ئێران دەڵێت ساڵی 2025 'ساڵێکی گرنگ' دەبێت بۆ پرسی ئەتۆمی
2024-12-29 01:40:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
ئێران کە خۆی بۆ ئەگەری سەپاندنەوەی سیاسەتی "زۆرترین فشار"ی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا ئامادە دەکات، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند ساڵی 2025 ساڵێکی گرنگ دەبێت بۆ پرسە ئەتۆمییەکەی. وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عەراقچی لە پەکین بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ساڵی 2025 ساڵێکی گرنگ دەبێت سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و لە لێدوانەکانیدا کە لە کەناڵی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران پەخشکرا، ئاماژەی بەوە کرد لە وتووێژ لەگەڵ هاوتا چینییەکەیدا باسی ئەو بابەتەی کردووە. بەڵام ناوی ترامپی نەهێنا و ڕوونی نەکردەوە کە ئەمساڵ چۆن یان چەندە گرنگە دەبیت. ڕەنگە نیگەرانی سەرەکی سەرکردەکانی ئێران ئەوە بێت کە ترامپ دەسەڵاتی هێرشکردنە سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران بدات بە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ و لە هەمان کاتدا سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر پیشەسازییە نەوتییە چارەنووسسازەکەی زیاتر توندتر بکاتەوە. ڕۆژی شەممەش نرخی تمەنی ئێران بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی گەیشتە نزمترین ئاست لە مێژوودا. لە ساڵی 2018، ترەمپ لە ڕێکەوتنی ساڵی 2015 ئێران لەگەڵ زلهێزانی جیهان کشایەوە، کە تێیدا ئێران ڕازی بوو پیتاندنی یۆرانیۆم سنووردار بکات، لە بەرامبەر کەمکردنەوەی سزاکانی ئابووری ئەمەریکا و ڕۆژئاوا و نەتەوە یەکگرتووەکاندا. سەرچاوە: ڕۆیتەرز