هەواڵی کوردستان ئێستا

لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەسەر دۆخی کورد لە سوریا داوای کۆدەنگی دەکەن

لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەسەر دۆخی کورد لە سوریا داوای کۆدەنگی دەکەن
لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەسەر دۆخی کورد لە سوریا داوای کۆدەنگی دەکەن

2024-12-21 17:20:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بە گرنگی دەزانن بە زووی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان وکابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت تا بە کۆدەنگی لەڕێگای دامەزراوە فەرمیەکانەوە هەڵویستیان لە بارەی دۆخی کوردانی ڕۆژئاوا لە سوریا بخەنە ڕوو و پاڵپشت و پشتیوانیان بن. ڕۆڤان سەروەت، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆران وەک یەکەم هێزی سیاسی لەهەرێمی کوردستان لەسەر ئەو ڕووداو و پێشهات و گۆڕانکاریانەی کە لە وڵاتی سوریا ڕوودەدەن، چ بە بەیانی فەرمی بێت یاخود بە پشتیوانی وهاوکاریکردن قسەمان لەسەری بووە." وتیشی،" ئێستا کاتی ئەوەیە کۆی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بەیەک دەنگ لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمیەکان کە پەرلەمان و حکومەتە بەزووی پێکبهێنرێن و بەیانی فەرمیان هەبێت لە بارەی دۆخی ڕۆژئاوا لە سوریا." ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات پێویستە گۆڕانکاریەکانی نێو سوریا بەهەند وەربگیرێن، بەتایبەتی دۆخی برا کوردەکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان و ڕایی فەرمی هەبێت و پشتگیری و هاوکاری و کۆمەکیان بۆ بکرێت. دەشڵێت،" ئەو ناوچانە ئێستا لە دۆخیکی تایبەتدان و پێویستە جگە لەناوخۆی کوردستان، ئەو لایەنە سیاسیە کوردانەی کە لە ڕۆژئاوادان لەم قۆناغەدا، هیچ نەبێت بە شێوەیەکی کاتیش بێت کۆدەنگ و یەک ڕیزبن لەبەرامبەر گۆڕانکارییە خێراکان، چونکە ئەو گۆڕانکاری و پێشهاتانەی کە لەو وڵاتەدا دێنە ئاراوە دەبنە دەرفەتێکی باش لە ئایندەدا بە یەک ڕیزی و بەیەک دەنگی ئێمە و ئەوان دەتوانرێت مافی میلەتەکەمان لە ڕۆژئاوا دەستەبەر بکەین." ڕۆژی 14ی مانگی دوانزەی 2024، ئەحمەد شەرع فەرماندەی گشتی دەستەی تەحری شام، پەیامێکی ڤیدیۆی لەبارەی دۆخی سوریا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر سوورییەکان داوای لێ نەکەن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی سوریا خۆی بۆ پۆستی سەرۆک هەڵنابژێرێت و لە داهاتوودا هەڵبژاردن لە سوریا دەکرێت و وەزارەتی بەرگری هەموو گرووپە چەکدارەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا نامێنێت. جۆلانی لەبارەی کورد و دەستور لە پەیامەکەیدا ڕاشیگەیاند،" کورد بەشێکی سەرەکی دەبن لە داهاتووی سووریا و ئەوانیش وەکو ئێمە ڕووبەڕووی ستەمی زۆر بوونەتەوە و لەبارەی دەستوریش، دەستووری سوریا لیژنە و ئەنجومەنی تایبەتی بۆ دروست دەکرێت و شێوازی دەسەڵات دەدرێتە دەست شارەزایان، یاساناس و گەلی سووریا و لەم چوار چێوەیەدا تواناکان دەبنە بنەمای هەڵسەنگاندن بۆ دەوڵەتی نوێ." دوای ڕۆژێک لە پەیامەکەی شەرع، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەی لەبارەی دۆخی سوریا و وتەکانی ئەحمەد شەرع فەرماندەی گشتی دەستەی تەحری شام بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند،" تێڕوانینەکانی لەبارەی داهاتووی گەلی کورد لە سوریا جێگای خۆشحاڵییە و پێشوازی لێ دەکەین." چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە جۆلانی و سوریای نوێ کوردیان وەکو کورد قبوڵە نەک وەکو "پەکەکە و ڕەگەزەکانی". مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەسەر دۆخی سوریا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند،" لێدوانێکی بەڕێز (احمد الشرع) ـم لەبارەی گەلی کورد لە سوریا بینی کە گەلی کوردی وەک بەشێک لە نیشتیمان و هاوبەش لە سوریای داهاتوو وەسفکردبوو، ئەم تیڕوانینە بۆ کورد و داهاتووی سوریا جێگەی خۆشحاڵییە و پێشوازیی لێ دەکەین و هیوادارین ئەمە دەستپێکێک بێت بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی مێژوو و ڕاستکردنەوەی ئەو مامەڵە هەڵە و نا دروستەی لەبەرانبەر گەلی کورد لە سوریا ئەنجام دەدرا." مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە ئەم جۆرە تیڕوانینە ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ بنیاتنانی سوریایەکی بەهێز و پێویستە کورد و عەرەب و سەرجەم پێکهاتەکانی تری سوریا، سود لەم دەرفەتە وەربگرن بۆ ئەوەی پێکەوە لە دامەزراندنی سوریایەکی سەقامگیر و ئازاد و دیموکرات بەشدار بن. لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان گەرچی تا ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان لە بارەی دۆخی سوریا نەکردووە، بەڵام هەموویان باسی یەک هەڵویستی دەکەن و بە پێویستی دەزانن. دارا خەیلانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هاوکاریکردنی ڕۆژئاوا ئەرکە لەسەر هەموو وڵاتانی نێودەوڵەتی و پێویستە لەسەر هێڵ بەتایبەتی وڵاتانی ئەمەریکا و فەرەنسا تا بتوانن کاریگەریان هەبێت لەسەر ئەوەی هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوا ڕابگیرێت لەلایەنی هێزەکانی سەر بە تورکیا و ڕێگری لێبکەن و بتوانن بە ئارامی ئەو ناوچانە بپاریزن." وتیشی،" لە هەمووی گرنگتر ئەوەی پێویستە دەستوریەکی تازە لە سوریا دابنرێت و مافی پێکهاتەکان پارێزراو بێت تێدا، هەروەها لە ناوخۆی کوردستانیشەوە پێویستە لایەنەکان کۆدەنگی دروست بکەن و یەک دەنگ بن و گەر سەرۆکایەتی هەرێم کۆیان بکاتەوە و هەڵویستیان هەبێت کارێکی گرنگە و ئێمە خوازیارین دۆخەکە لە بەرژەوەندی کوردانی ڕۆژئاوادا بێت." لەلایەکی دیکەوە مستەفا عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی کوردستان هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە داوا دەکەین بەزووی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان پێکبێت تا هەڵویستی ڕوونی لەبارەی دۆخی سوریا هەبێت." وتیشی،" پێویستیشە بەزووی پێکهاتەکانی وڵاتی سوریا بە کورد و عەرەب و هەموو پێکهاتەکانەوە ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە بەیەکەوە ڕێک بکەون دەستورێکی گشتی نیشتمانی دابنێن ململانێ و جیاوازیەکان بەلاوە بنێن بیکەنە دەروازەیەک بۆ هەڵسانەوەی گەلانی سوریا." ڕۆژی 8ی مانگی 12ی 2024، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی دۆخی سوریا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند،" ئێمە لە هەرێمی کوردستان بە بایەخێکی زۆرەوە چاودێریی پێشهاتەکانی سوریا دەکەین و داوا لەهەموو لایەک دەکەین زمانی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانە بگرنە بەر، بەشێوەیەک دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو پێکهاتەکانی سوریا لەوانە گەلی کورد دەستەبەر بکات هەروەها بەشداریی کارایان لە داڕشتنی داهاتوو وڵاتدا مسۆگەر بکات. هەمان ڕۆژ واتا 8ی مانگی 12 حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵویستی خۆی لەسەر دۆخی سوریا ڕاگەیاند و لە بەیاننامەیەکدا وتی،" گۆڕانکاریی خێرا و کەوتنی ڕژێمی دەسەڵاتداری سووریا، سەردەمێکی نوێی هێناوەتە کایەوە". لە راگەیەندراوەکەی حکومەتى هەرێمى کوردستاندا ئاماژە بۆ ئەوەکرابوو کە "ڕێز لە بڕیار و ئیرادەی خەڵکی سووریا دەگرین و هیوادارین سووریای داهاتوو، ئازاد و ئارام و دیموکراتیک و سەقامگیر بێت" لەگەڵ ئەوەی کورد وەک هەموو پێکهاتەکانی دیکەی سوریا بە ڕووخاندنی ڕژێمی ئەسەد خۆشحاڵە، بەڵام نیگەرانیشن سەبارەت بە ئایندەیان بەهۆی لێدوانی کاربەدەستانی تورکیا و بەردەوامبوونی هێرشی هێزەکانی سوریای سەر بە تورکیا بۆ سەر ناوچەکانیان و نازانن چارەنوسی ناوچەکانیان بەکوێ دەگات.