ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی: ئێرانی لاوازبوو دەکرێت هەوڵی چەکی ئەتۆمی بدات
2024-12-22 20:40:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان ڕۆژی یەکشەممە وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا نیگەرانە لەوەی کە ئێرانی لاوازبوو دەکرێت بڕیار بدات چەکێکی ئەتۆمی دروست بکات، وتیشی لەگەڵ تیمەکەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا باس لەو مەترسییە دەکات. دوای هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر هاوپەیمانەکانی وەکو حەماسی فەلەستینییەکان و حزبوڵای لوبنان و دواتر ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، ئێران کۆمەڵێک لە کاریگەریی و دەسەڵاتەکانی لە ناوچەکەدا لە دەستدا. سۆلیڤان بە سی ئێن ئێنی وت " توانا ئاساییەکانی " تارانیش بە هەمان شێوە کەم بوونەتەوە، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمدواییانەی ئیسڕائیل بۆ سەر ناوەندە سەربازییەکانی ئێران، لەوانەش کارگەکانی دروستکردنی چەک و بەرگرییە ئاسمانییەکانی. سۆلیڤان وتی " ئەوە ئاشکرایە کە کۆمەڵێک دەنگ هەن لە ئێران دەڵێن هەر ئێستا پێویستمان بە چەکی ئەتۆمی هەیە، یاخود دەڵێن ڕەنگە جارێکی دیکە دەبێت بیر لە پەیڕەویی ئەتۆمیمان بکەینەوە." ئێران دەڵێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئاشتییانەیە، بەڵام لە دوای ئەوەی لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە، تاران پیتاندنی یۆرانیۆمی فراوانتر کردووە. ڕێککەوتنەکە مەبەست لێی سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بوو لە بەرامبەر لابردنی سزا نێودەوڵەتییەکان لەسەر تاران. سۆلیڤان وتی " ئەوە مەترسییەکە کە ئێمە ئێستا دەمانەوێت وریا بین لەبارەیەوە. مەترسییەکە کە من بە تایبەتی لەگەڵ تیمەکەی دواتردا باسی دەکەم." وتیشی لەگەڵ ئیسڕائیلی هاوپەیمانی ئەمەریکادا باسی لەم پرسە کردووە. ترامپ کە لە 20 ی مانگی یەکدا دەگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی، پێدەچێت سزاکانی سەر پیشەسازی نەوتی ئێران زیاتر بکات، ئەمەش سەرەڕای داواکانی ڕەخنەگران بۆ گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکان. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز