English | عربي

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان: لە گەرمیان بێڕێزی بەرامبەر بە پەرلەمان کرا


دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان: لە گەرمیان بێڕێزی بەرامبەر بە پەرلەمان کرا

2019/04/16 | 20:45

(هەواڵ كوردستان)-

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە مەراسیمی یادی ئەنفال لە گەرمیان بێرێزی بەرامبەر بە گەورەترین دەسەڵاتی یاسادانان و نوێنەری شەرعی خەڵکی کوردستان کراوە کە پەرلەمانە.

 

ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە و تیایدا ئاماژە بە ئەوە دراوە کە لە مەراسیمەکەدا وێڕای ئەوەی کە پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی بانگهێشت کراوە بەڵام گوتاری پەرلەمان لە پڕۆتۆکۆلی یادەکە لادراوە و دوای ناچارکردنی ڕێکخەرانی یادەکە گوتاری پەرلەمانی کوردستان خراوەتە نێو پڕۆتۆکۆلی مەراسیمەکە بەڵام لە ڕیزبەندی گوتارەکان لە کۆتا گوتار داندراوە.

 

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە"ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌مه‌ به‌بێ رێزی به‌رامبه‌ر به‌گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و نۆینه‌ری شه‌رعیی خه‌ڵكی كوردستان ده‌زانین و ئیدانه‌ى ده‌كه‌ین، له‌دوو رۆژی ڕابردوو چاوه‌ڕوان بووین ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌فه‌رمی داوای لێبووردن له‌په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ن به‌ڵام نه‌یانكرد".

 

ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاگەیەندراوەکەیە:-

بۆ یادی ئه‌نفال 14/4 له‌گه‌رمیان، داوه‌تنامه‌ی فه‌رمی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان شاندێكی گه‌وره‌ی په‌رله‌مانی ڕاسپارد له‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان كه‌ به‌شداری مه‌راسیمی یادی ئه‌نفال له‌گه‌رمیان بكه‌ن و لیژنه‌ی شه‌هیدان و جینۆسایدو زیندانی سیاسی وتاری سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان پێشكه‌ش بكات، تا گه‌یشتنی وه‌فده‌كه‌و نیو كاتژمێر پێش ده‌ستپێكردنی مه‌ڕاسیمه‌كه‌، وتاری په‌رله‌مان له‌ پروتوكۆلی یاده‌كه‌ هه‌بوو، به‌ڵام دواتر لادرابوو و وتاری په‌رله‌مان و حكومه‌تی عێراق زیاد كرا، دواتر ئه‌م كاره‌ی ئیداره‌ی گه‌رمیان و رێكخه‌رانی مه‌راسیم بووه‌ جێی ناڕه‌زایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان و رێكخه‌رانی یاده‌كه‌یان ناچاركرد وتاری په‌رله‌مانی كوردستان بخرێته‌ پرۆتۆكۆلی مه‌ڕاسیمه‌كه‌، به‌ڵام سه‌ره‌رای داخلكردنه‌وه‌ی، وتاری په‌رله‌مانی كوردستان خرایه‌ دواین وتاری مه‌ڕاسیمه‌كه‌، ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌مه‌ به‌بێ رێزی به‌رامبه‌ر به‌گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و نۆینه‌ری شه‌رعیی خه‌ڵكی كوردستان ده‌زانین و ئیدانه‌ى ده‌كه‌ین، له‌دوو رۆژی ڕابردوو چاوه‌ڕوان بووین ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌فه‌رمی داوای لێبووردن له‌په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ن به‌ڵام نه‌یانكرد.بۆیه‌ ئه‌م ڕونكردنه‌وه‌مان به‌پێویست زانی بۆ پاراستنی شكۆی دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان.ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان2019/4/16








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending