هەواڵی کوردستان ئێستا

زوو کامڵبوونی کچان ڕەنگە بەهۆی پێکهاتەیەکی بۆن و جوانکارییەوە بێت

زوو کامڵبوونی کچان ڕەنگە بەهۆی پێکهاتەیەکی بۆن و جوانکارییەوە بێت
زوو کامڵبوونی کچان ڕەنگە بەهۆی پێکهاتەیەکی بۆن و جوانکارییەوە بێت

2024-12-22 20:40:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


باڵغبوونی کچان لە تەمەنی خوار 9 ساڵیدا بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە زیادبوون دەکات، لێکۆڵینەوەیەکی زانستیش دەڵێت ڕەنگە پێکهاتەیەکی کیمیایی نێو کەلوپەلەکانی جوانکاری و بۆنخۆشی هۆکارێک بێت. بە گوێرەی سەرچاوە زانستییەکان، بە شێوەیەکی گشتی کچان لە تەمەنی 11 ساڵ و کوڕان لە 12 ساڵیدا دەچنە قۆناغی باڵغبوون. بەڵام بەشی تەندروستی گشتی زانکۆی هارڤارد لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیدا مانگی پێنجی ئەمساڵ ڕایگەیاند ئێستا لە ئەمەریکا ڕێژەی 15.5٪ کچان لە تەمەنی خوار 11 ساڵیدا کامڵ دەبن؛ وە 1.4٪ کچان لە خوار تەمەنی 9 ساڵیدا سوڕی مانگانەیان دەستیپێکردووە. شارەزایانی تەندرووستی دەڵێن زوو باڵغبوون ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکانی وەکو شێرپەنجەی مەمک و شەکرە و نەخۆشی دڵ زیاتر دەکات. پێشتر زانایان هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی زوو کامڵبوونیان لە چەندی دەیەی ڕابردوودا گەڕاندووەتەوە بۆ قەڵەوی و گۆڕانی سیستەمی خۆراک و پاڵنەرە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و بەرکەوتن لەگەڵ هەندێک مادەی کیمیایی وەک فاڵەیت (فتاڵێتەکان) کە بۆ نەرمکردنەوە و بەهێزکردنی پلاستیک بەکاردەهێندرێت و دەبێتە هۆی تێکدانی سیستەمی هۆرمۆنی مرۆڤ. لە هەنگاوێکی زانستی نوێدا، پەیمانگای نیشتمانی زانستە تەندروستییە ژینگەییەکان لە ویلایەتی کارۆلینای باکوور لێکۆڵینەوەی لەسەر 10 هەزار مادەی کیمیایی کردووە کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت ببنە هۆی گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکانی لەشدا. لێکۆڵینەوەکە دەڵێت لە ئەنجامدا دەرکەوتووە منداڵان زۆرترین ئەگەری بەرکەوتنیان لەگەڵ مادەی ئەمبرێتی میسک هەیە. ئەمبرێتی میسک بۆنێکی دەستکردە کە بەشێوەیەکی بەربڵاو لە هەندێک کەلوپەلی بۆنخۆشی و جوانکاری و سابووندا بەکاردەهێندرێت. لێکۆڵینەوەکە دەڵێت ئەمبرێتی میسک لە ڕێگەی بۆن و بەرکەوتنی پێستەوە دەچێتە ناو بەشی هایپۆسالاموس لە مێشکدا و دەبێتە هۆی دەردانی هۆڕمۆنی GnRH کە بەرپرسە لە پێگەیشتنی ئەندامەکانی سێکس لە جەستەدا و دەردانی ئیسترۆجین و تێستاسترۆن و پرۆجیسترۆن. لێکۆڵینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات بۆنی ئەمبرێتی میسک جگە لە کەلوپەلەکانی پاککردنەوە و جوانکاری لە ئاوەڕۆی زێراب و هەندێک ماسیشدا بەدیکراوە. ناتالی شاو کە سەرپەرشتی ڵێکۆڵێنەوەکەی کردووە دەڵێت گرنگە دایبابان تەنها ئەو کەلوپەلانە بۆ منداڵەکانیان بەکاربهێنن کە پێکهاتەکانیان مادەی زیانبەخش تێدا نییە و لە لایەن دەستەڵاتی پزیشکی حکومەتەوە پەسەندکراون.