فەرمانڕەوای تازەی سوریا دەڵێت ئەنجامدانی هەڵبژاردن ڕەنگە 4 ساڵ دوابکەوێت
2024-12-29 22:20:16 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
ئەحمەد شەرع، فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سوریا، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، ڕەنگە پڕۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەو وڵاتەدا هەتا چوار ساڵ دوابکەوێت. ئەحمەد شەرع کە ناسراوە بە ئەبو محەمەد جۆلانی لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی عەرەبییەی سەر بە عەربستانی سعودییە هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئامادەکردنی دەستورێکی نوێ بۆ وڵات هەتا سێ ساڵی پێویستە. ڕایگەیاند، "ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێکی ڕەوا پێویستی بە سەرژمێرییەکی گشتگیری دانیشتووان دەبێت." دواکەوتنی دورودرێژی هەڵبژاردن و گواستنەوەی دەستەڵات ئەگەری هەیە ببێتە هۆی نیگەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا کە لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ دەستەڵاتدارانی نوێی سوریادا لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی ودەرهێنانی تەحریری شامیان لە لیستی تیرۆر بەستووەتەوە بە مەرجی دامەزراندنی حکومەتێکی گشتگیر و پارێزەری مافی پێکهاتەکان. ئەحمەد شەرع هەروەها ڕایگەیاند لە داهاتوودا کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتیمانی دەبەسترێت و تێیدا تەحریری شام و گرووپە چەکدارییەکانی تر هەڵدەوەشێندرێنەوە و ئەندامانیان دەخرێنە ناو هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت. ڕایگەیاند بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ هەسەدەش لە گفتوگۆدان. سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، شەریع باسی لەوە کرد کە سوریا و ڕوسیا بەرژەوەندی ستراتیژییان هەیە و "دەبێت پەیوەندییەکە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارە ئیدارەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دانۆڵد ترامپ، سزاکانی سەر سوریا لابەرێت. سەرچاوە: ڕۆیتەرز