هەواڵی کوردستان ئێستا

حکومەتی سوریا: وەزیری دەرەوەی لوبنان "پیرۆزبایی سەرکەوتنەکەی گەلی سوریای" کرد

حکومەتی سوریا: وەزیری دەرەوەی لوبنان
حکومەتی سوریا: وەزیری دەرەوەی لوبنان "پیرۆزبایی سەرکەوتنەکەی گەلی سوریای" کرد

2024-12-27 01:10:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


حکومەتی سوریا و لوبنان ڕۆژی پێنجشەممە بە جیا ڕایانگەیاند وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە و تێیدا جەختیان لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان کردووەتەوە. وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، وەزیری دەرەوەی لوبنان عەبدوڵا بو حەبیب لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا ئەسەد حەسەن شەیبانی پشتگیری لوبنانی بۆ حکومەتی نوێی سوریا دەربڕی و "پیرۆزبایی لە گەلی سوریا کرد بۆ سەرکەوتنەکەی." وەزارەتی دەرەوەی سوریا دەڵێت هەردوو بەرپرس جەختیان لەسەر پەیوەندی دۆستانە و مێژووی هاوبەشی نێوانیان کردەوە و هاوڕابوون لەسەر پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە. وەزارەتی دەرەوەی لوبنانیش لە بەیاننامەی خۆیدا دەڵێت لوبنان پشتگیری ئارامی و یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکات و چاوەڕوانی "باشترین پەیوەندی دراوسێیانە" لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا دەکات. ئەم جوڵە دیبلۆماسییە لە کاتێکدایە حزبوڵای لوبنانی لە ماوەی 13 ساڵی ڕابردووی شەڕی خوێناوی سوریادا پشگیری ڕاستەوخۆی چەکداری لە حکومەتی بەشار ئەسەد دەکرد. بەڵام ئەمساڵ لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل حزبوڵا ناچاربوو چەکدارەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە و نەتوانێت فریای ڕژێمەکەی ئەسەد بکەوێت.