هەواڵی کوردستان ئێستا

نەتانیاهو دەڵێت ئیسڕائیل بەردەوام دەبێت لە کارکردن دژی حوسییەکان

نەتانیاهو دەڵێت ئیسڕائیل بەردەوام دەبێت لە کارکردن دژی حوسییەکان
نەتانیاهو دەڵێت ئیسڕائیل بەردەوام دەبێت لە کارکردن دژی حوسییەکان

2024-12-22 23:03:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


ڕۆژی یەکشەممە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی ئیسڕائیل بەردەوام دەبێت لە کارکردن دژی حوسییەکانی یەمەن کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات، هەروەها تۆمەتباری کردن بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە بازرگانی دەریایی جیهان و داوای لە ئیسڕائیلییەکان کرد خۆڕاگر بن. نەتانیاهو وتی " هەروەک چۆن ئێمە بە هێز لە دژی باڵەکانی بەرەی خراپەکاری ئێرانی کارمان کرد، هەر بەو شێوەیەش دژی حوسییەکان کاردەکەین." ڕۆژی پێنجشەممە ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر بەندەر و ژێرخانەکانی وزە لەو بەشانەی یەمەندا کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکاندان، هەروەها هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زیاتری کرد دژی گروپەکە، حوسییەکان لە ماوەی ساڵی ڕابردووەوە سەدان موشەکییان ئاڕاستەی ئیسڕائیل کردووە. سوپای ئەمەریکاش وتی ڕۆژی شەممە هێرشی ئاسمانی وردی کردووەتە سەر کۆگاکانی موشەک و ناوەندێکی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵی حوسییەکان لە سەنعای پایتەختی یەمەن. نەتانیاهو کە بە هەڵمەتە سەربازییەکەی ئیسڕائیل دژی حزبوڵای لوبنان لە باشووری لوبنان و لە ناوبردنی چەکە ستراتیژییەکانی سوپای سوریا، لە وڵاتەکەی خۆیدا بەهێز بووە، وتی ئیسڕائیل لەگەڵ ئەمەریکادا کاردەکات. وتی " لەبەرئەوە بە بەهێزیی و سووربوون و کارامەییەوە کاردەکەین. پێتان دەڵێم تەنانەت ئەگەر کاتیشی بوێت ئەنجامەکە هەر هەمان ئەنجام دەبێت." حوسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، ساڵێک زیاترە هێرش دەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا و هەوڵ دەدەن گەمارۆیەکی دەریایی بسەپێنن بەسەر ئیسڕائیلدا، دەڵێن ئەم کارەیان وەکو دەرخستنی هاوسۆزییەکە بۆ فەلەستینییەکانی غەززە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز