زانیاری وورد دەربارەی ئاگرەكەی شەوی رابردووی مەخموور
مەخموور-KDP.info- شەوی رابردوو ئاگرێكی بەرفراوان سنووری قەزای مەخمووری گرتەوە و قایمقامی مەخمووریش جەختی كردەوە، ئاگرەكە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە لە دەغڵودانی جووتیارانی ناوچەكە بەردراوە.
كرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی مەخمووری پارتی، لەبارەی رەوشی مەخموورەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "زانیاریمان ھەیە داعش خۆی رێك خستووەتەوە لە مەخموور و بە شێوەی مەفرەزە ھاتوچۆ دەكەن و كەوتوونەتە جووڵە، بێگومان ھەر كاتێك دەرفەت ھەبێت داعش دەستی خۆی دەوەشێنێ".
ساڵانە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە ئەنقەست ئاگر لە دەغڵودانی جووتیارانی كورد بەردەدرێت و بەوھۆیەوە ھەزاران دۆنم زەوی دەسووتێن، كە زیانی ماددیی ئێجگار گەورە بە جووتیارانی كورد دەگات و رەنجی یەك ساڵیان بە فیڕۆ دەچێت.
لای خۆشیەوە رزگار محەمەد، قایمقامی مەخموور گوتی: "ئاگرەكەی مەخموور لە دوای مەغریبەوە ناوچەكانی دەوروبەری مەخموور و دەشتی پاڵانیانی گرتووەتەوە بەرەو چیای قەرەچۆخ، بێگومان زیانی ماددی ھەبووە بۆ بەرھەمی جووتیارانی مەخموور، چونكە ساڵی رابردووش بەو شێوەیە دەغڵودانی جووتیارانی مەخموور سووتێندراوە".
پەیوەست بەو دەستەی ئاگرەكەی كردووەتەوە، قایمقامی مەخموور دەڵێت: "بەپێی زانیاریی بەردەست، لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەغڵودانی جووتیارانی سنووری قەزای مەخموور سووتێندراوە و ساڵانەش دووبارە دەبێتەوە".
هەر لەو بارەیەوە، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری قەزای مەخموور، لیوا زریان شێخ وەسانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە كاتی سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانی سنووری مەخمووردا، كەس بەهانای خەڵكەوە نەچوو و خۆیان ئاگرەكەیان دەكوژاندەوە، هەروەها هێزە عێراقییەكانیش هیچ هەڵوێستیان نەبوو و هاوكاریی خەڵكیشیان نەكرد كە ئاگرەكە بكوژێننەوە".
شێخ وەسانی دەشڵێ: "داعش جموجۆڵی زۆر زیادی كردووە و ئەوەی بیانەوێت ئەنجامی دەدەن و ئێستاش كاری ئەوان بووەتە سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانی كورد، چونكە ئەو گوندانەی ئەو سنوورانە ئاوەدانن، بۆیە تا دۆخەكە بەم شێوەیە بێت، مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و موڵك و ماڵیان بەردەوام دەبێت".
قائید میرۆ – بڵند ئیبراهیم