هەواڵی کوردستان ئێستا

ژمارەیەک بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە هەرێمی کوردستان دەستگیر دەکرێن

ژمارەیەک بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە هەرێمی کوردستان دەستگیر دەکرێن
ژمارەیەک بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە هەرێمی کوردستان دەستگیر دەکرێن

2024-12-23 19:50:16 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان، سکاڵای یاسایی لەسەر ژمارەیەک کەسی دیاری نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو سناپچات و تیکتۆک تۆمارکردووە، بە تۆمەتی "خراپ" بەکارهێنانی ئەو تۆڕانەو دەڵێت دوور لە بەها باڵاکانی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان سۆشیال میدیا بەکاردەهێنن و "بوونەتە مایەی تێکدانی شیرازەی خێزانەکان." توێژەرانی کۆمەڵایەتیش دەڵێن، ئەو شەڕەجنێوانەی لە ڵایڤی تیکتۆکدا ڕوودەدەن خەریکە دەبێتە بەشێک لە کەسایەتی تاک بە گشتی و منداڵ بەتایبەت، بۆیە سزادانی ئەو کەسانە بە گرنگ دەزانن. بەپێی بەڵگەنامەیەک کە دەستی دەنگی ئەمەریکا کەتووە، دکتۆر محەمەد ڕێکانی ئەندام لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لە هەولێر سکاڵایەکی تۆمارکردووە و  ئاراستەی سەرۆکایەتی داواکار گشتی کردووە و تێیدا داوا دەکات کە ڕێکاری یاسای بگیرێتەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی "کە دوور لە هەموو ڕەوشت و بەهای کۆمەڵایەتی و ئەتەکێتی گفتوگۆ و ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری، هەڵدەستن بە بڵاوکردنەوەی کلتوری بێ ڕەوشتی و بێ ڕێزی و بەزاندنی هەموو سنورەکانی کۆمەڵایەتی." ئەندامەکەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی وتویەتی کە ئەم جۆڕە ڕەفتارانە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان و کێشە کۆمەڵایەتیەکان لە هەرێمی کوردستان. لە سکاڵاکەدا ناوی نزیکەی 20 کەس بەلیستێک هاوپێچکراوە تا ڕێکاری یاسایان لەبەرامبەردا بگیرێتە بەر بەپێی مادەی 1ی بڕگەکانی 6 و 7 لە یاسای داواکاری گشتی ژمارە 159ی ساڵی 1979 و مادەی 403 لە یاسای سزاکانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 و مادەی 29ی دەستوری عێراقی ساڵی 2005. لەدوای سکاڵاکەی ئەندامەکەی داواکاری گشتی، بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی کە دەنگی ئەمەریکا کردوویەتی 4 کەس دەستیگرکراوە و ڕووبەڕووی دادگاکراونەتەوە و چەند کەسێکی دیکەش فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە. ڕۆژی 22ی مانگی دوانزەی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە کە دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تیکتۆک" سوکایەتی و قسەی نەشیاو و جنیێویان بە خەڵکی داوە. لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسدا هاتووە، تۆمەتبارەکان ناویان( ز.ئ.ح) و ( ه.ئ.ح) هەردووکیان برای یەکن و خەڵکی دەرەوەی شاری هەولێرن و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە دراونەتە دادگا و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. پۆلیسی هەولێر لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا هاووڵاتیان دڵنیادەکاتەوە کە هەر کەسێک تاوانی هاوشێوە ئەنجام بدات و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان خراپ بەکاربهێنێت، لێپێچینەوەی یاسای لەگەڵدا دەکرێت و ڕادەستی دادگا دەکرێت. بۆتان حامد کاکەیی، پارێزەری ڕاوێژکار بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2008 یاسایی قەدەغەکردنی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە هەرێمی کوردستان، لە مادەی دووەم زۆر بە جوانی باس ئەو بابەتە دەکات، لەڕاستیدا بابەتی سناپچات و تیکتۆک زۆر بەربڵاوە و هەمان سزا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بەخراپە بەکاری دەهێنن و دەبنە مایەی تێکدانی کۆمەڵگا." وتیشی،"سزاکەی کەسەکان بەپارە یاخود بە زیندانکردن دەیانگرێتەوە، بە جۆرێک سزای زیندانیەکە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت و بە پارەش بڕی یەک ملیۆن دینار کەمتر نیە و 5 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت." ڕۆژی 25ی مانگی سێی 2024، هەیام ئەلیاسری وەزیری پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، داواکارییەک پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ ڕێگری کردن لە بەکارهێنانی تۆڕی تیکتۆک و گوتیشی،" هاوئاهەنگی گەلی عێراق گرنگە بۆ ئەو داواکارییە." سەرباری داواکەی وتەکانی وەزیری پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە ڕێگری بکرێت لە بەکارهێنانی تیکتۆک لەتەواوی عێراق. نیشتمان جەمیل، توێژەری کۆمەڵایەتی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری زۆر خراپی کردووەتە سەر پەروەردەی خێزان و بەتایبەت پەروەردەی منداڵان، جاران خێزان یەکەم قوتابخانە بوو بۆ منداڵ، بەڵام ئێستا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەریکە کۆنترۆڵی پەروەردەی منداڵان دەکەن و ئەو شەڕە جنێوەی لەناو لایڤی تیکتۆکدا ڕوو دەدەن خەریکە دەبێتە بەشێک لە کەسایەتی تاک بە گشتی و منداڵ بەتایبەت." وتیشی،" تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جێگای تەواوی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و دۆستایەتییەکانی گرتووەتەوە ئەمەش وادەکات کە منداڵ دوور بکەونەوە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کەسایەتییەکی داخراو و بێ ئەرزش دێتە کۆمەڵگاوە." بەگوێرەی ئامارەکان تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک کە نزیکەی دوو ملیار بەکارهێنەری هەیە، لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین مشتومڕی لەسەرە، چەند وڵاتێک قەدەغەیان کردووە و چەند وڵاتێکیش لە هەوڵدان قەدەغە و سنوورداری بکەن لەوانە ئەمەریکا کە ئێستا لە ڕێگەی کۆنگرێسەوە هەوڵی قەدەغەکردنی ئەو پلاتفۆرمە دەدات. لەلایەکی دیکەوە دوای ئەوەی لە مانگی ڕابردووی ئەمساڵ میدیا ناوخۆیەکانی ئەلبانیا بڵاویانکردەوە بەهۆی ناکۆکی نێوان دوو قوتابیەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، یەکێکیان ئەوی تریان بە چەقۆ کوشت،  ڕۆژی 21ی مانگی دوانزەی 2024، حکومەتی ئەلبانیا بڕیاریدا بۆ ماوەی ساڵێک پلاتفۆرمەکانی تیکتۆک لە وڵاتەکەی قەدەغە بکات. ئیدی ڕاما، سەرۆک وەزیرانی ئەلبانیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمەڵێک لە دایک و باوک و مامۆستایان لە سەرانسەری وڵاتەوە ڕایگەیاند، قەدەغەکردنەکە بەشێکە لە پلانی سەلامەتی قوتابخانەکان، کە سەرەتای ساڵی نوێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بۆماوەی ساڵێک بەتەواوی پلاتفۆڕمی تیکتۆک بەڕووی هەموو کەسێکدا دادەخەین. کوژرانی مێردمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵان لە مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا لە ئەلبانیا وایکرد مشتومڕی زۆر دروستبکات و بە گوتەی میدیا ناوخۆیەکانی ئەو وڵاتە کار گەشتبووە ئەوەی هەندێک لە منداڵان لە ڕێگای تیکتۆکەوە پشتگیری تاوانەکە بکەن، ئەمەش لەپێناو مەترسی سەرهەڵدانەوەی حکومەتی ئەلبانیا ئەو بڕیارەیدا. بەگوتەی توێژەرانی کۆمەڵایەتی و شارەزایانی یاسا دوورخستنەوەی ئەو کەسانەی کە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە خراپە بەکاردەهێنن کاریگەری باشی دەبێت لەسەر کۆمەڵگا، چونکە کۆمەڵگا بەرەو خراپە دەبات بە تایبەت کاریگەری لەسەر منداڵان.