هەواڵی کوردستان ئێستا

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا جیمی کارتەر کۆچی دوایی کرد

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا جیمی کارتەر کۆچی دوایی کرد
سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا جیمی کارتەر کۆچی دوایی کرد

2024-12-30 02:45:16 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


ئۆفیسی جیمی کارتەر 39 هەمین سەۆرکی ئەمەریکا، ڕایگەیان رۆژی یەکشەممە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا جیمی کارتەر لە تەمەنی 100 ساڵیدا کۆچی. کارتەر لە ساڵی 2023وە پاش ئەوەی ڕەوشی تەندروستی تێكچوو لە ماڵەکەی خۆیدا لە جۆرجیا خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ دەکرا. ئەو تەنها سەرۆکی ئەمەریکا بووە کە تەمەنی گەیشتووەتە 100 ساڵ و لە مانگی دەی ئەمساڵ ئاهەنگی سەد ساڵەی تەمەنی بۆ کرا.   ژیاننامەی جیمی کارتەر جیمی کارتەر 39 هەمین سەرۆکی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بوو. لە 1ی مانگی دەی ساڵی 1924 لە پلەینس، شارۆچکەیەکی بچووکی ویلایەتی جۆرجیا لە دایک بوو. باوکی جوتیار و کاردار بوو و دایکیشی پەرستاربوو. دواناوەندی لە خوێندنگەی گشتی هەر لە پلەینس تەواو کرد، پاشان چووە کۆلیجی جۆرجیا ساوتوێسترێن و ئنستتیوتی تەکنەلۆژی جۆرجیا، و لە ساڵی 1946 بەکالۆریۆسی لە ئەکادیمیای هێزی دەریایی ئەمەریکا بەدەستهێنا. لە مانگی حەوتی ساڵی 1946 لەگەڵ ڕۆزڵن سمیت هاوسەرگیری کرد.   لە ساڵی 1953 پاش مردنی باوکی، گەڕایەوە بۆ لای خێزانەکەی لە جۆرجیا و کێڵگەکانی کارتەری بەڕێوەدەبرد. لە ساڵی 1962 لە هەڵبژاردن بۆ سیناتی جۆرجیا سەرکەوتنی بەدەستهێنا. لە ساڵی 1966 لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی فەرمانڕەوای ویلایەتەکەیدا شکستی هێنا، بەڵام دواتر لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لە 12 ی مانگی یەکی ساڵی 1971 بوو بە 76هەمین فەرمانڕەوای ویلایەتی جۆرجیا. لە ساڵی 1974  سەرۆکی هەڵمەتی هەڵبژاردنی کۆمیتەی نیشتمانی دیموکراتەکان بوو بۆ هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس و فەرمانڕەوا. لە 12ی یەکی ساڵی 1974 کاندیدبوونی خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕاگەیاند و لە ساڵی 1976 لە کۆنگرەی دیموکراتەکاندا دەنگی پێدرا بۆ بوون بە کاندیدی سەرەکی ئەو حزبە لە هەڵبژاردنەکانی ئەو ساڵەدا. و لە 2ی مانگی یازدەی ساڵی 1976 وەک 39 هەمین سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرا.   ڕووداوە سەرەکییەکانی لە دەمی سەرۆکایەتی کارتەردا لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتی کارتەردا چەندین ڕوودای گرنگ لە ئەمەریکا و جیهان ڕوویان دا. یەک ڕۆژ پاش دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەمەریکا لە 21 یەکی 1977  جیمی کارتەر یەکەم فەرمانی دەرکرد و لێخۆشبوونی بێ مەرجی ڕاگەیاند بۆ سەدان  هەزار پیاو کە خۆیان لە ناونوسیکردن بۆ جەنگی ڤێتنام دزیبووەوە. لە 22 ی مانگی پێنجی ساڵی 1977 سەرۆک کارتەر لە زانکۆی نۆتردام وتارێکی لەسەر ڕێبازێکی نوێی سیاسەتی دەرەوەیی پێشکەشکرد و تیایدا تیشکی خستە سەر ڕێبازی دژ بە کۆمۆنیزم و پشتیوانی زیاتری بۆ مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ دەربڕی. لە 31 ی مانگی دوازدەی ساڵی 1977 کارتەر سەردانی شا محەمەد ڕەزا پەهلەوی کرد لە تاران و ئێرانی بە " دورگەیەکی سەقامگیر" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناودێر کرد. لە 17 ی سێی 1978 کارتەر لە وتارێکیدا لەسەر سیاسەتی دەرەوەیی کارتەر هۆشداری لەمەڕ هەڕەشەکانی سۆڤیەت دا. لە 5 ی مانگی نۆی ساڵی 1978 سەرۆک کارتەر نێوەندگری کرد لە نێوان سەرۆک وەزیری ئیسرائیل مێناخێم بەگین و سەرۆکی میسر ئەنوەر سادات. لە ئەنجامدا لە 26 ی سێی ساڵی 1979 ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە مۆر کرا.   لە 15 ی مانگی پێنجی ساڵی 1978 پەیوەندی دیپلۆماسی تەواو لەگەڵ چین دەستیپێکرد. لە 17 ی مانگی دەی ساڵی 1979 کارتەر یاسای دامەزراندنی وەزارەتی پەروەردەی مۆرکرد و شێرلی هافستدلێری وەکو یەکەم وەزیری پەروەردە دەستنیشان کرد. لە 20ی مانگی دەی 1979 بڕیار درا شا لە ئەمەریکا چارەسەری پزیشکی بۆ بکرێت، ئەمەش پاش ئەوەی لە 16 ی یەکی 1979 ئێرانی بەجێهێشت و لە 1ی مانگی دووی 1979 خومەینی گەڕایەوە بۆ ئێران. لە 4ی مانگی یازدەی ساڵی 1979 درێژترین دۆخی بارمتەگرتن لە مێژوودا تۆمارکرا، کاتێک خوێندکارانی ئێرانی 52 دیپلۆمات و هاووڵاتی ئەمەریکاییان لە ناو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تاران بە بارمتە گرت و ئەو دۆخە بۆ ماوەی 444 ڕۆژ بەردەوام بوو. خوێندکارەکان پشتیوانی شۆڕشی ئێران بوون و ئەو بارمتانەیان وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە داڵدەدانی شای ئێران محەمەد ڕەزا پەهلەوی لەلایەن ئەمەریکاوە گرتبوو.   پاش ئەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان شکستیان هێنا لە ئازادکردنی بارمتەکان، بەڕێوەبەرایەتی کارتەر بڕیار دا بە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنێکی لەشکری بارمتەکان ئازادبکرێن، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکە شکستی هێنا. شکستهێنانی ئۆپەراسیۆنی جنگی هەڵۆ (Operation Eagle Claw) ئۆپەراسیۆنەکە لە 24 و 25 ی مانگی چواری ساڵی 1980 بەڕێوەچوو بە مەبەستی ڕزگارکردنی بارمتە ئەمەریکاییەکان لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تاران. ئۆپەراسیۆنەکە شکستی هێنا بەهۆی هەڵکردنی ڕەشابەیەکی بەهێز لە بیابانی تەبەس. سەرئەنجام 8 سەربازی ئەمەریکایی و هاووڵاتییەکی ئێرانی گیانیان لەدەست دا و 4 سەربازی دیکەی ئەمەریکا برینداربوون و هەلیکۆپتەرێک و فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازی ئەمەریکا تێکشکان و 5 هەلیکۆپتەر لە ناو ئێراندا جێهێڵران. ئەمە بە شکستێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەی کارتەر دانرا. بەڵام دواتر لە 20 ی مانگی یەکی ساڵی 1981 ئەمەریکا و ئێران لە جەزائیر بە ڕێکەوتنێک گەیشتن بۆ کۆتایی‌هێنان بە قەیرانەکە. پاش ئەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە 27ی مانگی دوازدەی ساڵی 1979 داگیرکردنی ئەفغانستانی دەستیپێکرد، لە 4ی مانگی یەکی ساڵی 1980 لە وتارێکیدا کارتەر باسی داگیرکارییەکەی سۆڤیەتی کرد و سزای ئابوری ڕاگەیاند. لە 20 ی مانگی دووی ساڵی 1980 بڕیاری بایکۆتکردنی یارییەکانی ئۆلۆمپیادی هاوینی لە مۆسکۆ ڕاگەیاند و لە 22 ی مانگی چواری هەمان ساڵ کۆمیتەی ئۆلۆمپیادی ئەمەریکا دەنگی دا بۆ بایکۆتکردنی یارییەکان، وەک پشتیوانی بۆ ناڕەزایەتییەکانی کارتەر بەرامبەر بە داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن سۆڤیەتەوە. لە 4 ی مانگی یازدەی ساڵی 1980 کارتەر لە هەڵبژاردنەکاندا بە ڕۆنەڵد ڕەیگن دۆڕا. لە 20 ی یەکی ساڵی 1981 ڕەیگن کاتژمێر 12:00 ی نیوەڕۆ دەستبەکاربوو هەمان ڕۆژ کاتژمێر 12:20 خولەکی پاشنیوەڕۆ بارمتەکانی ئێران ئازاد کران. لە 21 ی یەکی 1981 ڕۆژێک پاش دەستبەکاربوونی سەرۆک ڕۆنەڵد ڕەیگن سەرۆکی پێش خۆی جیمی کارتەری دەستنیشان کرد بڕوات بۆ ئەڵمانیا بۆ پێشوازیکردن لە بارمەتەکان. جیمی کارتەر نووسەری 32 کتێبە کە بەشێکی زۆریان هێشتا خوێنەریان هەیە. لە ساڵی 1982 ئەو بوو بە مامۆستا لە زانکۆی ئەتلانتای جۆرجیا و هەمان ساڵ ناوەندی کارتەری دامەزراند کە ناوەندێکی بێلایەن و قازانج نەویستە و سەرنج  دەخاتە سەر پرسە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکانی سیاسەتی گشتی. کاری خێرخوازی جیمی کارتەر و ڕۆزڵن هاوسەری بە دوو کەسی خێرخواز دادەنرێن، هەتا ساڵی 2020 یش هەفتەی یەک جار هەردووکیان کاری خۆبەخشیان لە ڕێکخراوی هابیتات بۆ مرۆڤایەتی دەکرد. ئەم ڕێکخراوە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە کە هاوکاری خەڵکی دەکات لە ئەمەریکا و وڵاتانی تر بۆ دروستکردنی نیشتەجێگا بۆ خۆیان. لەگەڵ ئەوەشدا کارتەر ڕۆژانی یەکشەممان لە کڵێسای باپتیستی ماراناتای شارۆچکەی پلەینس وانەبێژ بوو. لە ساڵی 2007ەوە سەرۆک کارتەر وەک ئەندامی ڕێکخراوی The Elders کە کۆمەڵێک سەرکردەی سەربەخۆی جیهانییە، کاری کردووە.   لە 10 ی مانگی دەی ساڵی 2002 لیژنەی نۆبڵ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2002 بەخشییە جیمی کارتەر لە بەرامبەر "هەوڵە بێوچانەکانی دەیان ساڵەی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتیانە بۆ ململانێ نێودەوڵەتییەکان، بۆ پێشخستنی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و بەرەوپێشبردنی ئابوری و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی." جگە لە خەڵاتی نۆبڵ بۆئاشتی کارتەر بەهۆی کارەکانی دەیان بڕوانامەی ڕێزلێنانی بەدەستهێناوە لەوانەشدا دەیان دکتۆرای فەخری لە بوارەکانی یاسا و مرۆڤایەتی لە دەیان زانکۆی جیهانی وەک زانکۆی ئۆکسفۆرد، تەل ئەڤیڤ، هەیفا، هۆنگ کۆنگ، نیویۆرک، پەنسلڤانیا و چەندین تریش، پێبەخشراوە.   دەیان مەدالیای زێڕین و خەڵاتی دیکەی بەدەست هێناوە لەوانەدا لە ساڵی 1999 مەدالیای زێڕینی سەرۆکایەتی لەلایەن سەرۆک بیڵ کڵنتن پێبەخشرا کە گەورەترین خەڵاتی سڤیلییە لە ئەمەریکا. مەدالیای زێڕینی لەلایەن ئینستتوتی نێودەوڵەتی بۆ مافی مرۆڤ  بەدەستهێنا، مەدالیای زێڕینی ماتن لوتەر کین، مەدالیای هاری تورمان بۆ خزمەتگوزاری گشتی، مەدالیای، خەڵاتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، خەڵاتی ئاشتی ئەندێرا گاندی، خەڵاتی دادپەروەری ئۆکانەر و دەیان خەڵات و مەدالیای تر. کارتەر  کە 32 پەرتوکی جۆراو جۆری نوسیوە  لەبەر ئاستی بەرزی نووسینی پەرتووکەکانی 9 جار کاندیدکراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی گرامی (Best Spoken Word Album ) و 3 جار خەڵاتەکەی بردووەتەوە. کارتەر کە باوکی و برایەکی و 2 خوشکی بە نەخۆشی شێرپەنجەی پەنکریاس گیانیان لەدەستداوە، خۆیشی تووشی شێرپەنجە بوو، بەڵام چارەسەری بۆکرا. کارتەر سێ کوڕ و کچێک و هەشت نەوەی هەیە.  لە پاش خۆی جێهێشتووە سەرچاوەکان نێوەندی کارتەر، نیوەندی میلەر، کتێبخانەی کارتەر و ئەرشیڤی نیشتمانی ئەمەریکا