هەواڵی کوردستان ئێستا

قەیرانی تایفەگەرایی لە دەرگای سوریا دەدات

قەیرانی تایفەگەرایی لە دەرگای سوریا دەدات
قەیرانی تایفەگەرایی لە دەرگای سوریا دەدات

2024-12-27 20:00:21 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


هەیئەتی تەحریری شام، هێزی زیاتری چەکداری گەیاندووەتە شارەکانی حومس و تەرتوس و لازقییە چونکە لە شەقامەکانی ئەو شارانەدا خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربڕین کراون بۆ سەرکۆنەکردنی سوتاندنی مەزارێکی پیرۆزی عەلەوییەکان لە شاری حەڵەب. دکتۆر غالب ئەلدەعمی، لێکۆڵەری سیاسی جەخت دەکاتەوە لەوەی ئاماژەکان وەها نیشان دەدەن سوریا لەبەردەم قەیرانێکی تایفەگەراییدایە و دەڵێت "هێز هەن لە دەرەوەی سوریادا و پاڵنەرن بۆ نانەوەی ئاژاوە، هاوشێوەی ئاژاوەگێڕییەکانی لە عێراقدا هەبوون، ئەو هێزانە سەقامگیرییان ناوێن و لە پێناو گێڕانەوەی هەژموونی خۆیاندا، ئەو هێزە دەرەکیانە هەموو شتێک دەکەن."   دکتۆر ئەلدەعمی، لەوبڕوایەدایە زەمینە هەن بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی نوێی ناوخۆیی لە سوریادا و دەڵێت "دەشێت بە ئاستێکی کەمتر لەگەڵ دروزەکاندا ڕووبدات، بەڵام لەگەڵ عەلەوییەکان و ئیسماعیلییەکان و شیعەکاندا بە ئاستێکی زۆر گەورەتر؛ ئەمانە ئەگەریان هەیە هەرچەندە قەیرانی هەرە سەرەکی ئەم دەسەڵاتە نوێیەی سوریا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتدا دەبێت." حەسەن حەنزەڵ ئەلناسر نوسەر و ڕۆژنامەوانە و ئاماژە بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات لە ئەگەری سەرهەڵدانی قەیرانی تایفەیی لە سوریای ژێر سایەی هەیئەتی تەحریری شامدا و دەڵێت "ڕۆڵ و کاریگەریی ئێران لە دوای ئەو هەموو ساڵە، هەروا لە شەو و ڕۆژێکدا ناگۆڕدرێت، نە هەر ئەوە بەڵکو ئەو ململانێیانەی نێوان بەرژەوەندییەکانی ڕوسیا و ئەمەریکا و تورکیا و ئێرانیشدا هەن هەروا لە شەو و ڕۆژێکدا کۆتاییان نایەت؛ ئەمانەش دەبنە مایەی وروژاندنی قەیرانی نوێ لەو وڵاتەدا کە هێشتا ئایندەکەی دیار نییە، ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ڕوویداوە لە نێوان عەلەوییەکان و هێزە چەکدارەکاندا، دەرکەوتنی سەرەتایەکە." بەڕێز ئەلناسر، دەڵێت "جەبهەی نوسرە کە ئێستا وەک هەیئەتی تەحریری شام ناسراوە، لەلایەن قەتەر و تورکیاوە پشتیوانی دەکرێت و لەوبڕوایەشدا نیم بتوانێت هەروا بە ئاسانی لە ململانێ هەرێمییەکە دەربازی ببێت و لەبەرامبەر ئێرانییەکاندا." دکتۆر غالب ئەلدەعمی، لەوبڕوایەدایە جا ئایا بە فشار بێت یانیش بەبێ هیچ فشارێک شییانی هەیە ئەم دەسەڵاتدارە نوێیانەی سوریا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتدا بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام لەگەڵ عەلەوییەکاندا زۆر قورسە و دەڵێت "خواستێک هەیە بۆ لاوازکردنی پێگەی عەلەوییەکان و سودیش لەوە دەبینرێت کە بەشێکی عەلەوییەکان دژی هەیئەت نین، هەربۆیە ئەو بەزم و ڕەزم و ئاژاوانەی دروستکران، درێژخایەن نابن ئەگەر یاسا سەروەر بێت."   عەلەوییەکان کە لقێکی شیعە ئاینزاکانن، لە سەروەختی ڕژیمی بنەماڵەی ئەسەددا، دەسەڵات و هەژموونێکی زۆر و گەورەیشیان هەبووە و دەسەڵاتی تەواوەتیشیان هەبووە بەسەر هێزە ئاسایشییەکانی سوریادا. بەشار ئەلئەسەد، سەرۆکی ڕاکردووی سوریا، لەم 13 ساڵەی ڕابردوودا هێزە ئاسایشییەکانی وڵاتەکەی بەکاردەهێنا بۆ سەرکوتکردنێکی خوێناویی هێزەکانی ئۆپزسیۆن. هەیئەتی تەحریری شام، هێزێکی توندڕەوی سوننە ئاینزایە و دەڵێت "کێشە لەگەڵ عەلەوییەکاندا نییە، بەڵکو لەگەڵ شەبیحەکانی ڕژێمە پۆلیسییەکەی بەشار ئەلئەسەددایە." ئەبو حەمزە، چەکدارێکی هەیئەتی تەحریری شامە، بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، هێزەکان لە باری ئاگاهیدان وەک دەڵێت "بۆ پاراستنی ئەو شارانە لە هەر جموجۆڵێکی تێکدەرانەی تاوانبارانی ڕژێمەکەی پێشووی ئەسەد کە دەیانەوێت ڕەوشی ئاسایشی ناوچەکان تێکبدەن." خۆپیشاندانی عەلەوییەکان لە شارەکانی سوریادا، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی دیمەنێکی ڤیدیۆیی ئاوردانی مەزارێکی پیرۆزی عەلەوییەکان بووە لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا. ئەحمەد ئەلشەرع، فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سوریا، پێشتر ڕایگەیاندبوو "لەژێر فەرمانڕەوایەتی هەیئەتی تەحریری شامدا، مافەکانی عەلەوییەکان و کەمایەتییەکانی تریش پارێزراو دەبن." حەسەن حەنزەڵ ئەلناسر، گەشبین نییە بەرامبەر ئایندەی سوریا و ئەگەرەکانی شەڕی تایفەیی و دەڵێت "بێگومان ئەم کێشانە بەردەوام دەبن؛ بە دڵنیاییەوە ڕێککەوتنی ژێربرژێریش هەبووە لە نێوان ڕوسیا و تورکیا و ئێراندا، بەر لە ڕوخاندنی ڕژێمی ئەسەد، ئەوەی لە سوریا ڕوودەدات ئاماژەیە بۆ دابەشبوونی ئەو وڵاتە بۆ چوار بەش، هەرێمێک بۆ کورد و هەرێمێک بۆ شیعە و هەرێمێک بۆ سوننە و هەروەها دروزەکانیش ناوچەیەکیان دەبێت؛ لەم دابەشبوونەشدا، ئەمەریکا و ئیسرائیل و ڕوسیا و ئێران ڕۆڵیان دەبێت و بەبێ هیچ گومانێکیش تورکیا وەک بکەری سەرەکیی ڕۆڵی هەر دەمێنێت لە خاکی سوریادا."