بەکارهێنانی کەپتاگۆن، یەکێک لە ماددە هۆشبەرە مەترسیدارەکان لە هەرێمی کوردستان زیاد دەکات
2024-12-27 17:35:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێم، لەم ساڵدا یەک ملیۆن و 600 هەزار دەنک حەبی کاپتاگۆن و یەک تۆن کەرەستەی دروستکردنی حەبەکە، لەلایەن بەڕێوبەرایەتیەکەوە، دەستیبەسەردا گیراوە، کە لە سوریاوە هێنراوەتە هەرێمی کوردستان. عەقید سەلام عەبدولخالق لێپسراوی ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە مانگی 2ی ساڵی 2024 بەهەوڵی بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و هێزەکانی ئاسایش، دەستمان گرت بەسەر 169 کیلۆ حەبی کەپتاگۆن کە لەلایەن هاووڵاتیەکی بەڕەگەز عەرەب لە سوریاوە، هێنرابوونە موسڵ و لەوێشەوە بۆ سلێمانی." لێپسراوی ڕاگەیاندی دەزگای ئاسایشی هەرێم وتیشی،" لەم ساڵدا یەک تۆن کەرەستەی سەرەتایی حەبی کەپتاگۆن کە لە دەرەوە هێنرابوو، توانیومانە دەستی بەسەردا بگرین و ئەو جۆرە حەبە قەدەغەیە و وەک ماددەی هۆشبەر بە مەبەستی جیاجیا بەکاردەهێنرێت و هێزەکانمان بە بەردەوامی چاودێری دەکەن." کاپتاگۆن Captagon یان فینیتیللین Fenethylline بۆ یەکەم جار ساڵی 1961 دروستکراو، وەکو جێگرەوەیەک بۆ دەرمانی ئەمفیتامین Amphetamine بۆ چارەسەرکردنی خەمۆکی و چەند حاڵەتێکی سنوورداری دەروونی، بەکارهێنراوە و لە ئێستادا لەبەر زیانە زۆرەکانی قەدەغەکراوە. د. هاوکار حەمەڕەشید پزیشکی دەرمانساز لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەم حەبە لە ساڵی 1961 دروستکراوە و بەکارهێنراوە بۆ دوو حاڵەت: کە نەخۆشی کەم ئاگایی و فرە جوڵەیی و ئەو کەسانەی کە توشی خابوونەوەی ماسولکە بوون و بۆ تێکدانی یادگەی کەسێک بەکارهێنراوە، ئەمەش چەندین زیانی لێکەوتووەتەوە وەک نەخۆشیەکانی دڵ." د. هاوکارحەمەڕەشید وتیشی،" ئەم حەبە بۆیە لەلایەن بازرگانەوە خواستی لەسەرە، زیاتر لەو ووڵاتانە ساغ دەکرێتەوە کە جەنگیان تێدایە و کەسی بەکارهێنەر وای لێدەکات کە متمانەی بەخۆی زیاتر بێت وئەوەی پێی دەوترێت جێ بەجێ دەکات و تەرکیزی زیاد دەکات و بەشەودا ناخەوێت و هەست بە ماندووبوون ناکات، لە سیفەتە خراپەکانی، کەسی بەکارهێنەر وابەستە بەخۆیەوە دەکات و یادگەی خراپ دەکات و دەمارەخانەکانی دەشکێنێت و لە ئێستادا لە بواری پزیشکی قەدەغەکراوە." بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم, لە 11 مانگی ساڵی 2024 دا دەستیان بەسەر 121 هەزار و 330 دەنک جەبی جۆراو جۆردا گرتووە، کە بۆ مەبەستی جیاجیاو لە دروستکردنی ماددە هۆشبەرەکان و وەک ماددەی هۆشبەر بەکارهاتوون. کاپتاگۆن وەکو دەرمان لە لایەن ئاژانسی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکی FDA مۆڵەت پێدراو نییە، لە ساڵی 1986 و تا ئێستا بەرهەمهێنانی کاپتاگۆن بە نایاسایی هەژمار دەکرێت، بەکارهێنانی بەردەوام بە بڕی زیاد، جگە لە راهاتن (ادمان)، ئاکامی تەندروستیی زۆر خراپی دەبێت، بۆنموونە شێوان، هێڵنج، ڕشانەوە، نۆرەی پەرکەم، لێڵبوونی بینین، سەرسووڕان، گرفت لە هەناسەدا، ئازاری ماسوولکە و جومگە، هەڵبەزین و دابەزینی مەزاج، ناڕەحەتی و زووتووڕەبوون، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەروەها دڵەکوتێ. سوریا بە پایتەختی ماددە هۆشبەرەکان دەناسرێت و لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بە شار ئەسەد ژمارەیەکی زۆر کارگەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر ئاشکرابوون کە کاری هەناردەکردنی ماددەی هۆشبەریان کردووە بۆ وڵاتانی دراوسێ لەنێویشیاندا عێراق. د. دانیال ساعدی پسپۆڕی نەخۆشیە دەرەونیەکان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر و ئاڵودەبوون بە ماددەهۆشبەرەکان تا دێت ژمارەیان لەهەرێمی کوردستان ڕووی لە زیاد بوونە، پێویستی بە هەماهەنگی زیاترە بۆ ڕێگری کردن و کەم کردنەوەی کاریگەریەکانی ،تەنها نەخۆشخانەیەک ناتوانێت ئەم حاڵەتە ڕابگرێت، ئەوانەی ئێستا ئاڵودەی بوون لەناو نەخۆشخانە دەرونی چارەسەر دەکرێن، پێویستە هەموو لایەنەکان پێکەوەکار بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئەم مەترسیە جیهانیە بکەن." کڕین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان قەدەغەکراوە، بە پێی یاسای ژمارە1 ی ساڵی 2020ی پەرلەمانی کوردستان، کە بەناوی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و کارتێکارە عەقڵییەکان لە هەرێمی کوردستان – عێراق دەرچووە، لە بەشی سزاکانی یاساکە و لەماددەی 26 سزاکانی بەم جۆرە دیاری کردووە: یەکەم: هەر کەسێک یەکێک لەم کردارانەی خوارەوە ئەنجام بدات، ئەوا بەزیندانیکردنی هەتاهەتایی یان کاتی و پێبژاردنێک کە کەمتر نەبێت لە (30.000.000) سی ملیۆن دینار و زیاتر نەبێت لە (90.000.000) نەوەد ملیۆن دینار سزا دەدرێت: 1- ماددەی هۆشبەر یان کارتێکاری عەقڵیی یان پێشینەی کیمیایی، بەدەستهێنابێت یان دەستداری کردبێت یاخود کڕیبێتی یان فرۆشتبێتی یان ڕادەستی کردبێت یان وەریگرتبێت یان گواستبێتیەوە یان دەستی لێهەڵگرتبێت یان ئاڵوگۆریپێکردبێت یان سەرفیکردبێت بە هەر سیفەتێک، یاخود نێوەندگیریی لە یەکێک لەو کردانە کردبێت ، بە مەبەستی بازرگانیپێکردنی بەهەر شێوەیەک بێت، بەدەر لەو حاڵەتانەی یاسا مۆڵەتیپێداون. 2- ماددەی هۆشبەر یان کارتێکاری عەقڵیی، بۆ بەکارهێنان پێشکەشی کەسی دیکە کردبێت، یان بەشدار بووبێت یان هاندەربووبێت لەسەر بەکارهێنانی، بەدەر لەو حاڵەتانەی یاسا مۆڵەتیپێداون. 3- مۆڵەتدرابێت بە دەستداریی ماددەی هۆشبەر یان کارتێکاری عەقڵیی یان پێشینەی کیمیایی، بۆ بەکارهێنانی لە مەبەستێکی دیاریکراودا، بەڵام بە پێچەوانەی ئەم مەبەستە ڕەفتاری پێکردبێت. 4- شوێنێکی بۆ بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر یان کارتێکاری عەقڵیی، بەڕێوەبردبێت یان ئاماددەکردبێت یان ڕەخساندبێت. دووەم: هەر کەسێک بە مەبەستی بازرگانیپێکردن بە هەر شێوەیەک بێت، بەدەر لەو حاڵەتانەی یاسا مۆڵەتیپێداون، ماددەی هۆشبەر یان کارتێکاری عەقڵیی یان ڕووەکێک لەو ڕووەکانەی کە ماددەی هۆشبەر یان کارتێکاری عەقڵیی ڵێبەرهەمدێت، بەخاوەنی بووبێت، یان بەدەستیهێنابێت، یان دەستداری کردبێت یان کڕیبێتی یان فرۆشتبێتی یاخود ڕادەستیکردبێت یان وەریگرتبێت یان گواستبێتیەوە، یاخود دەستیلێهەڵگرتبێت یان ئاڵوگۆریپێکردبێت یان سەرفی کردبێت بەهەر سیفەتێک بێت، یان نێوەندگیری لەهەر کردەیەک لەوانەی سەرەوە کردبێت، بە بەندکردنی توند و بەپێبژاردنێک کەمتر نەبێت لە (15.000.000) پازدە ملیۆن دینار و زیاتر نەبێت لە (30.000.000) سی ملیۆن دینار سزا دەدرێ.