ئۆجەلان: سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە
2024-12-29 20:10:56 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە پامێکیدا لە زیندانی ئیمرالی تورکیا جەخت لەسەر گرنگی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان کورد و تورک دەکاتەوە و دەڵێت ئێستا سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و گەلانی ناوچەکە. دوێنێ شەممە، 28ی دوازدەی 2024، شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە پێکهاتبوو لە سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان لە ئیمرالی سەردانی ئۆجەلانیان کرد و ئەمڕۆ ڕاگەیێندراوێکیان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە. ڕاگەیێندراوێکە دەڵێت دۆخی تەندروستیی ئۆجەلان باشە و "ورەی زۆر بەرزە." هەروەها دەڵێت شاندەکەی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان باسی دوایین پێشهاتەکانی تورکیا و ناوچەکەیان کردووە و "ئەو هەڵسەنگاندنانەی بەڕێز ئۆجەلان لەبارەی چارەسەری هەمیشەیی پرسی کورد کردنی، زۆر گرنگ بوون." شاندەکە دەڵێت ئۆجەلان لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیاری "چارەسەری ئەرێنیی" پێشکێشکرد و چوارچێوەی گشتیی بیرۆکە و روانگەکانی بەم شێوەیە خستەڕوو: سەرلەنوێ پتەوکردنەوەی برایەتی تورک و کورد نەک هەر بەرپرسیارێتییەکی مێژوویییە بەڵکو گرنگییەکی چارەنووسساز و بەپەلەیەی هەیە بۆ هەموو گەلان. بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، زۆر گرنگە کە هەموو بازنەکانی سیاسی لە تورکیادا دەستپێشخەری بکەن و بەشێوەیەکی بنیاتنەرانە هەنگاو بنێن و بەشداری ئەرێنی بکەن بەبێ ئەوەی لە حیساباتی تەسک و کاتییەکان گیر بخۆن. یەکێک لە گرنگترین پلاتفۆرمەکانی ئەم بەشداریانە بێ گومان ئەنجوومەنی گەورەی نیشتمانی تورکیا (پەرلەمان) دەبێت. ڕووداوەکانی غەززە و سوریا دەریانخستووە کە چارەسەری ئەم کێشەیە، کە هەوڵ دەدرێت بە دەستێوەردانەکانی دەرەکی زیاتر ئاڵۆز بکرێت، چیتر ناتواندرێت دوابخرێت. هەروەها بەشداری و پێشنیارەکانی ئۆپۆزسیۆن بەنرخن بۆ سەرکەوتن لەم پرۆسەیە گرنگ و جدییە. من لێهاتوویی و ئیرادەی پێویستم هەیە بۆ ئەوەی بەشدارییەکی ئەرێنی لەو هاوکێشە نوێیەدا بکەم کە بەڕێز باخچەلی و بەڕێز ئەردۆغان هێزیان خستووەتە بەری. شاندەکە ئەم هەڵوێست و ڕێبازەمان لەگەڵ هەردوو بازنەی دەوڵەت و سیاسییەکان هاوبەش بکات. لە ژێر ڕۆشنایی ئەمەشدا ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی پێویست بنێم و بانگەوازەکە بکەم. هەموو ئەم هەوڵانە وڵات دەبەنە ئەو ئاستەی کە شایەنیەتی و هەروەها دەبێتە ڕێنیشاندەرێکی زۆر بەنرخ بۆ وەرچەرخانێکی دیموکراسی. ئەم سەردەمە بۆ تورکیا و ناوچەکە سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە.