گۆڕانکارییەکانی سوریا مەترسی لەسەر ڕێککەوتنەکانی نێوان عێراق و تورکیا دروست دەکات
2024-12-24 00:15:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئێران نیگەرانی لە هەڵوێستی تورکیا لە گۆڕانکارییەکانی سوریا نەشاردووەتەوە، ڕەنگە ئەم ناکۆکییە کاریگەری لەسەر دۆخی عێراق هەبێت و وابکات دەسەڵاتدارەکانی عێراق بیر لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان بکەنەوە. کاوە مەحمود، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕەنگە گۆڕانکارییەکان ببنە هۆی ئەوەی لایەنە دەسەڵاتدارەکانی عێراق بیر لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان بکەنەوە، بیر لەوە بکەنەوە پاراستنی دەسەڵاتەکانیان لە ڕێگەی کۆپی کردنی ئەزموونی ئێرانەوە بێت یاخود ڕێگەی تر بگرنە بەر." دەشڵێت،"بوونی دەسەڵاتی عێراق لە چوارچێوەی شیعەگەرایی واتای ئەوە نییە چییان لە ئێرانەوە بۆ بێت جێبەجێی بکەن، ڕەنگە ئەم دەسەڵاتە بیر لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بکاتەوەو ناکۆکی لە نێوان بەرژەوەندی و بیروباوەڕ دروست ببێت." هەرچەندە ڕژێمی ئەسەد لە سوریا ڕووخاو دەستەی تەحریر شام لەو وڵاتە دەسەڵاتی گرتە دەست، بەڵام چاودێران پێیانوایە گۆڕانکارییەکانی سوریا لێکەوتەیان لەسەر دۆخی عێراقیش دەبێت، بەو پێیەی ڕووداوەکانی سوریا ناکۆکی نێوان ئێران و تورکیایان لێکەوتووەتەوە. چاودێران پێیانوایە ناکۆکی نێوان ئێران و تورکیا کاریگەری لەسەر دۆخی عێراقیش دەبێت، بەو پێیەی ئەو دوو وڵاتە دراوسێی عێراقن و دوو وڵاتی هەژمووندارن بەسەر دۆخی سیاسی و سەربازی و ئابووری عێراقەوە. کەمال رەئوف، نوسەرو چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕووداوەکانی سوریا کاریگەرییان لەسەر دۆخی عێراق دەبێت، چونکە تورکیا بە هۆکاری گۆڕانکارییەکانی سوریاو پچڕانی هیلالی شیعی تۆمەتبار دەکرێت." ئەو وتیشی،"ڕەنگە گروپە شیعەکانی عێراق کە نزیکن لە ئێرانەوە فشار بخەنە سەر حکومەتی عێراق تا پێداچوونەوە بەو ڕێکەوتنانەدا بکات کە لەگەڵ تورکیا ئەنجامیداون." ڕۆژی 22 ی مانگی 4 ی 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی عێراقی کردو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، 26 ڕێککەوتن و یاداشتی لێتێگەیشتنیان لە بوارەکانی ئاسایش، بازرگانی، ئاو، ڕێگەی گەشەپێدان و چەند بوارێکی دیکە واژۆ کرد. ڕێککەوتنەکانی نێوان عێراق و تورکیا لە مانگی چواری ئەمساڵ لەکاتێکدایە، لە ئێستادا تورکیا بە هۆکاری لێدان لە پێگەی شیعە لە سوریاو ئەنجامدانی گۆڕانکاری لەو وڵاتە تۆمەتبار دەکرێت، بۆیە پێدەچێت گرفت بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان دروست ببێت. شوان داودی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دۆخی سیاسی سوریا هەموو هاوکێشەکانی گۆڕی، کاریگەری لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، ئێران تورکیاو ناوچەکە دەبێت. گۆڕانکارییەکانی سوریا خاڵی وەرچەرخانن بۆ داڕشتنەوەی سیاسەتی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست." ڕێککەوتنەکانی نێوان حکومەتی عێراق و تورکیا لە کاتێکدایە، هیچ متمانەیەک لە نێوان هێزە شیعەکانی عێراق و تورکیادا نییە کە پێکهێنەری حکومەتی عێراقن، بۆیە لایەنە شیعەکان لە ڕێگەی هێزەوە سنورەکانی عێراقیان لەگەڵ سوریا کۆنترۆڵکردووەو ترسیان لەگواستنەوەی ئاڵۆزییەکان بۆ عێراق هەیە. لێکۆڵەرێکی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوەدەکات، عێراق دابەشبووە بۆ سەر بەرەیەک و ئەمەش وادەکات هەڵوێستی یەکگرتوو نەبێت، بەرەیەک کە هادی عامری نمایندەی دەکات و توندە بەرامبەر تورکیا، بەرەیەکیش کە بەرەی حکومەت و سەرۆکوەزیرانە زیاتر کردارییە، بەرەکەی تریش کە بەشێک لە کورد و سونەن لایەنگرن. دکتۆر سەردار عەزیز، چاودێری سیاسی و لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"شیعە لەمەودوا بە گومانەوە تەماشای هەڵوێستی تورکیا دەکات و پێیانوایە لایەنێکی سەرەکییە لە کۆتایی هێنان بە بەرەی موقاوەمەو لاوازکردنی پێگەی شیعە." دەشڵێت،"نیگەرانی شیعە کاریگەری دەبێت لەسەر ڕێککەوتنەکانی نێوان تورکیاو عێراق و ڕێگای گەشە، هەڵوێستی تورکیا لە سوریا زیاتر لە ڕووی سەربازییەوە کاریگەری لە پەیوەندی نێوانی لەگەڵ عێراق دەکات، چونکە متمانەی نێوان تورکیاو شیعە لاواز بووە." جەختیشیکردەوە،"ئێران زۆر بە بێزارییەوە لە هەڵوێستی تورکیا دەڕوانێت و وایدەبینێت زەمینەساز بووە بۆئەوەی لە سوریا ڕوویدا." بەشێک لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، لایەنە شیعەکانی عێراق هەرچەندە لە مانگی چواری ئەمساڵ بێدەنگییان هەڵبژارد بەرامبەر واژۆکردنی ڕێککەوتنامەی هەمە لایەنەی نێوان عێراق و تورکیا، بەڵام ئەوکاتیش ڕازی نەبوون بە ڕێککەوتنامەکە.