کەرکوک دەبێتە هۆی قوڵتربوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان خەمیس خەنجەر و محەمەد حەلبوسی
2024-12-26 18:50:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
پاڵپشتیکردن و ڕەتکردنەوەی حکومەتی خۆجێی کەرکوک ناکۆکی نێوان سەرکردەکانی عەرەبی سوننەی قوڵتر کردەوە، خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە و دوو سەرکردەی تری عەرەب لەلایەن محەمەد حەلبوسی سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدومەوە درانە دادگا. چەند ڕۆژێک لەمەوبەرو کاتێک حەلبوسی لە میانی پێشوازیکردنیدا لە ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک، پاڵپشتی خۆی بۆ ئیدارەی کەرکوک دەربڕی، لەلایەن هاوپەیمانی سیادە و چەند سەرکردەیەکی تری عەرەبی کەرکوکەوە هێرشی توندی کرایە سەر. ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی عەرەبی سوننە لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"حەلبوسی پیرۆزبایی لە حکومەتی خۆجێی کەرکوک کردووە و پاڵپشتی خۆی بۆ ئەم حکومەتە دەربڕیووە، لەکاتێکدا هاوپەیمانی عەرەبی و تورکمان پێکهێنانی حکومەتەکە بە نایاسایی ناودەبەن." لەگەڵ خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادەدا، هەریەک لە ڕاکان جبوری سەرۆکی هاوپەیمانی عەرەبی و پارێزگاری پێشووی کەرکوک، هەروەها خالد مەفرەجی سەرکردەی دیاری عەرەبی سوننە لە کەرکوک لەلایەن حەلبوسییەوە دراونەتە دادگا. ئیسماعیل حەدیدی دەڵێت،"حەلبوسی لەلایەن هاوپەیمانی سیادە و هاوپەیمانی عەرەبییەوە ڕەخنەی لێگیراوە لەسەر قسەکانی، بۆیە ئەویش سکاڵای یاسایی لەسەر خەمیس جەنجەر و راکان جبوری تۆمارکردووە." قوڵبوونەوەی ناکۆکی لە نێوان محەمەد حەلبوسی سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم وخەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە لەسەر ئیدارەی کەرکوک لەکاتێکدایە، بە دوو هاوپەیمانی گرنگ و ڕکابەری نێو عەرەبی سوننە دادەنرێن، هەرچەندە "لەژێر فشاری دەرەکی"دا پێکەوە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان کرد. ناکۆکی نێوان لایەنە عەرەبییەکان و سەرکردەکانیان کاریگەری لەسەر قوڵترکردنەوەی ناکۆکییە خێڵەکییەکان لەکەرکوک هەبووەو هۆزە عەرەبییەکانیش بەسەر ئەم دوو بەرەیەدا دابەشبوون، بەشێکیان پاڵپشتی حکومەتی خۆجێی کەرکوک دەکەن و بەشەکەی تریان ڕەتیدەکەنەوە. ڕۆژی 26 ی مانگی هەشتی 2024، بەشێک لە هۆزی عوبێد لەگەڵ وەسفی عاسی ئەمیری هۆزەکەیان و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەردانی پارێزگاری کەرکوکیان کردو پشتگیری خۆیان بۆ ڕێبوار تەها دووپاتکردەوە. پشتگیریکردنی هۆزی عوبێد لە ئیدارەی نوێی کەرکوک لەکاتێکدایە، راکان جبوری پارێزگاری پێشووی کەرکوک کە بە ڕکابەری ئەمیری هۆزی عوبێد دادەنرێت وکەسایەتییەکی دیاری عەشیرەتی جبورە، بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ حکومەتی خۆجێی کەرکوک دەربڕیووە. مەحمود زەیدان، کەسایەتی عەرەبی سوننە لە کەرکوک دەڵێت،"مەبەستی هۆزی عوبێد لە پاڵپشتیکردنی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بۆ سەرکەوتنی حکومەتەکەیەو حاڵەتێکی ئاساییە." شەوی 10 ی مانگی هەشتی 2024، فراکسیۆنی یەکێتی و کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە خاوەنی نۆ کورسی ئەنجومەنەکەن، بە بێ پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی لە ئوتێل رەشیدی شاری بەغدا کۆبوونەوەو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان ڕاگەیاند. هەریەک لە هاوپەیمانی عەرەبی، پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی کە خاوەنی 7 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکن لە کۆی 16 کورسی، ناڕازین لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک و دۆسیەکەیان بردووەتە دادگاو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان بایکۆتکردووە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26 ی مانگی 12 ی 2024، دادگای کارگێڕی بەغدا سکاڵایەکی یاسایی سەلوا عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی لە هاوپەیمانی عەرەبی ڕەتکردەوە، کە لەسەر سەرۆک کۆماری عێراق تۆماری کردبوو، گوایە بە نایاسایی مەرسومی کۆماری بۆ دەست بەکاربوونی ئیدارەی نوێی کەرکوک دەرکردووە. ڕەتکردنەوەی سکاڵاکەی سەلوا عەلی لەلایەن دادگای کارگێڕی بەغداوە تا ڕادەیەکی زۆر نائومێدی لای هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی دروستکردووە، لەکاتێکدا هێشتا دوو سکاڵای تریان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک لە دادگایە. خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە کە لەلایەن حەلبوسییەوە سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکراوە، ڕایگەیاند،"نیوەی پێکهاتەی کورد کە پارتییە لە کەرکوک دوور خراوەتەوە، دوو لەسەر سێی پێکهاتەی عەرەب بەشدارنین لە حکومەتی خۆجێی و پێکهاتەی تورکمانیش بە تەواوەتی دوور خراونەتەوە، ئەمە پێشێلکردنی یاسایە." لە نێو پێکهاتەی کورددا تەنها پارتی و یەکێتی کورسییان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدەستهێنا، یەکێتی 5 کورسی و پارتی 2 کورسی، عەرەبیش بە سێ کوتلەوە 6 کورسی ئەنجومەنیان هەیە و سێ ئەندامیان بەشداری حکومەتی نوێی پارێزگاکەی کردووە، بەڵام تورکمان دوو کورسی هەیەو هیچکام لە ئەندامەکانی دەنگیان بە ئیدارەی نوێی کەرکوک نەداوە. کامەران کەرکوکی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر یەکێتی و پارتی لەسەر پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ڕێکبکەون، ڕەنگە پارتی دان بە حکومەتی خۆجێی کەرکوک دا بنێت، ئەمە خوێندنەوەی خۆمە." ئەو وتیشی،"گەر ڕێکیش نەکەون، دۆخی ئێستای کەرکوک بەردەوامی دەبێت تا کۆتاییئەم دوو ساڵە."