ئیسرائیل داوا دەکات حوسییەکانی یەمەن وەکو گرووپێکی تیرۆریستی دەستنیشان بکرێن
2024-12-24 15:26:01 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
ئیسرائیل نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی خۆی لە ئەوروپا ڕاسپاردووە هەوڵبدەن حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان بکرێن. حوسییەکان چەندین جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل، کە گرووپەکە وەک هاوسۆزیەک بۆ فەلەستینییەکان لە غەززە وەسفی دەکەن. هێرشەکانی ئەو گرووپە ڕێڕەوی کەشتیوانی نێودەوڵەتییان پەکخستووە و کۆمپانیاکانی ناچارکردووە ڕێڕەوەکانیان بۆ گەشتی درێژتر و گرانتر بگۆڕن، ئەمەش نیگەرانی لەسەر هەڵاوسانی جیهان دروستکردووە. گیدۆن سەعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "حوسییەکان نەک تەنها مەترسین بۆ سەر ئیسرائیل بەڵکو هەڕەشەن بۆ سەر ناوچەکە و هەموو جیهان." بە گوتەی سەعر، لە ئێستادا ئەمەریکا، عەرەبستانی سعودیە، مالیزیا، میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی، ئوسترالیا، کەنەدا، نیوزلەندا و ئیسرائیل، حوسییەکان وەک گرووپێکی تیرۆریستی دیاری دەکەن. سەرچاوە: ڕۆیتەرز