لێکۆڵینەوەیەک: کیسی چا ملیۆنان گەردیلەی پلاستیکی دەردەکات کە ڕەنگە بچنە جەستەوە
2024-12-24 00:15:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لە وڵاتی ئیسپانیا دەڵێت ئەو کیسە چایانەی پێکهاتەی پلاستیکییان تێدایە لە کاتی ئامادەکردندا ملیۆنان گەردیلەی پلاستیکی دەڕژێنن بۆ ناو چاکەوە و دواتر دەگوازرێنەوە بۆ جەستەی مرۆڤ. توێژەرانی زانکۆی ئۆتۆنۆمی بەرشەلۆنە دەڵێن دوای ئەوەی گەردیلە پلاستیکەکان لە ڕێگەی چا خواردنەوە دەچنە گەدەی مرۆڤەوە، لە لایەن خانەی ڕیخەڵۆکەکانەوە هەڵدەمژرێن و شیانی هەیە دواتر لەوێوە بە سوڕی خوێن و تەواوی جەستەدا بڵاوببنەوە. لێکۆڵینەوەکە لەسەر ئەو کیسانە ئەنجامدراوە کە مادەی پۆلیمەر و پۆلیپرۆپەرلین و سێڵیولەس لە پێکهاتەکەیاندا هەیە. دەرکەوتووە ئەو کیسانەی پێکهاتەی پۆلیپرۆپەرلینیان تێدایە زیاتر لە ملیارێک گەردیلەیان ڕژاندووە بۆ هەر میلیلیترێک لە چا، لە کاتێکدا سێڵیولەس بڕی 135 ملیۆن گەردیلە و پۆلیمەر بری زیاتر لە 8 ملیۆن گەردیلەی ڕژاندووە بۆ هەر میلیلیترێک لە چا. لێکۆڵینەوەکە دەڵێت، "تاقیکردنەوەکانی کارلێکی بایۆلۆژی دەریانخستووە ئەو خانانەی ڕیخۆڵە کە بەرهەمهێنەری لینجە مادەن لە جەستەدا زۆرترین بڕی گەردیلەی پلاستیکی و نانۆپلاستیکییان تێدا بەدیکراوە، بە شێوەیەک گەردیلەکان تەنانەت چونەتە ناو ناوکی خانەکان کە ماددە بۆماوەییەکانیان تێدایە." لێکۆڵینەوەکە ئەو کیسانەی چا ناگرێتەوە کە پلاستیک لە پێکهاتەیاندا نییە و پاڵنەڕێکە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان هۆشیاری پەیدابکەن لەسەر پێکهاتەی ئەو کیسە چایانەی بەکاریاندەهێنن. ئەم لێکۆڵینەوەیە لە کاتێکدایە چاودێرانی تەندروستی هۆشداری دەدەن لە زیادبوونی بەردەوامی ڕێژەی پلاستیک لە جەستەی مرۆڤدا. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی ئەمساڵ لە زانکۆی نیو مەکسیۆ لە ئاڵبەرکرکی، لە هەشت ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی پێکهاتەی پلاستیک لە مێشکی مرۆڤدا بە شێوەیەکی خێرا بەرزبووەتەوە و گەیشووەتە 0.5%.