێکی دەروونی بووە کە لە ساڵی 2006 ەوە لە ئەڵمانیا دەژی و مۆڵەتی مانەوەی هەمیشەیی هەبووە. میدیاکان ئاماژەیان بە پۆستەکانی پزیشکەکەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیاندا ڕەخنەی لە ئیسلام گرتووە و پشتیوانی لە ڕاستی توندڕەو کردووە و تەنانەت هۆشداریداوە دژی " مەترسییەکان " بە ئیسلامکردنی ئەڵمانیا. ڕۆژنامەی دێر شپیگڵ سەبارەت بە هێرشەکە وتی " پاڵنەرەکان هێشتا نادیارن." شەوی هەینی ئوتومبێلێکی ڕەش لە جۆری بی ئێم دەبلیو خۆی کرد بە ناو بازاڕێکی کۆندا لە ناوەڕاستی ماگدیبۆرگ کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای بەرلینەوە. هێرشەکە دوای نزیکەی هەشت ساڵ دێت لەو ڕۆژەی کە پیاوێکی تونسی بە بارهەڵگرێکەوە خۆی کرد بە بازاڕێکی کریسمسدا لە بەرلین، 13 کەسی کوشت. ئەوەش کوشندەترین هێرشی جیهادییەکان بوو لەو وڵاتەدا. خەم و توڕەیی لە هێرشەکە کە یەکێک لە کوژراوەکان منداڵێک بووە، پێدەچێت مشتومڕێکی گەرم لەسەر کۆچبەران و ئاسایش دروست بکات لە کاتێکدا ئەڵمانیا بەرەو هەڵبژاردنەکان دەڕوات کە بڕیارە لە 23 ی مانگی دوودا بەڕێوەبچێت. ژنێک بە ڕۆژنامەی دای وێڵتی وت " نازانم ئەم چی جیهانێکە ئێمەی تێدا دەژین، کە تێیدا کەسێک ئەم بۆنە ئاشتییانەیە بەکاردەهێنێت بۆ بڵاوکردنەوەی تیرۆر." ئالیس وایدڵی سەرۆکی پارتی ئەڵتەرنەتیڤ بۆ ئەڵمانیا کە لە هەڵمەتی دژ بە کۆچبەراندا تیشکی خستووەتە سەر هێرشی جیهادییەکان، لە ئێکس نوسیویەتی " کەی ئەم شێتییە دەوەستێت؟" سەرۆکی ئەڵمانیا فرانک واڵتەر شتاینمایەر وتی " چاوەڕوانی جەژنی سەری ساڵێکی ئاشتیانە لەناکاو تێکدرا." فایل کیلیۆنی تەمەن 27 ساڵ کە لە شارەکەدا دەژی بە فرانس پرێسی وت " ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا کاردەکاتە سەر خەڵکێکی زۆر. کاردەکاتە سەر هەموومان." وتی " پێم وایە لەبەرئەوەی کە گومانلێکراوەکە بیانییە، خەڵکەکە دڵخۆش نابن و کەمتر پێشوازییان لێدەکەن." ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و وەزیری ناوخۆ نانسی فەیسەر ڕۆژی شەممە سەردانی بازاڕەکە دەکەن. چەندین وڵاتی ئەوروپاش شۆکبوونی خۆیان لەو هێرشە دەربڕیوە. حکومەتی سعودیەش لە بەیاننامەیەکدا تیشکی خستەسەر " هاوسۆزی لەگەڵ گەلی ئەڵمانیا و خێزانەکانی قوربانییان." هەروەها " جەختی لە ڕەتکردنەوەی توندوتیژی کردەوە." ئەڵمانیا لەم ماوەیەدا زنجیرەیەک هێرشی توندوتیژی و چەقۆی ئیسلامی بەخۆیەوە بینیوە کە ڕای گشتی تووڕە کردووە. لە مانگی هەشتدا لە هێرشێکدا بە چەقۆ لە فیستیڤاڵێکی سەر شەقامدا لە شاری سۆلینگینی ڕۆژئاوای ئەڵمانیا سێ کەس کوژران و هەشت کەسی دیکە بریندار بوون. لەسەر ئەو هێرشە پۆلیس گومانلێکراوێکی سوریایی دەستگیرکرد، داعش بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی ڕاگەیاند. لە مانگی شەشدا پۆلیسێک لە هێرشێکدا بە چەقۆ لە مانهایم کوژرا، هاووڵاتیەکی ئەفغانی دەستگیرکرا. سەرچاوە/ فرانس پرێس