English | عربي

ڕێکخراوێکی ژینگەپارێز: گەرمیان 4.4٪ ڕێژەی سەوزایی تێدایە


ڕێکخراوێکی ژینگەپارێز: گەرمیان 4.4٪ ڕێژەی سەوزایی تێدایە

2019/04/17 | 10:25

(هەواڵ كوردستان)- "لە ئاستی هەرێمی کوردستاندا کەمترینە"

سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەدۆستانی گەرمیان ڕای دەگەیەنێت گەرمیان کەمترین ڕێژەی سەوزایی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ھەیە و داواش دەکات ڕۆژێک بکرێتە رۆژی نەمام لە گەرمیان و شوێنی تایبەت دیاری بکرێت و ساڵانە ھەڵمەتەکانی نەمان چاندن لەو شوێنە بەڕێوە بچێت.

 

ئازاد ئەحمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەدۆستانی گەرمیان، لەمبارەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ژینگەی گەرمیان لە پاڵ گرفتە گەورەکانیدا، لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان کەمترین ڕێژەی سەوزاییشی ھەیە، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا، ھەندێک ھەوڵ دراوە بۆ خزمەتکردنی ژینگەی گەرمیان، بەڵام ھێشتا ژینگەی گەرمیان گیرۆدەی چەندین گرفتی گەورەیە، کە ھۆی سەرەکی بۆ کەمتەرخەمیی حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و نەبوونی ھەوڵی جدی بۆ خزمەتکردنی ژینگەی ناوچەکە دەگەڕێتەوە".

 

لەبارەی گرفتەکانی ژینگەی سنوورەکە ڕوونیشی کردەوە: "نەبوونی کارگەی ڕیسایکلین لەگەرمیان ھۆکارە بۆ کەڵەکەبوونی زبڵ و خاشاک و پاشماوەەکان، کە بەداخەوە دەسووتێنرێن و لە ئاکامیشدا گرفتی گەورە بۆ ژینگەی ناوچەکە ئەخوڵقێنێت، لەگەڵ زۆریی ڕێژەی ئۆتۆمبێل و تەنکەری گواستنەوەی نەوت و مۆلیدەی کارەبای گەڕەکەکان و فڕێدانی پاشماوە بە شێوەیەکی ناتەندروست، کە دەبێتە ھۆی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشیی مەترسیدار و پیسکردنی ژینگە".

 

ئاماژەی بەوەش دا "کارکردنی ژمارەیەکی زۆری کارگەکانی چەو و لم کە بە ھیچ شێوەیەک ڕەچاوی ژینگەیان نەکردووە، بوونەتە ھۆی شێواندنی ژینگەی سروشتیی کەناراوەکانی ڕووباری سیروان و لەناوبردنی درەخت و سەوزایی و بە فیڕۆدانی ئاوی ڕووبارەکە و دیاردەی ڕاوکردنی باڵندە و ئاژەڵی کێویی ناوچەکە، بەتایبەت ئاسکەکان کە سیمایەکی دیاری دەشتەکانی گەرمیانن و گرفتێکی‌تر کەمیی ڕێژەی سەوزاییە لە ناوچەکەدا و ڕێژەی تەنھا ٤٫٤٪ە، کە بە داخەوە وایکردووە گەرمیان کەمترین ڕێژەی سەوزایی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ھەبێت، ڕێژەکەش زۆر کەمترە لە ڕێژەی ستانداردی جیھانی.

لەگەڵ ئەو دۆخە خراپەشدا کەچی دیاردەی بڕینەوەی درەختیش لە ناوچەکەدا ھەیە".

 

سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەدۆستانی گەرمیان داوا دەکات "دادگایەکی تایبەت درووست بکرێت بەو تاوانانەی دەرھەق بە ژینگە ئەکرێن و دەستەی ژینگە و و وەزیری ھەرێم بۆ ژینگە یەک بخرێن و بکرێنە وەزارەتێکی سەربەخۆی ژینگە و چالاک بکرێت و لە ناوەندەکانی خوێندندا پرۆگرامی تایبەت بە ژینگە بخوێندرێت و گرنگی بە پەروەردەکردنی تاکێک بدرێت کە ژینگەدۆست بێت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکەش ھەوڵی جدی بدەن بۆ چارەسەرکردنی گرفتە ژینگەییەکان و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی، ھەروەھا سزای توندی ئەو کەسانەش بدەن کە دەبنە ھۆی شێواندنی ژینگە، ھەروەھا ڕۆژێک بکرێتە ڕۆژی نەمام لە گەرمیان و شوێنی تایبەت دیاری بکرێت و ساڵانە ھەڵمەتەکانی نەمام ناشتن لەو شوێنە بەڕێوەبچێت و ھەموو چین و توێژەکان تێیدا بەشدار بن".








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending