هەواڵی کوردستان ئێستا

فەرمانڕەوا نوێیەکانی سوریا سەرکردەیەکی هەیئەت تەحریر ئەلشام دەکەن بە وەزیری بەرگری

فەرمانڕەوا نوێیەکانی سوریا سەرکردەیەکی هەیئەت تەحریر ئەلشام دەکەن بە وەزیری بەرگری
فەرمانڕەوا نوێیەکانی سوریا سەرکردەیەکی هەیئەت تەحریر ئەلشام دەکەن بە وەزیری بەرگری

2024-12-22 17:05:24 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


سەرچاوەیەکی فەڕمی وتی فەرمانڕەوا نوێیەکانی سوریا مورهاف ئەبو قەسرەیان وەکو وەزیری بەرگری نوێی حکومەتە کاتییەکەی سوریا دەستنیشان کردووە، ئەبو قەسرە کەسایەتییەکی دیار بووە لەو یاخیبوونەدا کە بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد. ئەبو قەسرە کە بە ئەبو حەسەن 600 ش ناسراوە، کەسایەتییەکی باڵایە لە گروپی ئیسلامی هەیئەت تەحریر ئەلشامدا، ئەو گروپەی کە سەرکردایەتی هەڵمەتی ڕووخاندنی ڕژێمەکەی ئەسەدی کرد لەم مانگەدا. سەرچاوەکە وتی ئەبو قەسرە لە ماوەی شۆڕشی سوریادا سەرکردایەتی ژمارەیەکی زۆر لە ئۆپەراسیۆنەکانی کردووە. دەزگای هەواڵی سوریا ' سانا ' وتی سەرکردەی کرداریی سوریا ئەحمەد ئەلشەرع لە ماوەی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ گروپە چەکدارییەکاندا تاوتوێی " دامەزراندنی ناوەندێکی سەربازیی کردووە لە سوریای نوێدا." بەپێی ئەو وێنانەی سانا بڵاویکردوونەتەوە، لە ماوەی کۆبوونەوەکەدا دەردەکەوێت کە ئەبو قەسرە لە تەنیشت ئەلشەرعەوە دانیشتووە. سەرۆک وەزیری حکومەتە کاتییەکەی سوریا محەمەد ئەلبەشیر لەم هەفتەیەدا وتی وەزارەتی بەرگری دووبارە پێکدەهێندرێتەوە بە بەکارهێنانی گروپە یاخیبووەکان و ئەو ئەفسەرانەی کە شکستییان بە سوپاکەی ئەسەد هێنا. بەشیر کە سەرکردایەتی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەر بە هەیئەت تەحریر ئەلشامی کردووە لە ئیدلبی باکووری ڕۆژئاوای سوریا، وتوویەتی کە بۆ ماوەی سێ مانگ سەرکردایەتی حکومەتە کاتییەکەی سوریا دەکات. بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکە هیچ پلانێکی ڕانەگەیاندووە بۆ ئەوەی کە دوای ئەو ماوەیە چی ڕوودەدات. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز